رەسول فەقێ ، پێشمەرگەیەك لێوان لێو لە خەبات و تێكۆشان

مستەفا خۆشناو

رەسول فەقێ خۆشناو، ئەو مرۆڤە سادە و ساکارەى عاشق بە کوردایەتى و ڕێبازى پیرۆزى بارزانى، کەوا لە تەمەنێکى زوو و هەر لە سەرەتاى لاوێتى مێشکى بە هزرو بیرى کوردایەتى جۆشدراوە و ناحەقى و ژێردەستى پێ قبول نەکراوە و هەمیشە دژى نادادپەروەرى
و ستەم و ستەمکارى بووە .
رەسول فەقێ، سەرەڕاى باوەڕى پتەوى بە ئایین پەروەرى و عیبادەتى خوداى مەزن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئایین پەروەرییەکەی نەبووە بە ڕێگر لە خەباتى کوردایەتى و پێشمەرگایەتی، ھەر بۆیە لەگەڵ یەکەم بلێسەى شۆڕشى مەزنى ئەیلول پەیوەندى بە شۆڕش دەکات و تەنانەت پێش هەڵگیرسانى شۆڕشیش ناوبراو لە سەر ڕاسپاردەى بارزانى نەمر، ئامادەکارى بۆ هەڵگیرسانى شۆڕش کردووە و چەک و کەلوپەلى سەربازى بۆ ئەم مەبەستە کۆکردووەتەوە. مام رەسول پێشمەرگەیەکى پاک و دڵسۆز و پشوو درێژ و لەخۆبردوو بووە لەناو شۆڕش، هەر ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەى ببێتە جێگاى باوەڕى بارزانى نەمر و، کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەرۆک بارزانى.
ناوبراو فەرماندەیەکى لێهاتوو و لێوەشاوەى بوارى سەربازى بووە لە لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستان و بزاڤى ڕزگارى خوازى گەلى کورد، لە هەمان کاتدا کادیرێکى چالاکى ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بووە، ئەو هەمیشە لە کۆڕو کۆبوونەوەکانى و، تەنانەت لەگەڵ میوانەکانیشیدا لە وتنەوەى وانەى کوردایەتى و باسى خەباتى پاک و پیرۆزى بارزانى نەمر ماندوو نەدەبوو، وە لەوە زیاتر هیچى ترى بەسەر زوباندا نەدەهات و هەمیشە سەربوردە و ئەزمونى خۆى لە ناو شۆڕش بۆ دەگێڕانەوە و قەت لە گێڕانەوەیان ماندوو نەدەبوو. وە هەمیشە هەوڵى داوە مێشکى گەنجانمان بە بیرى کوردایەتى بشواتەوە و زیاتر ڕایانبهێنێت و هانیان بدات بۆ تێکۆشان لە پێناو بەدیهێنانى مافە ڕەواکانى گەلەکەمان و دەستبەردار نەبوون
لە ماف و داخوازیەکانیان.
من بەش بە حاڵى خۆم کەوا ماوەیەکى زۆر پێشمەرگە و هەڤاڵ و هاوسەنگەرى مام ڕەسول بوومە ئەلف و بێى کوردایەتى لەوەوە فێر بووم و بۆ من و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانم مامۆستایەکى مەزن و پاڵپشتێکى بە هێز بووە بۆ هەڵبژاردن و گرتنە بەرى رێبازێکى پاک و بێگەردى کوردایەتى و داکۆکى کردن لە تێکۆشان لە پێناو داخوازیەکانى گەلەکەمان و وەدیهێنانى مافەڕەواکانى، بۆیە من قەزاربارى ئەم مرۆڤە مەزنەم و مام ڕەسول بۆ هەمیشە وەک مامۆستایەکى مەزنى کوردایەتى بە نەمرى لەدڵماندا دەمێنێتەوە.