هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بارزانی بەتەنھا یاری دەكات !

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەدوای پرۆسەی ڕزگاركردنی ئێراق، هەژمونی كورد لەسەر سیاسەتی ئێراق لە دروستكردنی كابینەكانی حكومەتدا بەزۆری ڕەنگی داوەتەوە. بەجۆرێك لەسەرەتای پرۆسەكەدا، هیچ كابینەیەك بەبێ ڕەزامەندی كورد دروست نەدەكرا، سەركردەكانی شیعەو سوننە دەبوا ئۆكەیی هەولێر وەرگرن، ئەوجا دەیانتوانی هەنگاوەكانی تریان بهاوێژن، واتە ڕەزامەندی هەولێر پێشمەرج بوو بۆ هەر دانوستانێك و، هەر ئەو ئۆكەیەش بڕیاری لەسەر كاندیدەكان دەدا بەسەركەوتن یان شكست!.
لەدوای ئاڵوگۆرەكانی سیاسەت و حوكمڕانی لە ئێراق و هەڵوەشاندنەوەی چەندین فۆرمی هاوپەیمانێتی و هاتنی داعش و بڕینی بودجەی كوردستان و، هاوكات لەدوای پرۆسەی ڕیفراندۆم، ئەو هەژمونە تاڕادەیەك بەرەو لاوازی ڕۆشت، بەڵام تاڵە موەكەی معاویە هەر نەچڕێنرا.
ئێستا لەدوای تێپەڕینی چەندین قۆناغ، هەروەها لەدوای ئەوەی كە
سەرجەم سیناریۆ و پێشبینییەكان بۆ لاوازكردن و لاواز پیشاندانی “پارتی دیموكراتی كوردستان” ئەو حیزبە توانی لە دوایەمین هەڵبژاردنی پەرلەماندا، ببێتە گەورەترین ” حیزب” لەئێراق لەڕووی ژمارەی دەنگی لایەنگرەكانییەوە، دیارە وەك حیزب نەك وەك ڕەوت،
كە ئاشكرایە ڕەوتی سەدر دەكەوێتە پێشییەوە.
لەئیستادا ئەو ئەنجامە كاریگەری گەورەی كردۆتە سەر پێگە و
ڕۆڵی هەولێر لە نێو پرۆسەی سیاسی ئێراقدا و، دەتوانین بەبێ خۆبەستنەوە بڵێین: سەرلەنوێ هەژمونی هەولێر گەڕاوەتەوە، سێبەری هەولێر بەسەر بەغداوە تادێ گەورەتر دەبێت، بەجۆرێك ئیستاش
وەك سەرەتای پرۆسەی سیاسی ئێراق، حیزب و كانیدەكان بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی هەولێر ناتوانن هەنگاوەكانیان بنێن.
بۆ كورد ئەوە گرنگە لەدوای ئەزمونێكی دەوڵەمەند لە شكان و هەستانەوەو بادانی مەچەك لەگەڵ هێزە ئێراقییەكاندا، ئەمجارە ئەم هەژموون و هێز و سەنگە چۆن بەكار دێنێت؟ چۆن سود لەو ئەزمونە
وەردەگرێت؟.
لەڕاستیدا وێڕای ئەوەی ئەم هەستانەوەیە دەرفەتێكی گەورە
لەبەردەمی كورددا دێنێتە پێشەوە، بەڵام هێشتا مەترسی گەورەش لەئارادان كە وادەكەن چاودێران دڵنیانەبن لەوەی كورد بتوانێت پڕ بەپێست سود لەم هەستانەوەیە وەربگرێت وبۆ بەهێزكردنی خۆی
بیقۆزێتەوە.
دیاترین خاڵی لاواز ئەمجارە، لەوەدایە كە بەرەی ناوخۆی كوردستان
یەكڕا و یەك هەڵوێست نین، ئەگەرچی یەكێتیی و پارتی لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی یان چوارچێوەیەكی پێكەوە كاركردن، بەڵام هێشتا هیچكام لەو سیغە پێشبینیكراوانە نەبووەتە دوا چوارچێوەی بڕیار لێدراوی نوسراوی مۆرو واژۆكراوی
مولزەم. هاوكات سیاسییە كوردەكانی ئیستا، لەڕووی ئەزمون و كوالێتییەوە، لەئاستی كایەكەدا نین و ئەوانەی لەبەغدا دەبنە نوێنەری كورد، لەڕاستیدا نەیانتوانیوە بەر بەهیچكام لەو ناهەقییانە بگرن كە بەرانبەر بەكورد بڕیاریان لێدراوە.
مێژوو ئەوە بەخەتی پان تۆمار دەكات كە سەرباری چەندین پۆستی سیادی و خزمەتگوزاری كورد لەبەغدا، بەڵام بەغدا موچەی خەڵكی بڕی و سیاسییە كوردەكانیش، نقەیان نەكرد و، وەك نەبایان دیبێ نەباران.
لەناو ماڵی كوردیشدا، جگەلە ” مەسعود بارزانی” كە خۆی میحوەر
و موخەزرەم و خاوەنی هەژمونێكی سیاسی و مێژووییە و هەركات بیەوێت دەتوانێت ئەو هەژمونە بۆ گۆڕینی هاوسەنگییەكانی هێز لەئێراقدا بەكاربهێنێت، ئیدی دوای كۆچی دوایی “مام جەلال تاڵەبانی” هیچ سیاسییەكی تری كورد نەیتوانیوە جێگەی بگرێتەوەو، دەستباری “مەسعود بارزانی” بكات لەو ئەركە قورس و مێژوییەدا. لەكاتێكدا بارزانی بەتەنها لەكایەكەدا وازی دەكات، گەورەترین كۆسپی بەردەمی ئەمەیە: ئایا دەتوانێت “جەلال تاڵەبانی”ییەكی نوێ بدۆزێتەوە و بینێرێتە بەغدا و شەڕەكانی كوردی بەئەمانەت پێ
بسپێرێت؟