ژانی بینیین

حیات مجید

هەڵبەتە لەم سەردەمەدا هەر لە ژوورەکانمانەوە هەتا سەر شەقام وبگرە هەر شوێنێک، شک نابەی بێ مرۆڤ بێت، بێ چاو بێ، لێرەدا بە دروستی بیڵێم نەک تەنها چاوێک بەڵکو بە دەیان چاو بە سەدان بەدی ئەکرێ لە هەرهەنگاوێکدا، ئەم چاوانەش تەنها بینایی دییەمان نییە بەڵکو بینایی دووهمە كه کامێرایە.
ئەم کامێرایە لە ئایپادت مناڵێکەوە هەتا مۆبایلی دەستی گەنجێک تا کامێرای دەستی رۆژنامەنووسێک کە رووماڵی رووداوە جیاوازەکانی رۆژ دەکات، هەموویان لە توانایاندا هەیە بە فرە چەشن وێنە و وێنە جوڵاوەکان بگرن و پەخشی بکەن.
ئەمە تا ئێرە رەنگە ئاسایی بیت ئافرەتێک رۆژانەی خۆی یاداشت بکا لە رێگەی سناپەوە، ئایا بۆ خۆی بێ یا بۆ شێرکردن بیت لەگەڵ دەستە خوشک و هاورێکانی، یاخود یووتووبەرێک بە شێوەی جیاواز و رێگەی جیاواز خۆی زۆربەی جموجووڵەکانی ژیانی لەگەل خەڵکدا هاوبەشی پێ ئەکات.
چۆن و چی ئەکا ئەمیش زور کەسییە، ئەگەر ئەم کەسیتیهش زەرەری بۆ تاک و کۆمەڵگه نەبێت و بە رێگەی لادان نەبات و تۆوی خراپ لەناو هزرو مێشکی فەلەوەرسەکانی نەچێنێت بۆ نا ئەمەش ئاساییە. ئەمانەو زور شتی تریش لای من و تۆی بینەر ئاسایین کە رۆژانە دێتە بەر دیدهمان و تێیئەپەرێنین هەر چەشنێ بێ، هەرچەندە زۆربەی گرتە و ڤیدۆكانی ئەمرۆ کە پەخش دەکرێ لە کەسیەوە بگرە هەتا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ساحەی میدیا، ئەوەندەی کاریگەری خراپیان هەبووە ئەوەندە نەبوونەتە فریادرەس بۆ کێشە و ئاریشە زۆرەکانی کۆمەڵگە، بگرە زۆربەی خەڵک ماندوە بەدەست هەواڵی بێ بنەما و بەرنامەی بێ بەرنامەوە، هەر لە زۆر شتی گاڵتە ئامێزەوە و توانجی لابەلا و درامای بێ کەلتور کە زۆر دوورە لە نەریت و کەلتور و دینی ئێمەوە، ئەمانە هەتا شکاندنی شێرەبەفرینە. هەموو ئەمانە بۆ خۆیان ژانن کە رەنگە دەیان و سەدان کەسی تریش ئاماژەی پێدابیت و لەسەری نوسیبێت ولەسەری وتبێت و تا رادەیەک سەری بۆ لەقا بێت بەس جێبەجێ نەکرابێت پێشنیار و بۆچوونەکانی. ئەوەی مەبەستمە بیڵێم، لێرە خەمێکی ترە لەپاڵ سەدان خەم، کە رەنگە زۆربەمان بەجۆرێک هەستمان پێکردبێت و ویژدانمان زرمەیەکی بەرکەوتبێت بەس هەر ئەو کاتە بووە و رۆشتوە، بەڵام ناراستەوخۆ لە هزرمان ماوەتەوە، رەنگە بۆ هەندێکیش پێچەوانە بێ.
بەڵام لەدوای ئەوەش هەرلەبەرچاومە ئەو
گرتانەی کە قوڵبوونەتەوە لە چاو و رۆحما بە مانای قوڵی ئازاربەخش، یەکێک لەو گرتانە کە ئازاربەخشە بۆ منێکی ژن کە کامێرا ئەخرێتە سەر تەپڵە سەری ئافرەتێک کە قژی ئەرنێتەوە بۆ لەدەستدانی ئازیزێکی، چەند بە ئازارە، ئازاری ئەو ژنە خاوەن شیوەنە، ئەوەندەش بە ئازارە کە رۆژنامەنوسێک بەو چەشنە رووماڵی هەواڵ ئەکات لە ناوەندەی پرسەدا، ئەوجا پرسەی ژنانیش رووماڵ
ئەکا، کێ زورترین چەپۆک لە خۆی بدات ئەوە زۆرتر ئەکەوێتە بەر زوومی کامێراکە، ئەم جۆرە گرتانە کاریگەری نەرێنیان هەیە لەسەر دەروونی تاک بە تاکمان.
راستە هەر کەناڵێک پۆڵیسی خۆی هەیە لە پەخشکردن و گواستنەوەی هەواڵ و رووماڵکردن، بەڵام پێویستە لەگەڵ ئەمەشدا سانسۆر هەبێ لەسەر ئەم جۆرە پەخشانە، تا لەوەزیاتر دەروونی کۆمەڵگه ماندوو نەکەن، کۆمهڵگه خۆی ماندووە و بەدەست دەیان کێشەی بەردەوامەوە ئەناڵێنێ

ھەواڵی زیاتر