عارف ڕوشدی
پێویستە هێزە سیاسییە براوەکانی کوردستان، تەنانەت ئەوانەی بریاری بەشدارنەبوونیان داوە لە کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵیدا، خاوەنی یەکگوتاری نیشتیمانی بن، خاڵی هەرە گرنگ بریتی بێت لە پاراستنی قەوارە و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان. بە داخەوە هەندێ دەنگ لێرەو لەوێ پێش هەر هەنگاوێک باسی پۆستی سەرۆککومار دەکەن و بەبەشی خۆیان دەزانن!
وەک ئەوە بێت کورد خەباتی کردووە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆککومار وەرگرێت!
لە کاتێکدا ئەو پۆستە چەند ساڵێکە هی ئەوانە و هیچ گرفتێکی بنەڕەتی وەکو ( ماددەی ١٤٠، بودجە، پێشمەرگە) چارەسەر نەکراون، بەڵکو ڕوژانە بە پشتیوانی هێزە فەرمی و نافەرمییەکانی دەوڵەت و بێدەنگی سەرۆککومار دەستدرێژی زیاتر دەکرێتە سەر موڵک و زەوی و زاری گەلەکەمان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم . هەق وایە ئەو راستییە بزانین ( ئەگەر هەمو پۆستەکانی عێراق هی کوردبن ) بەڵام حکوومەتی فیدڕاڵی “کە تا ئێستا هەر لەسەر کاغەز وا پێناسەکراوە”، پابەندنەبێت بە دەستوور و رێساکانی حکوومەتێکی فیدراڵییەوە، هیچ سودێکیان نابێت.
بۆیە لەم بوارەدا پارتی پێش هەر هەنگاوێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو پابەندبوونە و جێبەجێکردنی دەستور دەکات.
بەدڵنیاییەوە دەڵێم هەر کاتێک لە بەر ڕوشنایی ئەجندایەکی نیشتیمانی یەکگرتوو لەگەڵ لایەنەکانی عێراقی گەیشتنینە رێککەوتن، کێشەی دابەشکردنی پوستەکان بەربەستی نابێت.

