پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی و کاریگەری لەسەر هۆشیاری تاک

د.ڤیان سلێمان

پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە پرۆسە کۆمەڵایەتییە بەردەوامەکان، لە هەموو کۆمەڵگە مرۆییەکاندا بوونی هەیە و کار لەسەر کەسایەتی تاک لە هەموو ڕووەکانەوە دەکات. کەناڵەکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆرن کاریگەریشیان لەسەر تاک ڕێژەییەو لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر و لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر ئاستی کاریگەریان دەگۆڕێت، بۆ نمونە لە ئێستادا و لەسەردەمی تەکنەلۆژیا، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کەناڵێکی هەرە گرنگی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیین، ئەمە لەکاتێکدایە پێش چەند دەیەیەک ئەم کەناڵە بوونی نەبووە.
پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی پرۆسەیەکە لەگەڵ لەدایکبوونی هەر تاکێکدا دەستپێدەکات و بەدرێژایی ژیانی بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەک سەرەتا مرۆڤ پەروەردە دەکرێت و پێدەگەیەنرێت دواتر و لە قۆناغەکانی دیکەی تەمەن خۆی دەبێتە پەروەردەکار و پێگەیەنەر، پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی دەروونییە بۆ گۆڕینی مرۆڤ لە ڕەگەزێکی بایەلۆژییەوە بۆ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی کە توانای کارلێک و تێکەڵاوی لەگەڵ تاکەکانی دیکە و ژیانکردنی لەگەڵیان هەبێ.
منداڵ كە لەدایك دەبێت بونەوەرێكی بایەلۆژییە، بەڵام لە ڕێگەی پرۆسەی بە كۆمەڵایەتیكردنەوە زانیاری و لێزانی دەربارەی كولتور و ژیانی دەوروبەری پەیدا دەکات، گرنگترین و یەکەمین کەناڵی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی خێزانە، تاک لە خێزانەوە دێتە دنیاوەو پەروەردە دەکرێت و بەژیان و کۆمەڵگە دەناسرێت، لە ساڵەکانی سەرەتای تەمەن خێزان بە تەنها پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوونی منداڵ بەڕێوەدەبات و تاک لە خێزانەوە فێری زمان و ڕەفتار و بەها ئاکاری و کۆمەڵایەتییەکان دەبێت.
منداڵ ئازاد نییە لەوەی کە لە چی خێزان و ژینگەیەک دێتە دونیاوە و چی پەروەردەیەک وەردەگرێت، بە تایبەت پێنج ساڵی سەرەتای تەمەن، کە وەک دەڵێن ڕەنگڕێژی تەواوی کەسێتی مرۆڤ بۆ درێژایی ژیانی دەکات، ئەوەیش کاریگەری هەیە لەوەی لە گەورەبووندا چی جۆرە کەسێکی لێ دەردەچێ و چۆن مرۆڤێک دەبێت و تێگەیشتنی بۆ پرسەکانی ژیان و بەها مرۆڤایەتییەکان چۆنە؟. بەوشێوەیەش خێزان یەکەمین و سەرەکیترین کەناڵە لە پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییدا، دواتر لە ڕێگەی کەناڵەکانی دیکەی وەک خزم و هاوڕێ و دراوسێ و قوتابخانە و ئایین و دەزگا حکومییەکان و ڕاگەیاندنەکان و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی درێژە بەم پرۆسەیە دەدرێت.
دەتوانم بڵێم زۆرینەی ئەو کێشانەی لە ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤدا ڕووبەڕووی دەبنەوە بەرهەمی نائاگایی و ناهۆشیارییە، ئەم ناهۆشیارییەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ناڕێکی لە پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییدا، خێزان کە بێ بەرنامە و پلان منداڵ بەدنیا دەهێنێ و گرنگی تەواوی پێنادات، یاخود تەنها گرنگی بەلایەنی فسیولۆجی منداڵ دەدرێ و لایەنی دەروونی و مەعنەوی و هۆشەکی فەرامۆش دەکرێ، یان تەنها گرنگی بە نمرەی بەرز و پێگەیاندن بۆ گرتنەدەستی کارێک دەدرێ و چاندنی بەها باڵاکان لە هەست و دەرونی منداڵ گرنگی پێویستی پێنادرێت، یاخود لەسەر بنەمای پەروەردەیەکی ڕەگەزی بۆ هەریەکە لە کچ و کوڕەکان پەروەردەیەکی جیا و دوور لە بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی دەگیرێتەبەر، لە ئاکامی ئەوەش ڕەگەزێک خۆسەپێن و خۆبەگەورەزان و توندوتیژ و ڕەگەزێکیش وابەستە و متمانەبەخۆنەبوو باردەهێنن، بەوپێیەش تاکی ناهۆشیار بە ئاکامە نەرێنییەکانی توندوتیژی و فەلسەفەی ژیان دێتە بەرهەم.
بەشێکی دیکەی بەرهەمهاتنی مرۆڤی ناهۆشیار پەیوەندی بە سیستەمی پەروەردە هەیە، کە بەهەمان شێوە ناتوانێ ببێتە ئەو کەناڵەی هەڵەکانی خێزان ڕاست بکاتەوە و پەروەردەی تاک بە ئاڕاستەی دروستدا ببات، بێگومان کەناڵەکانی دیکەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیش بەهەمان شێوە هەریەکە بە ئاستێک بەرپرسیارن لە پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی.
تاکێکی ساخلەم، یان هۆشیار و متمانەبەخۆبوو بەرهەمی پرۆسەیەکی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی ساخلەمە کە هەریەکە لە خێزان و ناوەندە پەروەردەییەکان و کەناڵەکانی دیکەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی لە قۆناغەکانی پەروەردە و پێگەیاندندا بەباشی بە ڕۆڵی خۆیان هەستاون و یارمەتیدەربوون لەوەی بنەما دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی تاک بە ڕێڕەوی درووستدا بڕۆن و گەشە بکەن، بەوشێوەیەش تاکێک پێدەگەیەنرێت کە بە ئاسانی ناکەونە ژێر کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەکنەلۆژیا، تاوان و توندوتیژی ئەنجام نادات، دەزانێت کە بەختەوەری لە ڕێزگرتن و بەخشین و هاوکاری مرۆڤەکانی دیکە، خۆشەویستی نیشتمان و پاراستنی سامانی گشتی، ژینگە دۆستی و هەموو ئەو ئامانجە باڵایانەدایە کە مرۆڤایەتی پێش دەخەن.

ھەواڵی زیاتر