پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مانیفێستی گۆرانكاری

عەبدولقەهار هەولێری

مێژووی سیاسیی هەر گەل و نەتەوێك پڕیەتی لە هەوراز و نشیو و لە ڕووبەرووبوونەوە و خوڵقاندن و بەگژداچوونەوە، ئەوەش بە ئامانجی گەیشتنە مافی نەتەوەیی و سەربەخۆیی. لەم ڕوانگەوە مانیفێستی سیاسی هەوڵی ئەوە دەدات كە بفامێنێت، مێژووی ئێمە لەو دۆخە ناوازەدا هەڵگری چ چەمك و پێناسەیەكە، كە لە مێژووی ڕابردوو جودامان دهكاتەوە؟ ئهم هۆشیارییە ئەو هەلە دەڕەخسێنێت كە خۆدی مێژووی خۆی بنووسێتەوە، مێژوویەك كە ڕووی لە داهاتوویە. كەواتە مانیفێست ڕوونكەرەوی مێژوویەكی ڕابردوو و مێژوویەكی داهاتوویە كە خۆی بە مۆرالی سیاسەتوان پەیوەست دهكات.
ئەوە بەو مانایەیە كە مانیفێست ڕوونكەرەوەی دۆخێكە كە لە پێشدا هەبووە، بەڵام نەبینراوە، هەڵبەت ئەمە كارێكی دژوارە و لە تۆماركردنیان لە توانای زۆرینەی نەتەوەكاندا نییە چ جای بگاتە نەتەوەیی داگیركراوی وەك كورد.
لەو كۆمەڵگایانەی كلتووری ڕق و كینە و تۆڵەسەندنەوە دەبینرێ و پیادە دەكرێ لە جێێ گفت گۆ و یەكسانی، بێگومان نەك زەمینەی نیە بۆ بوونی كۆمەڵگای ساخڵەمی تەندورستی سیاسی بگرە زۆریش دوورە لە بنەمای بوونی كۆمەڵگایەكی شارەستانی و هاوچەرخی سیاسی. مانیفێستی سیاسی كاتێك مەبەستی دروستی خۆی دەپێكێ كە تاكەكانی ناو كۆمەلگە هەست بە لێپرسینەوە بكەن، وەك چۆن حیزبی دەسەلاتدار لە پێكهاتەی حكومەتدا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ، كەواتە نمونەی حكوومەتی ڕەشید لەو كاتەدا بەرجەستە دەبێت كە چ تاك و چ حكوومەت شەفاف بن لەگەلیەكتری و ڕاستیەكان لەنێوانیان نەبێتە گومان و لە بۆچوونی فیكر و هزری ئازادیی مرۆڤایەتی هەماهەنگ بن، بەوڕێگەش دیموكراسی بە باوەڕێكی چەسپاو خۆی دادەمەزرێنێ و لە ئایندەشدا كراوەتر و ڕاشكاوەتر لەسەر پرسی سیستەمی سیاسیی ڕەشید كۆك دەبن. چونكە دواتر بەخوێندنەوەیەكی قووڵی سایكۆ كۆمەڵناسی بۆمان دەردەكەوێ كە هەموو هەڵسوكەوتێكی تاكی كوردی بەدەر نییە لە باكگراوندی ڕۆشنبیری و كەلتووری و ئایینی، بۆیە بانگەشەكردن بۆ هەر كردارێك پێویستی بەوەیە لەو دەلاقانەوە بۆی بڕوانین و بە هەندیان وەربگرین.