هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وشە وای گوت

د.سالار عوسمان

لە ڕواندز
لە چلەی مامۆستا زرار چیمان گوت ؟!..
لەوێ، لە ڕواندز، لە رێوڕەســـمی چلەی مامۆستا زرار محەممەد مستەفا 2021-19٣7، وتاری وەزارەتی ڕۆشـــنبیری و لاوان – مان پێشکەش کرد، وێـــڕای دووپاتکردنەوەی پەرۆشـــی و غەمگینـــی وەزارەت بۆ دواکۆچی مامۆســـتا زرار، ئـــەو هونەرمەندە میوزیکژەنە شـــانۆکارە شـــێوەکارە پەروەردەکارە ڕابەرەی، کە بۆ ئەوانی تر ژیا نەک بۆ خۆی، باسمان لە: -بایـــەخ و گرنگیی هونەر کـــرد، تایبەت بۆ نەتەوەی بێ دەوڵەت و گەلی
دەوردراو بە هەڕەشە و کێشە. – باســـی ئەوەمان کـــرد، کە هونەر ڕووناکییە، هێزە، چارەســـەرە، ژیان دەگۆڕێت و وەرچەرخان دروست دەکات. -باســـی ئەوەمان کـــرد هونەر و کەلتـــوور کۆکـــەرەوەن و هەمووان کۆ دەکەنەوە، هەروەها باســـی ئەوەشـــمان کرد، هەرێمی کوردســـتان، کە ســـیخناخە بە ململانێی سیاســـی و ململانێکان جیـــاوازی و کەرتبوون دروســـت دەکەن، کەلتوور چەتری کۆکـــەرەوەی هەموو جیاوازییەکانە و جۆرێکە لە چارەسەر. -هەر لەو وتارەدا باســـی ئەوەمان کرد، کە سیاســـییەکان و بەشێک لە حزبـــەکان، لە بەر ئەوەی قودرەتی بینینی نیشـــتیمانیان نییە و چکۆڵە دەبینـــن، ناتوانن گەورەیـــی هونەر ببینن، ناتوانن لـــە ڕۆڵ و نەخش و گەورەیی هونەر تێبگەن، بۆیە بەرخوردێکی ڕاگوزەریی ناقووڵ و ناماقووڵ لەگەڵ هونەردا دەکەن و بگرە هەندێکیان هونەر بە عەیبە وشـــوورەییش دەزانن!.. -بایەخدان و پیتەدان بە هونەر بەشێکی تری وتارەکە بوو، زۆر ڕاشکاوانە باسی ئەوەمان کرد، کە وەک پێویست بایەخ بە هونەر نادرێت و ئەمەیش بۆ خۆی گرفتێکە و دەبێ چارەسەر بکرێ، چونکە بایەخنەدان بە هونەر، ڕێـــک وەک ئەوە وایە دژی ڕووناکی بیت، دژی جوانییەکانی ژیان بیت و نەتەوێت کۆمەڵگە ئارام بێت!.. -هەر لێرەدا چەند پاتی دەکەینەوە، کەلتوور و هونەر چارەســـەرە، هێز و ڕووناکییە و دەبێ سیاسییەکان بێنە پێش و ئەو کەمبایەخییە چارەسەر بکەن. -دوماهی دەمەوێ ئاماژە بە دوو داوای خانەوادەی قەدرگرانی مامۆســـتا زرار بکەم، کە لە نێو وتاری خانەوادەدا داوایان کرد، یەکەم: پەیکەرێک بۆ مامۆستا زرار بکرێت و، دووەم: هۆڵەکەیش بە ناوی مامۆستا زرارەوە بکرێت، لێرەوە پێیان دەڵێین: هەردوو داواکەتان بەسەرچاو و جێبەجێی
دەکەین