فێركردنی كەم،فێربوونی زۆر

بەكر كەریم حەسەن*
دامەزرێنەری سەنگاپوور و یەكەمین سەرۆكوەزیرانی سەنگاپوور (لی كوان یو) دەلێ” وڵاتان بەپەروەردە و فێركردن دەست پێ دەكەن، منیش هەر ئەوەم كرد كە دەسەڵاتم گرتە دەست لە وڵاتێكی زۆر هەژارو وێران. گەر باسی چیرۆكی سەركەوتنی سەنگاپوور بكەین لە ماوەی كەمتر لە (٥۰) پەنجا ساڵ لە دوورگەیەكی هەژار و وێران و زۆربەی دانیشتوانەكەی نەخوێندەوار بوون، دوای ئەوەی لە ساڵی ۱۹٦٥ سەربەخۆیی وەرگرت و لە مالیزیا جیابوەوە، لەلایەن(لی كوان یو) كەیەكەمین سەرۆك وەزیران بوو دركی بەوە كرد كە تەنها پەروەردە و فێركردن تاكەچارەسەرە بۆ ئەوەی زاڵ بێت بە سەر سەرجەم كێشە و گرفتەكانی كۆمەڵگەی سەنگاپوری، بێگومان هەرواشی كرد سیستەمێكی پەروەردە و فێركردنتۆكمەی دامەزراند، كە هەردەم بەڕێوەبەر و مامۆستا ئاست بەرز و تواناكان لەو سیستەمەدا ڕۆلیان بینی و دیدگا و ڕوئیایەكی دوورمەودایان نەخشاند، كەگرنگی زۆر بەڕاهێنان و شیاندنی بەڕێوەبەر و مامۆستایان دا و پرۆگرامەكانیان سەر لە نوێ داڕشتەوە بە شێوەیەكی زۆر باش و گونجاو لەگەڵ رێگاكانی وانە ووتنەوە و پێوانە و هەڵسەنگاندن.
حكوومەتی سەنگاپوری چەندەها جار چاكسازی باشیان ئەنجامدا گرنگترینیان لە ساڵی ۱۹۹۷ بوو ناویان نا (قوتابخانەكانی بیركردنەوە) كە لەو جۆرەدا جەختیان كردەوە لەسەر (چۆنیەتی تازە لە مامۆستایەتی، سەربەخۆیی قوتابخانەكان، ڕەت كردنەوەی پشكنین، دابەشكردنی قوتابخانەكان بە سەر چوار كۆمەڵەدا)، هەروەها لە ساڵی ۲۰۰٦ چاكسازی تری ئەنجامدا بە ناوی (فێركردنی كەم، فێربوونی زۆر) لەسەر ئەو چاكسازییە لە ساڵانی رابردوودا وتارم لە سەری نوسیوە و بڵاوكراوەتەوە، كە لە ئەنجامی ئەو دوو چاكسازییە سەنگاپوور توانی سەركەوتنی گەورە تۆمار بكات و لە تاقی كردنەوەی نێودەوڵەتییەكان لەڕیزەكانی پێشەوە بێت، بێگومان لەسەنگاپوور سەرجەم مامۆستایان دەبێ پەیوەندی بكەن بە (پەیمانگای فێركردنی نیشتمانی) و چاودێرییان دەكرێت بۆ ماوەی (۳)سێ ساڵ كە لەوێوە شارەزایی و توانایی و پسپۆڕی و رۆڵی سەركردەیی دەبینن و بەردەوام بەشدارییان پێ دەكرێت لە خولەكانی ڕاهێنان و شیاندن و رێگایان پێ نادرێت كۆچ بكەن و وازبهێنن و بڕۆن بۆ دەرەوەی ولات، وەبەڕێوەبەری قوتابخانەكان بەشداری دەكەن لە بڕیارەكانی پەروەردەیی و كارگێڕی و تایبەت بەپرۆگرام و بابەتەكانی تر بە هاوكاری و لەژێر سەرپەرشتی ئەنجومەنی پەروەردە و فێركردنی ناوچەكە.
بێگومان ئەو سیستەمە بە هێزە بوو توانی سەنگاپوور گەشە پێبدات لە رووی ئابوری كۆمەڵایەتی و پیشەسازی و هتد. كە ئێستا یەكێكە لە وڵاتە دەوڵەمەند و پێشكەوتووەكانی ئاسیا و جیهان، وە من لێرەدا مەبەستمە سوود لە ئەزموونی شارەزایی چەندەها ساڵەی سەنگاپوور وەربگرین و ئەویش بەوەی ئەزموونی ئەوان دیراسە بكەین و سوودی لێ وەربگرین بۆ هاندان و بەرەوپێش خستنی و چاكسازی لە ئەزموونی خۆمان لەڕووی پەروەردە و فێركردن، لە ئەنجامی بەدواداچوون و دیراسەت كردنم بۆ چەندەها ئەزموونی پەروەردە و فێركردنی وڵاتان چەند پێشنیارێك دەخەمە بەر دیدی حكوومەتی هەرێم و بە تایبەت جەنابی وەزیری پەروەردە كە بتوانین لە داهاتوودا زیاتر پەرە بەپەروەردە و فێركردن بدەین لە كوردستان، كە بێگومان هەر پەرەسەندن و گەشە سەندنێك
لەپەروەردە و فێركردن لە ئەنجامدا گەشە سەندنی ئابوری
و كۆمەڵایەتی و بنیات نانی مرۆڤی باشی لێ دێتە كایەوە. كە بە كورتی ئاماژە بە هەندێ خاڵ دەدەم.

۱-پێداچوونەوە بە كۆی هەیكەلیەتی سیستەمی پەروەردە و فێركردن و سەربەخۆیی زیاتر بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان و لە هەمان كاتیشدا چاودێرییەكی بەردەوام هەبێت لەسەر كۆی بەڕێوەبەرایەتیەكان، ئەوەش زیاتر هانیان دەدات بۆ
كێبڕكێ و داهێنان و كاری باشتر.
۲- دامەزراندنی سیستەمی نوێی سەرپەرشتیاری كەڕاپەرموون و متمانە بێت لە سەرگیانی داهێنان و كاری زیاتر و هەبوونی هەگبەی سەرپەرشتیاری.
۳- دووبارە راهێنان و شیاندنی سەرجەم مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەكان، كە بەرنامەی راهێنانەكان لە زانكۆكانی كوردستان و لەلایەن كەسانی شارەزا و ئەكادیمی و پسپۆڕ ئەنجام بدرێن، وە دانانی بەڕێوەبەری قوتابخانەكان لە سەركۆمەلێ پێوەر و بنەما بێت و ساڵانە بەدوا داچوون بۆ توانایی و شارەزایی بەڕێوەبەرەكان هەبێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت و كاریش بە ئەنجامەكەی بكرێت.
٤- دامەزراندنی سیستەمی پادداشت و سزا بە تایبەتی پادداشتی دارایی و مەعنەوی بۆ مامۆستا و بەڕێوەبەرەكان هەبێت لەسەر ئەنجامی رێژەی دەرچوون و كۆمەلێ بنەمای تر، نەك هەڵسەنگاندنی پەیوەندی كەسی.
٥- پێداچوونەوە بەو جۆرە شێوازەی ئێستای ئەزموونەكانی پۆڵی دوازدە بەگشتی و هێنانەكایەی شێوازی (٥۰)نمرە پرسیاری بابەتی و(٥۰)نمرەش هەڵبژاردن، چونكە ئەو شێوازەی (۱۰۰)نمرە هەڵبژاردنە دەتوانم بلێم بەرچاومان لێل بووە و تواناكانی قوتابیانیش
وون بوونە، وە رێگەی گزیكردنیش فراونترە.
٦- پێداچوونەوە و گۆڕانكاری لە پرۆگرامەكانی خوێندن و گرنگی زیاتر بە بابەتی ڕەوشتی بەها كۆمەڵایەتییە و كارامەییەكانی ژیان بدرێت لە قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی بە شێوەیەكی چڕ تر.
۷-دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی كارا لە وەزارەتی پەروەردە بۆ بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی پەروەردە و پەروەردەی قەزاكان لەسەر ئەدای كاركردنیان و ئەنجامەكانیان بەگشتی لە هەموو ڕوویەكەوە، ساڵانە ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندن بڵاوبكەنەوە لەسەر ئەو ڕاپۆرتەش ئەدای بەڕێوەبەری قوتابخانەكان و سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەری پەروەردەكان هەڵسەنگاندیان بۆ بكرێت، پێویستە سەرجەمیان هەگبەی پەروەردەییان هەبێت، ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ووردكاری زۆرە.
۸- قوتابخانەكان خاڵی پێشەوەی پرۆسەی پەروەردە
و فێركردنن، گرنگی زۆر بە قوتابخانەكان بدرێت لە هەموو ڕوویەكەوە، بەتایبەتی دانانی بەڕێوەبەر كە خاڵی وەرچەرخان و بەهێز و لاوازی پرۆسەكەیە، ناكرێ چاوپۆشی لەبەڕێوەبەری ناشیاو بكرێ، چونكە بەرپرسیاریەتی پاشەڕۆی كۆمەڵگە و وڵات لە ئەستۆی
بەڕێوەبەرە.
هیوادارم بتوانین لە وتارەكانی داهاتوودا بەپاڵپشتی
خوای گەورە، درێژە پێدەر و تەواوكەری ئەو وتارە تەواو
بكەین.

ھەواڵی زیاتر