ماشە ڵلای لێبێت ، چەند بەتەنگ یەكدەنگی كوردەوەن

غازی حەسەن

چەند ڕۆژێکە مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆکی عێراق، کە دەبێت کوردێکی بۆ بەربژێر بکرێت، بۆتە جێگەی مشتومڕی دەزگاکای ڕاگەیاندن و لایەنە سیاسییەکان. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە چوار ساڵە تاکڕەوانە و دوور لەڕەچاوکردنی هاودەنگی و گەڕانەوە بۆ ڕای لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە سەفقەیەکی ژێراوژێر و لەگەڵ لایەنی غەیرە کوردی (بەرهەم سالح) لەوێ دانا، ئێستا کە مەسەلەکە گەیشتۆتە مریشکە رەشە بۆ یەکدەنگی و یەکڕیزی کوردی لەبەغدا دەگریێت.
هەشیانە وەکو (ئارێز)و هەندیکی دیکە دەڵێن ئەگەر سەرۆک کۆمار یەکێتی نەبێت (ئەوە پێگەی کورد لەبەغدا زۆر بڵاو ولاواز دەکات) وەکو ئەوەی کورد تاکو ئیستا لەبەغدا زۆر یەکگرتوو بووبێت و
هیچ گرفتێکی دیکەی نەبووبێت. یەکێک نەزانێت وادەزانێت، یەکێتی لەپرۆسەکانی دیکەدا لەبەغدا ڕێزی هاودەنگی و یەکڕیزی
کوردی گرتووە، چەندین ساڵە هەندێک لە یەکێتییەکان بەئاشکراو بەڕۆژی نێوەڕۆ و بە بەرچاوی ڕاگەیاندن و لایەنەکانەوە نەک هەر لایەنگری پڕۆژە هەرێمایەتییەکانی بەهێزکردنی گروپێکی نێو حزبە شیعییەکان لەقازانجی ئێران دەکەن، بەڵکو هەندێکیان ئینکاری نەتەوەیی خۆشیان دەکەن و خۆیان بە عەشیرەتی عەرەب دەزانن. ئەم بۆچوونانە، کە کاردانەوە و تەنگەتاوییە، جێگەی بەزەییە.
ئەوەی من لەگوتاری سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و نیەتی سیاسییان گەیشتووم، پارتی داوای هەماهەنگی و دروستکردنی ڕایەکی هاوبەشی لەیەکێتی کردووە لەپێناو دانانی بەدیلێکی دیکەی ئێستای سەرۆک کۆمار.
وەکو لەڕاگەیاندراوی فەرمی یەکێتیدا ئاماژەی پێکراوە، ئەوان بێ وەرگرتنی بیروڕای ئەوانی دیکە و بێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و هاودەنگی بەرهەم ساڵحیان کاندێد کردۆتەوە و لەهەمان کاتدا کاندێدیکی دیکەشیان بەفەرمی هەیە، واتە ئەگەرەکان و گەمەکانیان بەکراوەیی هێشتۆتەوە.
مەسەلەکە ئەگەر پەیوەندی بە ڕێژەی دەنگی پارتیشەوە هەبێت، بەڵام دابڕاو نییە لەنیەت و مەرامی یەکێتی لەپێداگریان بۆ پشتگوێ خستنی داواکەی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئێمە هەموومان دەزانین بەرهەم ساڵح چۆن و بەچ شێوازێک دوور لەئیرادەی یەکگرتووی کوردی و ڕێزگرتنی یەک دەنگی و بنەماکانی یەک ماڵی کوردی و تەنیا پشتگوێ خستنی هەندێک لەدەنگەکانی ناو خودی یەکێتیش بووە سەرۆک کۆمار، ئەوەی یەکێتی و هەندێک لەکادرەکانی دەیڵێن، وەکو ئەوە وایە بیانەوێت مۆمێک لەبەردەم ڕەشەبایەکی بەهێز پێبکەن.
ئارێز عەبدوڵڵا لەبڕگەیەکی قسەکانی دەڵێت (پارتی پێ لەسەر ئەو پۆستە دادەگرێ)، (بۆ ئەوەی هەردوو هێزەکە لەترۆپکی دەسەڵات دابن) و (بەو شێوەیەش تا رادەیەک هاوسەنگی دەمێنێتەوە) بەڵام (پارتی بۆ بردنەوەی ئەو پۆستە پشتی لە یەکێتی کردو ڕوویکردەصەدر و حەلبوسی) و (بەم هەنگاوەش دەرگای چەندین ئەگەری نەخوازراو کەوتە سەر پشت) و (کار لەکار دەترازێ و پەنجە گەزتنەوەش دادنادا).
هیج یەکێک لەم قسانە ڕاستیان تێدا نییە، وەکو فیشەکە شێتە وان و بەتاریکییەوە دەنرێن.
ئەم دەستەواژانە قسەی (ئارێز عەبدوڵلا)ن، کە باسی بەرژەوەندی نیشتیمانی و پێگەی هەرێمی کوردستان و ئایندەیەکی مەترسیدار دەکات و هەڕەشە دەکات، کە ئیدی هێزی یەکێتی جێگەی گاڵتەپێکردن نییە و ئەگەر سەرۆک کۆمار بۆ بەرەهم ساڵح نەبێت (کار لەکار دەترازێت). ئەوەی پێ دادەگرێت و هەڕەشە لەئاسایش و تێکدانی هەرێم و کار لەکار ترازان دەکات، خودی یەکێتییە، کە وابزانم ئارێزیش یەکێتییە. نەک هەر ئەوە پارتی شەڕ لەسەر پێگەی سەرۆکایەتی کۆمار ناکات، بەڵام پارتی مافی خۆیەتی لەدوای (مام جەلال) بەدوای کەسایەتیەکی شایستەی گونجاوی شیاودا بگەڕێت، ئینجا ئەم کەسە یەکێتی بێت، یان هەر لایەن و کەسایەتییەکی دیکە
بێت. ئەم قسانەی یەکێتی دەیکات هەڕەشەیە و بەئاشکراش هەڕەشەیە و دەڵێن ئەم پلەیە بۆ کوردە و لە کوردیش تاپۆکراوە لەسەر یەکێتی. ئایا ئەو لایەنانەی، کە یەکێتی لەدوای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکەمایەتیان دادەنێت، پێش ئێستا چیان بۆ کورد کردووە؟ چەندە ئامادەبوون مادەی ۱٤٠ جێبەجێ بکەن؟ و حەشدەکەیان چی لەناوچە دابڕێنراوەکانی نیو مادەی ۱٤٠ کرد؟ کەرکووک لەئەنجامی ئەم عەقڵیەتە لەژێر دەسەڵاتی کورد و پێشمەرگەدەرهێنراویەوە و پێشکەشی بەعەرەبکردن کرایەوە.
ئەوەی لەگوتاری یەکێتیدا دەخوێندرێتەوە گریانە بۆ خۆی نەک بەرژەوەندی کوردستان و تەبایی و یەکدەنگی، یەکێتی زوو زوو بێ ئەوەی ئاگاداری پارتی و لایەنەکانی دیکە بکاتەوە، با دەداتەوە و لە ئیرادە و بڕیاری گشتگیری دەردەچێت، ناهەقیش نییە ئەم یەکێتییەی گوایە (تەقڵەی بەفیل لێ دەدا) ئێستا (ئارێز و هاوبیرەکانی تەقڵەی پێ لێبدەن) و وەکو گەمەی سێرک، گەمە بەئیرادەی یەکێتی و یەکێتیبوون و یەکڕیزی کورد و یەکگوتاری کوردستانی بکەن. درۆهەڵبەستن، کارێکی ئاسانە، بەڵام بڕواکردن بەدرۆ کارێکی قورسە.
ئەوەی یەکێتی بانگەشەی بۆ دەکات، هەموو خەڵک دەزانن بانگەشەیەکی لاواز و دۆڕاوە، سەرچاوەکەی لە هەستکردن بەسەرکەوتنی بەرانبەرەکەیەتی، نەک هەقانیەت و پاریزگاری لە هەقیقەت و مافەکانیان، بانگەشەیەکە بەتامی شکست، هاوپەیمانی و هاودەنگی بەمتمانە و ئیلتیزام بە بەڕێککەوتنەکان دەکرێت، نەک بادانەوە و زوو زوو گۆڕینی هەڵوێستەکان و ئیرادە دانە دەست کەسانێک، کە هیچ قازانجێک لەبوونی ئیرادەیەکی متمانەداری خاوەن بڕیاری ستراتیژی نەگۆڕ ناکەن.

ھەواڵی زیاتر