تواناسازی ئافرەت ، لای یەكێتی ئافرەتانی كوردستان

د.ڤیان سلێمان

تواناسازی پەرەپێدانی تواناکانە، تواناکانی تاک و دامەزراوە و کۆمەڵگە، کە دواجار هەر تاک مەبەست و ئامانجە، چونکە ئەوە تاکە کە هەر ڕێکخراو و دامەزراوە و کۆمەڵگەیەک پێکدەهێنێ و تواناکانی تاکە کە هەریەکە لەوانە پێش دەخات.
تواناسازی لەهەر دامەزراوەیەکدا ڕاهێنان و پەروەردەکردنی وزە مرۆییەکەی دامەزراوەکەیە بۆ توانادارکردن و زیادکردنی لێزانی و لەئەستۆگرتنی ئەرک و کارەکان بەشێوەیەکی کاراتر.
بەڵام تواناسازی ئافرەت هەوڵدانە بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانی توانا فیزیکی و جەستەیی، ئەقڵ و ژیری، هەست و ڕوحییەکانی ئافرەت لە پێناو ئازادکردنی لە ستەمێکی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و سیاسی.
گەڕاندنەوەی مافەکانی بڕیاردان، خاوەنێتی، هاوبەشی و شەراکەتی هاوسەنگە بۆی وەک تاکێکی مرۆڤ لە تەواوی جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری وسیاسی کۆمەڵگەکەی.
تواناسازی ئافرەت بەرزکردنی پێگە ودوبارە پێناسە کردنێتی وەک مرۆڤ بەدەر لە سیما و ڕواڵەتە جەستەییەکەی.
توانادارکردنێتی بۆ دیاریکردنی ئامانجە ستراتیژییەکانی کە مەبەستیەتی لە ژیانیدا پێی بگات.
هەروەها خۆی لە گۆڕانکاری جۆری پەیوەندییەکانی نێوان ئافرەت و پیاو دەبینێتەوە بە ئاڕاستەی پێگەیاندن وبەهێزکردنی بۆ ڕاستكردنەوەی چەمک و باوەرە هەڵەکان ونەهێشتنی هەژموونی پیاو لەسەر خۆی وەک خاوەن و گۆڕینی بە پەیوەندی هاوسەنگی هاوبەشی و شەراکەت لە ژیانی هاوژینیدا. تواناسازی ئافرەت لەسەر ئاستی جیهان گرنگی پێدەدرێت و جێی بایەخی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سیستەمە دیموکراسییەکانە. یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە سۆنگەی لەبەرچاوگرتنی گرنگی تواناسازی و پێویستی تواناسازی سەرچاوەی مرۆیی وەک پێشمەرجی سەرکەوتن و پێشڤەچوون، لە دوایین کۆنگرەی خۆی لە ئەیلولی ٢٠١٨ تواناسازی ئافرەتی کردە بنەمای سەرەکی گشت ئامانجەکانی، هاوکات یەکێک لە بەشەکانی بەو ناوە و بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرد.
تواناسازی لای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وێڕای ئەوەی وەک پرۆسەیەکی گشتگیر لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و لابردنی ئاستەنگەکان لەپێش تواناکانی ئافرەت و پەرەپێدانی تواناکانیان بۆ بەدیهێنانی یەکسانی جێندەری مەبەست و داوای سەرەکیمانە، لەسەر ئاستی ڕێکخراوەییش خۆی لە لە دوو تەوەردا دەبینێتەوە و لە چەندین بواری جیاواز کاری لەسەر دەکرێت، تەوەری یەکەم تواناسازی خودی کادرانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانە و تەوەری دووەمیش تواناسازی ئافرەتانە بەشێوەیەکی گشتی لە ڕووە مەعریفی، ڕوحی و پیشەییەوە.
یەکێتی ئافرەتان گرنگییەکی زۆر بە سەرچاوە مرۆییەکەی خۆی دەدات و لە ڕێگای جۆراوجۆر هەوڵی پێگەیاندنی کادرانی لە بواری تایبەتمەندی کاری ڕێکخراوەکە و بوارە گرنگەکانی دیکە دەدات، ئامانج لەم پرۆسەیە پەرەپێدانی توانا مرۆیی و پیشەییەکانی کادر و زیادکردنی ئاگاییانە لە بواری پرسی ئافرەت و ڕەهەندەکانی ئەم پرسە و سەرچاوەکانی ستەمی سەر ئافرەت و فێمێنیزم وەک تیۆر و وەک بزووتنەوە و جێندەرناسی و کاری ڕێکخراوەیی بەشێوەیەکی گشتی، هاوکات بۆئەوەی کادرانی بەئاگا و تێگەیشتوو بن لە پرسە سیاسی و کولتوری و مێژووییەکان، ئەمەش لەبەرئەوەی بە توانا و لێزانی ئەو سەرچاوە مرۆییە ڕاهێنراو و پێگەیشتووە ڕێکخراوەکە بگەیەنرێتە ئاستێکی بەرز لە پێشکەوتن و دامەزراوەیی و جەماوەریبوون، بەشێوەیەک کاریگەرییەکی زیاتری هەبێت لەسەر ڕای گشتی ئافرەتان و لەو ئاستەشدا بێت کە خواست و داواکارییەکانیان بسەپێنێت.
هاوکات هەر ئەو سەرچاوە مرۆییەدوای قۆناغی کاری ڕێکخراوەییان بتوانن ڕۆڵی سەرکردە ببینن و متمانە بە توانایان بکرێ و ئەرک و بەرپرسیاریەتییان لە هەموو ئاستەکانی پلە و دەسەڵات پێ بسپێردرێت. تەوەری دووەمی تواناسازی لای یەکێتی ئافرەتان تواناسازی ئافرەتانە بەشێوەیەکی گشتی، کە لە چەندین بواردا پێڕەو دەکرێت، لە هەمانکات هەردوو لایەنی ماددی و مەعنەوی ژیانی ئافرەت لەخۆدەگرێت، تواناسازی لای ئێمە تەنها تواناداری سیاسی و ئابووری و زانستی نییە، بەڵکو تواناسازی مەعنەوییە لەهەمانکاتدا، وەک بنەمایەکی نەگۆڕی پلانی کارمان؛ وانە و سیمیناری هۆشیاری و ڕۆشنبیری لای ڕێکخراوەکەمان هاوکاتی ئەنجامدانی هەر خولێکی پیشەیییە، بڕوای تەواومان بەوە هەیە بۆ ئەوەی ئافرەت سەرکەوتوو بێت، دەبێت متمانەی بەخۆی بەهێز بێ و توانای بڕیاردانی لە ژیانی خۆی هەبێت، تەنها لە ساڵی٢٠٢١ لەلایەن بەشی تواناسازی ڕێکخراوەکەمان لە سەرتاسەری کوردستان زیاتر لە”٩٩٢” چالاکی بۆ ئافرەتانی کوردستان ئەنجام دراوە، کە خۆی لە کردنەوەی خولی پیشەیی جۆراوجۆر هاوکات بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پێشکەشکردنی سیمینار لە بوارە جیاجیاکان دەبینێتەوە. لەو پرۆسەیەدا هەزاران ئافرەت سودمەند بوون، جیا لەوەش چەندین پلان و پرۆژەمان بۆ مەبەستی تواناسازی ئافرەتان هەیە، وەک تواناسازی ئافرەتانی بەرکەوتووی توندوتیژی و توانادارکردنی ئافرەت لە بواری سیاسی و ئامادەکردنی کادری ئافرەت بۆ گێڕانی ڕۆڵی کاریگەر لە کایەی سیاسیدا.
ئەم پرۆسەیە بەردەوامی پێ دەدەین و هەوڵەکانمان چڕ کردووە و ساڵی٢٠٢٢ بە ساڵی تواناسازی ناو کردووە .
بە هیوای جێبەجێبوونی تەواوی پلانی ئەم ساڵەمان و بەشداریپێکردنی زۆرترین ژمارەی ئافرەتان و سوودمەندبوونیان لە کار و پرۆژەکانمان.

ھەواڵی زیاتر