پەروەردە و فێركردن ؛ دوو پرۆسەی ھەرە پیرۆز و شكۆمەند

بەكر كەریم حەسەن

دوای پارووە نان، یەكەمین پێدوایستی میڵەتان پەروەردەیە، ئەمە وتەی گەورە شۆڕشگێری فەرەنسی (جۆرج دانتون)ە كە لە هەمان كاتدا پارێزەر و وتاربێژی توانای فەرەنسی بوو.
گومانی تێدا نییە پەروەردە پرۆسەیەكی هەرە پێویستە بۆ ژیانی تاكەكان و كۆمەڵگە بە گشتی كە لە پەروەردەوە هەموو هەنگاوەكانی بیناتنانی تاك و كۆمەڵگە و وڵات دەست پێ دەكات.
كە لە سەرەتادا چۆن بتوانین لە ناخی تاكەكان پەروەردەیەكی تەندروست و متوربەكراو بە خۆشەویستی و متووبوون بۆ خۆشەویستی خاك و نیشتمان و لە ناخی منداڵەكان و قوتابیان چەكەرە بكەین كە لەگەڵ گەورەبوونیان ئەو هەستە گەورەتر بێت و نەتوانێ هەرگیز دەست بەرداری بێت، بەڵكو زیاتر و زیاتر لە ناخی لە هەڵسوكەوتی و لە كردار و گوفتاری ڕەنگ بداتەوە، لە هەمانكاتیشدا بیكاتە سەرمەشقی كارەكانی و نەوە دوای نەوە بتوانێ ئەو هەستە بە جۆش و خرۆش و گەرم و گورییەوە بیگوازێتەوە بۆ نەوەكانی تر، وەكو ئەمانەتێكی مرۆڤایەتی و پێداویستی ژیان و سەرەتای پەروەردەیەكی راستاڵ (تەندروست)، بۆیە هەردەم پەروەردە و فێركردن چەكێكی بەهێز بووە بۆ بنیاتنان و دروستكردنی شارستانیەت و نەتەوەكان و هەڵسانەوەی میڵەتان، پاراستنیان لە هەموو تەنگژەیەك و تەنگ و چەڵەمە و دەستدرێژییەك، هەر ئەوەش وڵاتانی پێشكەتوو جیا دەكاتەوە لە وڵاتانی تری بە جێماو، كە هەردەم وڵاتە پێشكەوتووەكان گرنگی و بایەخی زۆر بە پەروەردە و فێركردن دەدەن لە هەموو ڕوویەكەوە بوونەتە سەرقافڵەی وڵاتانی جیهان لە زۆربەی زۆری لایەنە دیارەكان، ئەوەش لە ئەنجامی درکكردن و هەستكردنی سەركردایەتیی ئەو وڵاتانە دێت كە باوەڕی قووڵ و تەواویان بەوە هەیە كە پەروەردە و فێركردن هەردەم بەردی بناغەن لە هەستانەوە و پەرەو پێشبردنی وڵاتانەكانیان،
هەنگاوێكی بنچینەیی تۆكمەیە بۆ بنیاتنانی پاشە رۆژێكی پڕشنگدار
بۆ میڵەت و وڵاتەكانیان، چونكە هەمیشە پەروەردە و فێركردن شكۆمەندترین و پیرۆزترین پرۆسەن لەسەر گۆی زەوی و هەر ئەوەش دەبێتە پاڵنەر و سەرخستنی كۆی پرۆسەكانی تری وڵات.
بۆیە لە بیرمان نەچێت گەر بگەڕێەوە دواوە و بۆ چەندەها ساڵ بە خێرایی تەماشای مێژووی چەند وڵاتێك بكەین كە پێشتر وێران و كەلاوە بوونە لە هەژاری و بێ كاری دەیان نالاند، چەند سالێكە ئەم وڵاتانە لە وڵاتە هەرە پێشكەوتووەكانی جیهانن لە هەموو ڕوویەكەوە، دەبینین ئەزموونی ئەو وڵاتانە لە پەروەردەوە دەستیان پێ كرد و پەروەردە و فێركردن لە ئەركە هەرە لە پێشینەكانیان بووە و بۆتە سەرچاوەی بنیاتنان و خاڵی وەرچەرخانی گەشەكردنی وڵاتەكانیان، نموونەی ئەو وڵاتانە زۆرن كە لە كیشوەری ئاسیا كە كوردستانیش دەكەوێتە هەمان كیشوەر وڵاتانی (سەنگاپورە، كۆریای باشور، ژاپۆن، مالیزیا…..)، وڵاتانی عەرەبی (ئیماراتی عەرەبی، قەتەر، ئوردن، لوبنان…)، وڵاتانی ئەوروپی (فنلەندا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، هۆڵەندا…).
بۆیە ئەزموونی ئەو وڵاتانە بە تایبەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا
زۆر گرنگە سوودیان لێ ببینرێ بۆ هەرێمی كوردستان، كە چۆن دەستیان پێكردووە و بە پلانی دیراسەت كراو بۆماوەی چەندەها ساڵ و روئیا و دیدگایان چۆن بووە لە سەر كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن؟ بە هەموو وردەكارییەكانەوە لە ڕووی پڕۆگرامەكان و ئەزموونەكان و مامۆستا و قوتابی و كارگێڕی قوتابخانەكان و كارگێڕی پەروەردەیی و ڕاهێنان و مەشق بە گشتی و پسپۆڕیەتی لە ئەركەكان و بەرپرسیاریەتیدا لە كۆی بەرپرسیاریەتیەكانی پەروەردە و فێركردن.
لە وتارەكانی داهاتوودا وردتر باسی دەكەین بە پاڵپشتی خوای گەورە

ھەواڵی زیاتر