بۆچی منداڵ دەقیژینێ ؟

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

منداڵ بەسروشتی خۆی و ئەو ژینگەی گوزەری تێدا دەكات، فێری هەندێ هەڵسوكەوت و ڕەوشت و ڕەفتاری نامۆ دەبێ كە ئەگەر ژیربێژانە لێكۆڵینەوەی لەهەمبەر بكرێ، بۆت دەردەكەوێ دایك و باوك لەو بابەتە هەستارەدا فاكتەری سەرەكی دروست بوونی ئەو شتانەن، بۆ نموونە زیقە زیق و قیژەو هات و هاواری منداڵ كاتێك داوای شتێك دەكات ونایدەنێ، یان نایەوێ بەخورتی شتێك ئەنجام بدات و دەوروبەرەكەی دەیەوێ بەزۆر ناچاری ئەنجامدانی بكەن.
زانایانی دەروونناسی جەخت لەوە دەكەنەوە منداڵ هەر لەو وەختەی چاوی هەڵدێنێ و كاتێك نایەوێ شیری دایكی بخوات و دایكی بەزۆر دەیەوێ شیری خۆی پێ بدات، ئەوە سەرەتا ڕەخنەگرتنی مرۆڤە بۆ ئەو شتانەی نایەوێ بەزۆر بەسەری بسەپێنن یاخود بیانەوێ لە ئازادی خۆی، بێبەشی بكەن. هەڵبەتە ئەو ڕەخنەگرتن و كۆت و بەندی ئەو ئازادیەی لێی زەوت دەكرێ، پەیتا پەیتا لەگەڵ نەش ونماو گەشەسەندن و گەورەبوونی ئەومنداڵەدا، ئەو شتانە گەورە دەبن.
ئەو منداڵانەی ڕك لەشت دەگرن،
نایانەوێ هەموو كات بەپێی خواستی دەوروبەر بەتایبەت داخوازی دایك و باوكیان هەڵبكەن، ئەوە ئارامی دایك و باوكی گەرەكە بەهەناسەیەكی دوورو درێژەوە خۆیان لەگەڵ ئەو بارودۆخە بگونجێنن تا ئەو منداڵە ڕاستەڕێ دەبێت و بەو ژینگەی ببەستنەوە كە ئەوان بەرنامەی ژیانیان لەسەر هەڵچنیوە، بۆیە ڕوو بەڕوو بوونەوەو دژایەتیكردنی ئەو ڕەفتارانەی منداڵ پیادەی دەكات، سەرەنجام پەل بۆ ڕق و كینە دەكێشێ، بۆ نموونە كاتێك دەیبەنە بازاڕ یان
ماڵە خزم و دراوسێ، كە داوای شتێك دەكات، حەزی دەچێتە سەر شتێك و پێی نادەن، ئەوە ڕك دادەگرێ بەتایبەت لەبازاڕ لەجێوە دەچەقێ و پێیەكانی لە زەوی گیر دەكات، ئامادە نیە یەك هەنگاو شان بەشانی دایك و باوكی بەڕێگەدا بڕوات و لە توند ڕاكێشانی دەستی دا، دەگریێ و گریانیش كەشی ئەو دەرچوون و سەردانە تێك دەدات كە لەزەتی لێ وەرنەگرن. بەهەمان شێوە قیژە قیژی منداڵ
یەك لەو خوو و خدەیە كە منداڵ لە بەرایی داواكاریەكانی دا كاتێك داوای شتێك دەكات و پێی نادەن، ئەوە دەداتە قاو و قیژە، كە دەبینێ بەوهۆیەوە دایك و باوكی داخوازیەكانی جێبەجێ دەكەن، لەم ئان و ساتەوە ئەوە سیفەتە دەكاتە بەرنامەی ژیانی خۆی كە ئەگەر چووە بازاڕ، سەردانی كەسێكی كرد یان شتێكی داوا كرد و پێیان نەدا، ئەوە دەداتە هات و هاوار چونكە ئەو قیژەیە ئاگاداركردنەوەیە، بە ڕوون و ڕەوانی پێیان دەڵێت: ئەگەر ئەو شتەم پێ نەدەن لەسەر ئەو قیژ و هۆڕە بەردەوام دەبم، ئەوەش وا لە دایك و باوكی دەكات بەپەلەپروزێ لەو شوێنە بڕۆن و دوور بكەونەوەو لەزەت لە
دەرچوونەكەیان نەكەن. ئەركی دایك و باوك ئەوەیە سنوورێك
بۆ ئەو قیژاندنە دانێن، بتوانن پێش ئەوەی بداتە قیژە قیژ، داخوازیەكانی جێ بەجێ بكەن و هەوڵ بدەن هەموو ئەو ڕێوشوێنانە بگرنە بۆ ئەوەی بەر بەو دیاردەیە بگرن و سنوورێكی بۆ دانێن.
*سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر
٢٠٢٢/ شارۆچكەی تەقتەق

ھەواڵی زیاتر