كاتی ده‌ركردنی یاسای لێبوردنی گشتییه‌

شاخه‌وان خالید
لێبوردنی گشتی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان واتە په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، له‌ زۆربه‌ی وڵاتان ناوه‌ناوه‌ ئه‌م یاسایه‌ بۆ به‌ندكراو و راگیراو و حوكمدراوان ده‌رده‌كرێ، هه‌ریه‌كه‌یان به‌پیێ كه‌یسی سزا و رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ر واتە مافخوراو سوودی لێوه‌رده‌گرێت، به‌و پێیه‌ یاساكانی لێبوردنی گشتی بۆ سه‌رجه‌م حوكمدراوان ده‌رده‌كرێ، به‌ڵام له‌زۆربه‌ی یاساكان هه‌ندێ تاوان لێی به‌ده‌رده‌كرێ به‌تایبه‌ت تاوانه‌كانی تیرۆر و ماده‌ی هۆشبه‌ر و هه‌روه‌ها دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ تاوانی دیكه‌، ئه‌مانه‌ یاسای لێبوردنی گشتی نایانگرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ به‌ شێوه‌ی رێكخراویی ئه‌نجام دراون و زیانی به‌ ئاسایشی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌یاندووه‌.

جیاوازیی نێوان لێبوردنی گشتی و تایبه‌ت
یاسای لێبوردنی گشتی ده‌بێته‌ هۆی نه‌مانی سزاكه‌ و تاوانه‌كه‌ له‌سه‌ر حوكمدراو نامینێ، لێبوردنی تایبەت ته‌نها سزاکه‌ی نامێنی، به‌ڵام تاوانە‌که‌ هه‌ر ده‌مێنی له‌هه‌مان كاتدا یاسای لێبوردنی گشتی له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و لێبوردنی تایبەت به‌ فه‌رمانێك له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رده‌چێت تایبه‌ت به‌ حوكمدراوێك یان چه‌ند حوكمدراوێك، یاسای لێبوردنی گشتی هۆكارێكه‌ بۆ كۆتایهێنانی بڕیاری دادگا له‌ سه‌رجه‌م تاوانه‌ ناسراوه‌كان به‌تاوانی سه‌ره‌كی دواكه‌وتن و ته‌واوكاری(الجرائم الاصلیه‌ او التبعیه‌ او التكمیلیه‌)، به‌و مانایه‌ی تاوانه‌كه‌ ده‌سڕێته‌وه‌ و كۆتایی پێ‌ ده‌هێنێت، هه‌روه‌ها بڕیاری سه‌ركۆنه‌ و هه‌موو ڕێكاره‌كانی سكاڵاكردن و لێكۆڵینه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی هه‌تا دادگاییكردن و وه‌رگرتنی پله‌ی كۆتای بڕیاره‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام لێبوردنی گشتی ئه‌وانه‌ ناگرێته‌وه‌ واتە حوكمدراو ته‌نیا له‌ تاوانه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ چه‌ند حوكمدراوه‌ ماوه‌كه‌ی كۆتایی پێ ده‌هێنرێت و ئازاد ده‌كرێت.

ئامانج له ‌سزادانی تۆمه‌تبار چاككردنیه‌تی
ئەوسا ئامانج له‌ سزادانی تاوانبار و لێدان و سه‌ركۆنه‌كردن و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ و له‌ناوبردن بوو، به‌ڵام ئێستاکە ئه‌و بۆچوونه‌ گۆڕاوه‌ به‌و واتایه‌ی سزادان چاککردنی تاوانباره، بۆیه‌ دەزگاکانی چاکسازی بەچەندین شێواز و میکانیزمی سەردەمیانه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌چاككردنی تاوانبار به‌بوونی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌خساندنی هه‌لی خوێندن و كار له‌ناو به‌ندیخانه‌كان واتە كاتێ تاوانبار ماوه‌ی سزاكه‌ی ته‌واو ده‌كات ده‌بێته‌ كه‌سێكی دیكه‌ و سوودمه‌ند بۆ خۆی و خێزانه‌كه‌ی و كۆمه‌ڵگه‌ به ‌گشتی.

چاكسازییه‌كانی كوردستان به رۆڵی چاككردن هه‌ڵده‌ستن؟
ئامانج له ‌به‌ندكردنی تۆمه‌تبار وه‌رگرتنی په‌نده‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ و تاوانه‌ی كردوویه‌تی تا به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ و خۆی چاك بكاته‌وه‌، چاكسازییه‌كانی كوردستان هه‌موو هۆكاركاره‌كانی ئه‌و چاككردنه‌یان تێدایه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ كاتی ئێستادا بۆته‌ قوتابخانه‌ بۆ به‌شێك له‌حوكمدراوان كاتێ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌و و ئازاد ده‌كرێن به‌شێوازی نوێ تاوان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه‌ یان ئه‌وه‌ته‌ خودی تۆمه‌تبار هه‌ر له‌بنه‌ڕتدا ده‌رفه‌تی چاككردنی تێدا نیه‌ یان ئه‌وه‌تا به‌رپرسیارییه‌تی بۆ ئه‌وه‌ كه‌مه‌ له‌لایه‌ن خودی چاكسازییه‌كان و به‌رنامه‌كانیان وه‌كو خۆی جێبه‌جێ ناكه‌ن، بۆیه‌ تاوانبار سوود له‌ به‌ندكردنه‌كه‌ی وه‌رناگرێ و چاك نابێته‌وه‌و نابێته‌ كه‌سێكی به‌سوود بۆ كه‌مۆمه‌ڵگه‌. بۆیه‌ زۆر جار تاوانبار كه‌ئازاد ده‌كرێ جاره‌كی دیكه‌ په‌نا بۆ تاوان ده‌باته‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ چاكسازییه‌كان به‌رنامه‌ی نوێیان له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌بێت. هه‌روه‌ها زۆر جار تاوانبار کە لە لێبوردنی گشتی سوودمەند بووه‌ هەمان تاوان یان تاوانێکی دیكه‌ ئەنجامداوەتەوەو گەڕاوەتنەوە یان بەردەوام بووه‌ لەسەر ڕەفتارە خراپەکانی پێشووی.

ئه‌و یاسا لێبوردنه‌ گشتیانه‌ی له‌ كوردستان ده‌رچوون
په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌یه‌ك یاسای لێبوردنی گشتیانه‌ی ده‌ركردووه‌، واتە له‌دوای هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ساڵی 1992ه‌وه‌ تا ئێستا سێ یاسای لێبوردنی گشتی ده‌رچوون له‌وانه‌:
یه‌كه‌م/ یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە(٤)ی ساڵی2002
دووه‌م/ یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە(2)ی ساڵی2012
سێیه‌م/ یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە(٤)ی ساڵی2017
ئه‌م یاسانه‌وه‌ به‌ كۆمه‌لێك میكانیزمی وورد ده‌رچوون و راگیراوانی گرتن و گواستنه‌وه‌ و حوكمدراوانی چاكسازی گه‌ورانی هه‌موو شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان سوودیان لێ وه‌رگرتووه‌؛ له‌پاڵ ئه‌مه‌ چه‌ندین فه‌رمانی لێبوردنی تایبه‌تیش له‌ ساڵانی رابردوو له‌لایه‌ن خودی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و حوكمدراوان سوودیان لێوه‌رگرتووه‌.

یاسای لێبوردنی گشتی و په‌تای كۆرۆنا
ئێستاکە چه‌ندین حوكمدراو ئه‌وانه‌ی لێخۆشبوونیان هه‌یه‌ و به‌شێكیان لێخۆشبوونیان نیه‌ داوای ده‌ركردنی ئه‌و یاسای لێبوردنی گشتییه‌ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ساڵی رابردوو چه‌ند فه‌رمانێكی لێبوردنی تایبه‌ت له‌لایه‌ن خودی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ چه‌ند حوكمدراوێك ده‌ركرا و فه‌رمانه‌كانیش جێبه‌جێ كرا و ئازاد كران. هه‌روه‌ها لەبەر مه‌ترسیی په‌تای كۆرۆنا و به‌سه‌ربردنی سێیه‌كی حوكمه‌كه‌یان داوای ده‌ركردنی یاسای لێبوردنی گشتی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین تۆمه‌تبار و تاوانبار هه‌ر یه‌كه‌و به‌پێی ماده‌ی سزاییه‌كه‌ی لێبوردنه‌كه‌ بیگرێته‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی سوودمه‌ندبوونه‌ لێبوردن نایانگرێته‌وه‌
لە هه‌ندێ یاسای لێبوردنەکان، ئەگەر تۆمەتبار جارێک سوودی لە لێبوردن و بڕیارەکانی وەرگرتبێت ئەوا بۆ جاری داهاتوو بێبەش دەکرا لەو لێبوردنه‌، بەڵام له ‌هه‌ندێكیان گشت ئەو تاوانبارانەی کە سوودیان لە لێبوردنە گشتیەکانی پێشوو وەرگرتووە دەتوانن سوودمەند ببنەوە لە یاسای لێبوردنه‌كانی دیكه‌، به‌مەرجێک تاوانبارەکە لەسەر تاوانی ئەنقەست حوکمنەدرابێتەوە.

یاساكه‌ هه‌ڵاتووانیش ده‌گرێته‌وه‌
لە یاسای لێبوردنەکانی پێشووتر، دەربارەی ئەوانەی هەڵاتوون و حوکمی پاشمله‌یان بۆ دەرچووه‌، لەکاتی خۆبەدەستەوەدانیان لە ماوەی چوار مانگدا سوودمەند دەبوون لە یاساکە و ڕزگاریان دەبوو لە سزادان، واتە کاتێ تاوانبارێک ڕای دەکرد لە دەست پۆلیس و دادگا، پاشان حوکمی غیابی بۆ دەردەچوو ئەو تاوانبارە خۆی حەشار دەدا و خۆی نەده‌دا بەدەستەوە تا کاتی ده‌رچوونی لێبوردنی گشتی، له‌وكاته‌ خۆی دەدا بە دەستەوە و رزگاری دەبوو لە هەموو جۆرە سزادانێک. ئه‌مه‌ش دادگه‌رییانه‌ نه‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیاوازی زۆری ده‌کرد لە نێوان ئەو تاوانبارانەی بە ئاسانی خۆیان دەدەن بە دەست یاسا و ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ده‌دا.

ئه‌و تاوانانه‌ی لێبوردنی گشتی نایانگرێته‌وه‌
لێبوردنی گشتی كه‌ ده‌رده‌چێ ژماره‌یه‌ك تاوان نایگرێته‌وه‌ وه‌كو تاوانەکانی تیرۆر و گەندەڵی پەیوەست بە سامانی گشتی بەقاچاخبردنی شوێنەوار و ڕفاندن ئەشکەنجەدانی منداڵ بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کوشتنی اصول و فروع بە ئەنقەست کوشتنی زانای ئایینی و ڕۆژنامەنووس، بازرگانیکردنی ماددە هۆشبەرەکان و دەستدرێژیی سێکسی و نێربازی و هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌و تاوانه‌كان و ئه‌وانه‌ی لێخۆشبوونیان نه‌بوو به‌رێژه‌یه‌ك بۆ 30% یان 40% حوكمه‌كانیان بۆ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌.

لایه‌نه‌ باشه‌كانی ده‌ركردنی یاسای لێبوردنی گشتی
هه‌موو یاساكانی لێبوردنی گشتی به‌ده‌رنه‌بوونه‌ له‌لایه‌نی باش و خراپ واتە خاڵی به‌هێز و لاوازی تێدایه،‌ لایه‌نه‌ باشه‌كانی ده‌ركردنی یاسای لێبوردنی گشتی قه‌ره‌باڵغی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاكسازی ناهێلێت و له‌ ڕووی دارایییه‌وه‌ ده‌بێته‌ ‌هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌رك له‌سه‌ر حكومه‌ت، هه‌روه‌ها لێبوردنی گشتی ده‌رفه‌تێك ده‌دات به‌ هه‌ندێك له‌ سزادراوان كه‌ سوودمه‌ند بوونه‌ له‌ بواری چاكسازییه‌وه‌، به‌مه‌ش له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ژیانی ئاسایی خۆیان و بۆ خێزانه‌كانیان كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی جۆراوجۆر چاره‌سه‌ر ده‌كات. هه‌روه‌ها‌ ده‌بێت به‌هۆی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هۆی لێخۆشبوون و رێككه‌وتن له ‌نێوان لایه‌نه‌كان و چاره‌سه‌ربوونی هه‌ندێ له‌ كێشه‌كان له‌ره‌گ و ریشه‌وه‌.

لایه‌نه‌ خراپه‌كانی ده‌ركردنی یاسای لێبوردنی گشتی
هه‌ندێ جار به‌هۆی ده‌ركردنی یاسای لێبوردنی گشتی تاوانباری مه‌ترسیدار ئازاد ده‌كرێت و ده‌بێته‌وه‌ هۆكاری دروستبوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌، هه‌روه‌ها تۆمه‌تبار هه‌یه‌ له‌جیاتی سوودوه‌رگرتن له‌ چاكسازی، به‌هۆی تێكه‌ڵاوییان له‌گه‌ڵ كه‌سانی ترسناك و خاوه‌ن پێشینه‌ی زۆری تاوان زۆر مه‌ترسیدار ده‌رده‌چن دوای سوودمه‌ندبوونیان له‌ لێبوردنی گشتیی و ده‌بنه‌ هۆی مه‌ترسی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه، تۆمه‌تباریش هه‌یه‌ هه‌ر كه‌ ئازادكرا راسته‌وخۆ تاوان ئه‌نجاده‌داته‌وه‌.

كاتی ده‌ركردنی یاسای لێبوردنی گشتییه‌؟
پێویسته‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندار ئامارێكی وردی له‌ به‌رده‌ست بێت له‌سه‌ر ڕاگیراو و سزادراوان و ئه‌وانه‌ی سوودمه‌ند بوونه‌ له‌یاسای لێبوردنی گشتی سه‌رنج و پێشنیاز له‌م باره‌یه‌وه‌ بده‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاكسازیی، لەو بارەیەوه‌ لێژنەیەک پێکدێت له‌ دادوەر و نوێنەرایەتی وەزارەتی داد و ناوخۆ و کاروباری کۆمەڵایەتی و دەستەی مافی مرۆڤ و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ووردی یاساكه‌ تاوتوێ بكه‌ن كه‌ كاتی ده‌ركردنی یاسای هاتووه‌ یان یان به‌پێچه‌وانه‌ و بیخه‌نه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كورستان بۆ په‌سه‌ندكردنی یاساكه.

  • لێزان و لێكۆله‌ره‌وه‌ی دادوه‌ری له‌ دادگای تاوانی هه‌ولێر\
ھەواڵی زیاتر