وشەی (شری) و (اشتری) لە قورئاندا و جیاوازییەكەیان

عومەر چنگیانی
(٢-٢)
٥/ هەروەها هەمان مانا و هاوشێوەی لە ئایەتەکانی ١٦و۷٩و٨٦و٩٠و١۷٤و١۷٥ی سوورەتی (ئەلبەقەرە) و ۷۷و١۷۷و١٨۷ی سوورەتی (ئالی عیمران) و٩ی سوورەتی (بەرائەت) و ٤٤ی سوورەتی (نیسا) و ٦ی سوورەتی (لوقمان).
لەسەر شێوە داڕشتنی پەرێزپاکیی نەفی: یاخود لەسەر شێوەداڕشتنی (نەفی) وەک سەد و نەوەدونۆیەمین ئایەتی
سوورەتی (ئالی عیمران) کە بە هەندێک لە ئەهلی کیتابدا هەڵدەڵێ و دەفەرمێت: (بەڕاستی لەنێو ئەهلی کیتابدا هی وایان هەیە کە بڕوا بە اڵه دێنن و بەوەیش کە بۆ ئێوە هاتۆتەخوارە و بەوەیش کە بۆخۆیان هاتۆتەخوارەوە و خۆ بەکەمزان و ملکەچن بۆاڵە؛ ئایەتی خوا هەرزانفرۆش ناکەن).
لەسەر شێوەداڕشتنی ڕێگری لە ئەنجامدان نەهی: لەسەر ئەم شێوە داڕشتنەیش لە دوو ئایەتدا هاتووە:
یەکەم/ چلویەکهەم ئایەتی سوورەتی (بەقەرە) کە دەفەرمێت: (مەچن بە ئایەتەکانی من بەهایەو نرخێکی کەم بەها بکڕن و بیگۆرنەوە پێی). دووەم/ چلوچوارەمین ئایەتی سوورەتی (مائیدە) کە دەفەرمێت: (مەچن بەوپەیمان و سۆزییەی بەخواتان داوە کاڵا و نرخێکی کەم بکڕن)(١).
هەڵوەستەیەکی دیکە بە دیار سێ وشەی قورئانەوە:
خوێنەری بەڕێز! وەک چەند جار گوتوومە، ئەم گوڵخەرمانانە وێڕای فێرکردن و بیرهێنانەوە کە بەم زمانە سادەیەی نووسینێکی ڕۆژنامە دەیخەمە بەردیدی ئێوەی بەڕێز، لێکدانەوەی منن لە مەڕ ئایەتەکانی قورئان و هەوڵێکن بۆ ڕاستکردنەوەی بۆچوونی ئەوانەی بە کەمێک لە زمانی عەرەبی دەمتێوەردان وا دەزانن دەتوانن لە قورئان بڵێن و بکەونە تەفسیرکردنی، هەربۆیە لێرەیشدا سێ وشەی دیکەی پڕ لە وردەکاری دەخەمە سەر مەڵۆی زانستەکانتان کە هەرسێ وشەکە لە قورئاندا بەکار هاتوون و دەستەواژەی پەیوەستن بە دەنکەخورماوە: ١. وشەی (قطمير) واتە ئەو توێژاڵە تەنکەی بە دەوری ناوکە ڕەقەکەی
خورماوەیە و لە سیانزەهەمین ئایەتی سوورەتی (فاطر)دا ڕوو لە بێبڕوا و هاوەڵ بۆ اڵە پەیداکەران دەکا و دەفەرمێت: (ئەوانەی ئیوە لە بەدەر لە اڵە، بە خواگەلیان دادەنێن، دەسەڵاتی توێژاڵی دەنکە خورمایەکیان نییە). جائیتر باس لە ئەندازەیە، یان نهێنی دروست کردن و سوودەکانی؟!
۲. وشەی (فتیل) دەزوولەی سەردرزی ناوکە خورما، کە لە چلونۆهەمین ئایەتی سوورەتی (نیسا)دا باس لەو کەسانە دەکات کە پەرێزپاکی و باشی بێسنوور دەدەنەپاڵ خۆیان و تەزکییەی خۆیان دەکەن و پێیان دەفەرمێت: (ئەرێ ئەوانە دەبینی کە تەزکیەی خۆیان دەکەن؟ ئەوە خوایە تەزکیەتان دەکات و کەسێک ویستی لێبێت تەزکیەی دەکات و هێندەی ئەو داوە دەزوولەیە ستەمیان لێ ناکرێت).
۳. وشەی (نقیر) ئەو خاڵە بچکۆلەی لەسەر پشتی ناوکەکەیە کە دەکەوێتە ئاستی دیوە قڵیشاوەکەی ناوکەکە و باس لە هەندێک لە مرۆڤەکان دەکات کە چەند ستەمکارن و لە پەنجاوسێهەمین ئایەتی سوورەتی نیسادا دەفەرمێت: (ئەرێ ئەوانە بەشێک لە دەسەڵاتی خوایییان هەیە؟ گەر وابێ هێندەی ئەو خاڵە بەشی خەڵک نادەن). وا بزانم هەموومان ئیمڕۆ ئەمە بە چاوی خۆمان لە هەندێک ستەمکار دەبینین و باش تێیدەگەین کە خوای بانی سەر چۆن
بەندەی خۆی دەناسێت.
تێبینی: بەکارهینانی ئەم وشانە و بەو وردەکارییەوە لە قورئاندا هەڵدەگرێت توێژینەوەی وردی لەسەر بڵاو بکرێتەوە، ناڵێم بنووسرێت! چونکە بێگومانم کاری تۆکمەی لەسەر کراوە و من لێرەدا هەر هێندەیم لێ بۆ بەڕێزتان هەڵبژارد.
پەراوێز:
(۱) دەکرێ خوێنەری بەڕێز بۆ زیاتر درێژەی ئەم بابەتە بگەڕێتەوە بۆ
هەر تەفسیرێکی قورئان و نووسینێکی (د. انس العمایرە) لە وێیبسایتە فەرمیەکەی خۆیدا.

ھەواڵی زیاتر