كیشوەری سۆشیاڵ میدیا چۆن رێكخەین بە تەكنیك یان ئیتیك ؟

پ.ی.د. نەزاكەت حسین

لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکەم فۆڕمی سۆشیاڵ میدیا بەتایبەتی و، بەتایبەتی تریش دوای هاتنە ئارای فەیسبووک، باس و خواسی رێکخستنی و چۆنیەتی خۆپارێزی لەو بابەتە ئازاربەخش و سنورشکێن و پێشێلکردنی ژیانی تایبەتانەی تیایدا گوزەردەکەن گەرم بوو. جگە لەوەی ناوەندی ئەکادیمی و کۆنفرانسە زانستیەکانی داپۆشیوە، گرفتەکە زۆرتر لەوەوە سەریهەڵدا کەئەم تەکنیکە بەیەکسانی بەسەرجەم جیهاندا و بەیەکسانی دەرفەتی دەست کەوتن و بەکارهێنان لەلایەن هەمووکەسێکەوە لەهەرئاستیکی کۆمەڵایەتی و خوێندەواری و زانستی بێت، تەنها بتوانێت مۆبایل یان کۆمپیتەر بەکاربهێنێت. بە بێ هیچ شارەزایی و ئامادەسازییەکی پەروەردەیی و یاسایی و کەلتوری لەلایەن زۆربەی کۆمەڵگاکانەوە بۆ پێشوازی و مامەڵە لەگەڵ ئەم ئامراز و تەکنیکانە، وەک فەیلەسوفی سەردەم، یۆڤا نوح هەراری، دەڵێت”ئێمە ئێستا هەموومان لەیەک کیشوەردەژین، ئەو کیشەوەرەش ناوی سۆشیاڵ میدیایە.” کەواتە جیۆگرافیش ئێمەی گۆڕی و نزیکی کردینەوە لەیەک، بەپێی تازەترین داتا ۳.٩٦ ملیار خەڵک لەئێستادا لەناو ئەم کیشەوەرەی سۆشیاڵ میدیان، کەیسپەک سروشت و یەک دەرفەتی رەخساوی هەیە بۆ هەمووان. گرفتەکە ئەوەیە ئەم جیهانە دروست بووە جیهانێکی نەبینراوی گریمانەییە، نەیاساکانی زەوی نەیاساکانی ئاسمانی تێدا نیە، نەپۆلیس نەدەرگەوان بوونی نیە تیایدا. خۆی گریمانەیە و دانیشتوانەکەش گریمانەیین، جگە لەوەش جگە لەگریمانەیی بەکارهێنەرەکانی، بواری بەشاراوەیی وەستان و بوون بۆ بەکارهێنەرانی رەخساندووە بەناوی خوازراو، دەمووچاوی خوازاو، ناونیشانی خوازراو، تەنانەت هەموو دیتەڵ و زانیاریەکانت دەتوانیت بەخوازراویی دابنێیت لەناو ئەم کیشوەری سۆشیاڵ میدیایە. ئەم دەسەڵاتەی لەم جیهانە هەیە لەلایەن حکوومەتێک یان دەسەڵاتێکی بینراو یان خوا و ئاسمانەوە نیە، بەڵکو دەسەڵاتێکە تەکنیکی سۆشیاڵ میدیا داویەتی بە ئێمەی بەکاربەرەکان، بۆیە رێکخستنیش دەبێت لەخۆمانەوە واتە لەبەکارهێنەرەکانیەوە بچێتە ناو ئەم جیهانە. ژیان لە م کیشوەرە سەرباری خۆشیەکان و بوارەکانی لەڕووی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی و زانستی و ئیتر هەربوارێک کە مرۆڤ بۆی بەکاردێنێت، بوتە سەرئێشە و ئازار و مەترسی بۆسەر ژیانی زۆرینەمان و، زیان گەیاندن بە سایکۆلۆژی و تەندروستی و کەلتووری ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی و، کۆی ناسنامەکانی ترمان. بیرکردنەوە لە چونە ناو ئەم ژیانە بۆ رێکخستنی بیرکردنەوەیە لەو رێگەیەی یان کەسەی کە دەسەڵاتی هەیە بەسەر ئەم جیهانەدا ئەوانیش دوولایەنن، لایەنی یەکەم: دەسەڵاتە تەکنیکیەکانە، ئەو شوێنەی دابین کەری ئەم تەکنیکەیە و خستویەتیە بەردەست بەکارهێنەران، ئیتر کۆمپانیاکانی دابین کاری هێڵەکانی ئینتەرنێت، یان ئیدارەی ئەم تۆڕانە و ئەو کیشوەرە گریمانەیەن. لایەنی دووەم: بەکارهێنەرەکانی سۆشیاڵ میدیا “تاکەکان” هاوڵاتی. لایەنی یەکەمیان تەکنیکی کە لەرێگەی کۆمپانیاکانی دابین کاری ئەم تۆڕانە بەیاسا بەپێی سروشتی کۆمەڵگاکان و ئەو بورانەی کە زیان دەبەخشن یان ئەو پەیامانەی ئازاردەرن داوابکرێت لەکۆمپانیاکان و ملزم بکرێن بەیاسا کە بەر لەوپەیام و دەرفەتانە بگرن کە بووەتە سەرئێشە و سەرچاوەی ئازار و مەترسی بۆ سەر تاکەکان و کۆمەڵگە و وڵاتەکان. هیچ نەبێت بتوانرێت تەکنیکی بەربگیرێت لە دەرفەتی شاراوەیی بوون و نادیاربوونی ناسنامە لەناو ئەم تۆڕانەدا، جگە لە بەرگرتن و فلتەرکردنی پەیامە ئازاربەخشەکان و سنورشکێنەکان. نموونەی ئەو بەرگرتنە تەکنیکیانە یوتیوب کە ١۰ هەزار کارمەندی داناوە بۆ فلتەرکردن و بەرگرتن لەپەیامە ئازاربەخشەکان کە نەهیڵێت بەناو یوتیوبدا برۆن و بڵاوببنەوە. ئێستا لەفەیسبوک و ئینستاگرام ۳٥ هەزار کارمەند ئیش دەکات بۆ رێگری لەپەیامە مەترسیدار و زیانبەخشەکان. هەروەها لەبەشی Sافەتی اند سەچوریتی لە Oفچۆم کە سەنتەری رێکخستنی میدیا و کۆمینیکەیشنی بەریتانیایە، نزیکی ١۰۰۰ کارمەندی هەیە مۆنیتەرینی ئەوپەیامانە دەکەن کە لەئامرازە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندنی بەریتانیا بە میدیای کۆن و نوێ تێدەپەرن. ئەڵمانیا یاسایەکی نوێی داناوە بۆ رێکخستنی سۆشیاڵ میدیا، کە کۆمپانیاکانی دابینکاری ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا لەماوەی ٢٤ کاتژمێر بابەتە خراپەکان لادەبەن.
ئەم ڕێکارە تەکنیکیانە رێگردەبێت و سەرکەوتوو دەتوانێت لەوجیهانە گریمانەیەی خولقاندویەتی دەسەڵات بەکاربهێنێت. بۆ رێکخستنی لایەنی دوەمیش ، بە ئیتیک پابەندکردنی تاکەکانیش کەبەکاربەری ئەم
فۆڕمانەی سۆشیاڵ میدیان، بۆبردنی دەسەڵاتێکی تری چاودێری و مامەڵە بۆ ناو جیهانی گریمانەیی سۆشیاڵ میدیا. ئەم ئیتیکەش بەشێکی بە پەروەردە و بەشێکی بەهۆشیاری و جگە لەئیتیکیش یاسای تر رەنگە پێویست بکات بۆ پابەندکردنی تاکەکان، بەردەوام بە پێی گەشە و بەرەوپێش چوونی دەرفەت و فۆڕمەکانی تری ئەم سۆشیاڵ میدیایە. چونکە ئەم جیهانە خولقاوە جیایە لەژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و میدیایەی کە لەوڵاتدا هەیە، گەرچی کاریگەری و تێکەڵی لەگەڵ هەریەکە لەم ژینگانە کردووە، بەڵام سروشتی خۆی جیایە بۆیە رێکاری تایبەتی خۆی دەوێت بۆ رێکخستن کەبەبڕوای من و پسپۆرانی ئەم بوارە، هەردوو رێکاری تەکنیکی و ئیتیکی
دوو رێکاری کاریگەرن لەئێستادا بەپێی سروشت و بارودۆخی هەر کۆمەڵگەیەك.

ھەواڵی زیاتر