ئاگری بێ دووكەڵ

حەمە سەعیدحەسەن

هێڵنـــج کە ڕۆمانێکی فەلســـەفیییە، یەکەمین ڕۆمانی ســـارتەرە (1905 – 1980) و 19٣8 بـــاو بووەتـــەوە، (بوون و نەبوون – وجوود و عەدەم -)یش کە یەکەمین کتێبی فەلســـەفیی ئەوە و بە ئینجیلـــی بوونگەرایی بەناوبانگە، 194٣ بـــاو بووەتەوە. کەواتە سارتەر یەکەمین جار لەڕێی ڕۆمانەوە، کە تەمەنی سی و سێ ساڵ بووە، بە فەلســـەفەی بوونگەرایی ئاشنای کردووین. (ڕۆکانتان)ی قارەمانی هێڵنج کە ســـارتەر ئەرکی گێڕانەوەیشی پێ سپاردووە، دەڵێت: “بە تەنیا دەژیم، تەنیایییەکی سامناک، قسە لەگەڵ کەسدا ناکەم.” هەر دەڵێیت یەکەمین مانیفێســـتی بوونگەرایی ڕۆکانتان دەینووسێتەوە، ئاخر سەراپای ژیانی بریتییە لە بۆشایی، بێزاری،
نائومێدی و هەستکردن بە هیچوپووچیی ژیان.
ڕۆکانتان ئەوەنـــدە نائومێدە، نەک هەر بڕوای بە هاوڕێیەتی و بە خۆشەویستی نەماوە، تەنانەت ژیانیشی لەبەر چاو کەوتووە، ئاخر بەردەوام لە هەر کوێیەک بێت هەر هێڵنج دەدات، هەموو شـــتێک قێـــزەون دەبینێت و حەز دەکات بڕشـــێتەوە. (من بۆچی هەم؟) قارەمانی ڕۆمانی هێڵنج وەڵامی ئەو پرسیارەی پێ نادرێتەوە و لە تەنیایییەکـــدا دەژی تژی لە نیگەرانی، نە بڕوای بە هیچ هەیە، نە خانەوادەی هەیە و نە ئامانج، هەر دەڵێیت لە عەدەمدا ژیان بەسەر دەبات. میلان کوندێرا دەڵێت: “ڕۆمان دونیایەک دەخوڵقێنێت، نە زانســـت دەتوانێت بیخوڵقێنێت، نە فەلسەفە،” هێڵنج دونیایەکی ئەفراندووە، تێیدا ئینســـان کەسێکە هەڵاتوو لە واقیع و بە دەست بەڵایەکەوە گیری خواردووە کە (بوون)ی خۆیەتی. هێڵنج ڕۆمانێکە
ئینسان وا ڕووت دەکاتەوە، شەرم لە بوونی خۆی بکات.
هێڵنـــج بە شـــێوازێکی جیاواز نووســـراوە، شـــێوازێک یاخی لەو فۆڕمەی ڕۆمانی پێ دەنووســـرا، زیاتر دەکەوێتە خانەی(ناڕۆمان) ەوە، وەک لەوەی ڕۆمان بێت. هێڵنج لە ڕووداو خاڵییە، هیچی تێدا ڕوو نادات، یان ڕاســـتتر هیچی ئەرێنیی تێدا ڕوو نادات و خاڵییە لە دەستپێشـــخەری و ســـەرچڵی. قارەمانی هێڵنج بڕوای بە هیچ نییە، نە بڕوای بە واقیعی ئێستا هەیە، نە دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو، نـــە بڕوای بە دیرۆک هەیە، نە بە لۆگیک، نە لە دەوروبەر ڕازییە، نە وابەســـتەی هیچە، هەموو شـــتێک ڕەت دەکاتەوە. ڕەنگە تاقە لایەنـــی ئەرێنی هێڵنج ئەوە بێت، کۆتایییەکی کراوەی هەیە کە بە
(سبەینێ باران دەبارێت) دوایی دێت، ئاخر باران شار دەشواتەوە

ھەواڵی زیاتر