زكری موسا
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو باشترین و خاوێنترین هەڵبژاردنی مێژووی عێراقە. ئەو ڕاستیە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوڕوپا و ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەکان پشتڕاست کراوەتەوە.
لەم هەڵبژاردنە بەشێکی هێزە سیاسیەکان براوە بوون و ئەو بەشەی
حوکمڕانی موتلەق و چەکیان بە دەستە دۆڕاوی هەڵبژاردنەکە بوون. گرفتەکە ئەوەیە حوکمڕانانی موتلەقی عێراق کە دۆڕان نایانەوێ وا
بە ئاسانی دەسەڵات بەجێ بهێڵن یان لانیکەم ببنە بەشێکی دەسەڵات.
دوای هەڵبژاردن هەموو هەوڵەکانیان لەپێناو ئەوە بوو بە هیچ شێوەیەک دانیشتنی پارلەمان نەکرێت و پڕۆسەی هەڵبژاردن پووچەڵ
و بێمانا ببێت. دانیشتنی یەکەمی پارلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژاردنی لە مردن ڕزگار کرد.
ئێستاش زۆربەی هەوڵەکان بۆ ئەوەیە دەرئەنجامی هەڵبژاردن و
ویستی هاووڵاتیان لە مانا بخەن و کڵێشە و یاریی جۆراوجۆر بەسەر پڕۆسەکەدا بسەپێنن.
لەو میانەدا دادگای فیدڕال وەک ئامرازێکی سیاسییە لەدەستی دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن و هەرجارەو بە بیانوویەک کۆسپ لەبەردەم هەنگاوە دەستوورییەکان دروست دەکەن.
خستنەپاڵی تۆمەتی گەندەڵی و لابردنی هۆشیار زێباری کاتی خۆی بڕیارێکی سیاسی ی نەیارانی کورد بوو.
لە ڕاستیدا ئەگەر گەندەڵ و نالایقێک لە عێراقدا هەبێت ئەوانەن کە دۆڕاوی هەڵبژاردن بوون و خەڵک سزایانی دا.
لە هەژدە ساڵی ڕابردوو عێراق یەک تریلیۆن دۆلار داهاتی هەبووە کەچی لەو ماوەیە یەک قوتابخانە و یەک ڕێگا و یەک پرد لە پارێزگاکانی شیعەنشینی عێراق دروست نەکراوە و دەوڵەتی عێراق لەژێر سایەی حوکمی دۆڕاوەکان بۆتە سەر لیستی دەوڵەتانی گەندەڵی جیهان.
لە سەردەمی حوکمڕانیی دۆڕاوانی هەڵبژاردندا هەشتا ملیار دۆلار بۆ کارەبا تەرەخان کرا کەچی نە کارەبا هەیە و نە پارەکە دیارە. لەو ئاشووب و بێنرخکردنی پرۆسەی سیاسیدا کە ئێستا لە ئارادایە هەموو شتێک بوونی هەیە تەنیا یەک شتی جەوهەری بوونی نییە ئەویش دەنگ و ئیرادەی دەنگدەرانە.