کێشەی بێ مێشکەکان ئەوەیە ئەوان هەمیشە دەمیان کراوەیە (شەکسپیر)


ئازاد عەبدولواحید

  • هێرشكردنە سەر كەسەكان و تۆمەت بەشینەوە كە ئێستا بووەتە دیاردەیەکی باو، بەرهەمی گوتارێكی ئاژاوەگێڕانە و پۆپۆلیستانەیە، عەقڵێكی ساغ و سەلیم، كامڵ و پێگەیشتوو هەڵیناسووڕێنێ، تۆقاندن و ئیرهابێكی فیكرییە و بەرانبەر كەسانێك دەكرێ كە داهێن و وڵاتپەروەر و دڵسۆزن، خاك و وڵاتی خۆیان، داوودەزگا نەتەوەییەكانی خۆیان خۆش دەوێ، بۆیە كاتێ كەسێك، لە هەر بوارێک بێ، لەناو کوردەواری هەڵدەكەوێ، چەندی دەستخۆشی و ستایش دەكرێ، دە هێندە بەر تانە و تەشەر و شاڵاوی ڕەشكردن دەكەوێ، ئەوانەش كە ئەو كارە بووەتە پیشە و سەرچاوەی بژێوی و داهاتیان، بێجگە لە جنێو و ناوزڕاندن و بوختان هۆنینەوە شتێكی دیكە نازانن و هیچی دیکە لە هەگبەیاندا نییە، بۆیە بەرانبەر بەوانی دی کارێکی دوور لە هاوسەنگی ڕادەپەڕێنن، لەمەشدا هەست بە گرگنی و بچووكیی خۆیان دەكەن، لەبەر ئەوە دەكەونە بێ ئەرزش كردنی هەر كەسێك لەناو كۆمەڵدا گوێی لێ بگیرێ، هەر شتێک کە جوان بنوێنێ، کەواتە بە پلەی یەكەم كەسە بەرچاوەکان ئامانجی ئەو گێرەشێوێنانەن، داخ و ئەسەفی گەورەش ئەوەیە ئەو میللەتانەی ئاستی هۆشیارییان نزمە، (ڕۆژێ لە ڕۆژان دەبنە مێگەل و جۆرە ڕاگەیاندنێک دەبێتە شوانیان و ئاراستەیان دەکات کە هیچ ویژدانێکی تێدا بەدی ناکرێ)، گەورەترین گوناحیش دەرهەق بە عەقڵی مرۆڤەکان بکرێ ئەوەیە باوەڕ بە شتەهایەک بکەن کە بەڵگەی لەگەڵدا نییە وەک ئەلدۆس هکسلی دەڵێ.
  • ئەمڕۆ ڕۆژانە دەبینین لە فەیسبووك، بۆ ناشیرینكردنی كەسەكان تەپوتۆز بەرز دەبێتەوە، بە داخەوە ئەوەی هەیە بە بەرنامە كار لەسەر كەمكردنەوەی بەهای مرۆڤە بەهادار و جوانەكان دەكرێ، لێكدا لێكدا شاڵاوی بێبنەما و بێویژدانانەی دوور لە مۆڕاڵ دەكرێتە سەر كەسە كاریگەر و گرنگ و بەرچاوەكان، دوای تێپەڕبوونی (٤٨ – ٧٢) سەعات تەپوتۆزەكە دەنیشێتەوە و بەسەر قوربانییەكەدا باز دەدرێ، ئەوجارە یەخەی قوربانییەكی دی دەگیرێ. لەو تەپوتۆز بەرپاكردنەدا كەس قەباڵەنامەی كەس ناخوێنێتەوە، كەس گوێ لە كەس ناگرێ، تەنانەت ڕوونكردنەوەش بەدەردی كەس نایخوا، چونكە بەشێكی زۆری ئەو ئەوكاونت و پەیج و سایتانە فەیك و بێ دایك و باوكن، بۆیە ئەو قوربانییانە كە هاوكوفی ئەو جنێوفرۆش و بوختانچی و تۆمەت بەخشانە نین، لەناو ئەو سەگ بە حەسارە ئاشیان ناگەڕێ، وەك ئەوان ناتوانن بڵێن و بنووسن، لەبەر ئەوەی پەروەردەكەیان لەوان جیاوازە، بۆیە بێدەنگیی هەڵدەبژێرن، كە بەلایانەوە باشترین دەنگ و وەڵامە، سارتر دەڵێ: (من بەو کەسانە سەرسامم کە چەکی دەستیان عەقڵە، نەک زمانیان، لێدانی هەرە کوشندەشیان لە بەرانبەرەکەیان بێدەنگییە، نەک زۆر قسە کردن)، لەبەر ئەوەی ئەوانە پەیڕەوی لەو قسەیە دەکەن کە (نایانەوێ ئەو جۆرە کەسانە لە قەبارەی خۆیان گەورەتر پیشان بدەن تا بەشێکی زۆر لە قەبارەی خۆیان نەدۆڕێنن). هەموو ئەو شاتاوڵ و هێرشە ناڕەوایانەش دەڕژێنە ناو چوارچێوەی بە ئامانجگرتنێكی سیاسی كە دەیانەوێ لە پەنایەوە تیرۆری مەعنەوی كەسایەتییەكان بكەن و ناشیرین و دەعەجانی نیشانی خەڵكیان بدەن، ئەو كارەشیان بە هۆنینەوەی درۆی بێبەڵگە دەكەن كە هەر زۆر نابا سپی دەبێتەوە، ڕەفتارەکەشیان فاشییەتمان بەبیر دەهێنێتەوە، خۆی فاشییەتی کۆن و فاشییەتی نوێ هەیە، ئەمەیان فاشییەتێکی نوێیە، لە جیاتی تیرۆری جەستە، خەریکی تیرۆری کەسێتی و هزر و بیروڕای جیاوازە.
  • ئەو كینە لە دڵی و دڵ و مێشك ڕەشییە ڕووبەرێكی فراوانی لە ژیانی تاكەكانی ناو كۆمەڵی کوردەواری گرتووەتەوە، خەریكە خەڵکێکی زۆر لەگەڵ خۆی ڕادەپێچێ، ڕۆژ دوای ڕۆژیش پتر تەشەنە دەكات، بگرە ئەمڕۆ لە حاڵەت دەرچووە و بووەتە (دیاردە)، خەریكە ئەو دیاردەی ڕقنی و بوغزاندنە دەبێتە كولتوور و ڕەگی خۆی دادەكوتێ. ڕەشكردنی تاكە بەرچاو و گرنگەكانی كوردەواری جگە لەوەی نەخۆشییەكە زادەی گرێی دەروونی و ڕق و ئیرەیی پێ بردنە، شەڕ فرۆشتنە بە كەسانێك كە زۆربەی جارەكان نازانن ئەوەی هێرشی دەكەنە سەر و دەیشكێنن كێیە، یان لە ژیانیاندا لە نزیکەوە نەیانبینیوە و نایناسن و پێوەندییان لەگەڵی نەبووە تا بڵێین شەڕی كۆنەقینە، ئەوە زیاتر تێكەڵكردنی وەرەقەكانە، دروشمەکەی هەڵیانگرتووە (علی وعلی أعدائی)یە، ئەوانە پێیانوایە کە خۆیان لەناو خەڵکدا دزێو و ناشیرین دەرکەوتوون، دەیانەوێ بەم کارەیان هەموو خەڵکی وەک ئەوان تەماشا بکرێن، بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، جاری وا هەیە مردووەكانیش بەسەردەکەنەوە و لە گۆڕەكانیان هەڵیاندەتەكێنن، هەندێ جاریش بۆ ئەوەیە كەسانێك بكرێنە پەیژە تا بەسەریاندا سەربكەون و لە پەنای ئەوانەوە خۆیان بناسێنن و بەرز بكەنەوە و بنوێنن. من باوەڕم بەوە هەیە کە مادام ئاییندە و چارەنووسی ئەو وڵاتە جێی بایەخی هەموومانە و هەر مەترسییەک لەو ئاییندەیەوە بێ، ڕیشی هەموومان دەگرێتەوە، بۆیە هەموو تاکێکی کۆمەڵ بۆی هەیە قسەی خۆی لە بارەوە هەبێ، بەڵام دەبێ سنووری شکۆ و ڕێزی مرۆڤەکان ڕەچاو بکرێ و نەبەزێنرێ، نەک پەنا ببرێتە بەر تۆقاندنی فیکری و کوشتنی مەعنەویی ئەوانی وەک تۆ بیر ناکەنەوە.
  • ئەوانەی ئەو كارە دەكەن، خۆیان لە هەموو کەس چاكتر دەزانن ئەگەر خەڵكی ڕەش بكەن، ئەوە قەت خۆیان سپی نابن، خەڵكی بە ئەهریمەن نیشان بدەن، خۆیان نابنە فریشتە، نەك هەر ڕق و كینە، تەنانەت ئیرەییش نەخۆشییەكە لە ناوەوە مرۆڤەكان كلۆر دەكات و دەپووكێنێتەوە. ئەو كەسانەی لاوازیی دەسەڵاتی یاساییان بە هەل و دەرفەت زانیوە و بە بەرنامە كار لەسەر ناشیرینکردنی مرۆڤە جوانەكان دەكەن كە سەرمایەی نیشتمانیی و مەعنەوی ئێمەن، ئەمە بووەتە پەتا و دیاردەیەك ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بڵاو دەبێتەوە، بە تایبەتیش ئەوان كە دەبینن بۆیان چووەتە سەر و بەردەوام بێبەڵگە و بێبناغە قسە فڕێ دەدەنە ناو فەیسبووك و هۆیەکانی دیکەی ڕاگەیاندن، بۆیە هیچ چارمان نییە و هەر دەبێ داوودەزگاكانی یاسا لە كوردستان بەهێز بكەین، چونكە ئەگەر یاسا نەتوانێ ئیستۆپێك بەوانە بكات و بیانوەستێنێ، ئەڵبەتە زیاتر شووڵی لێ هەڵدەكێشن و قەت بیر لەوە ناكەنەوە بە خۆیاندا بچنەوە.
  • مەبەستێكی دیكەی ئەو جۆرە نووسینانە لە بارەی كەسایەتییەكانەوە سەرقاڵكردن و قاچ ڕاكێشانیانە بۆ ناو ئەو گێژاوە تا لە كاریزمایان بدرێ و بەهایان کەم بکرێتەوە، لەمەشدا كەس بەغیلی بەو بازاڕ گەرمكەرانەی بوختان و شەڕە جنێوانە نابات، چونكە ئەو تۆمەت بەشینەوانە پێش هەر شتێك گاڵتەكردنە بە عەقڵی خۆیان، پێش ئەوەی گاڵتەكردن بە عەقڵی كەسانی دی، یان گاڵتەكردن بە عەقڵی خوێنەران بێ، بۆیە لە هەر وڵاتێكدا كە ڕێزی یاسای تێدا بگیرێ و بەڕاستی یاسای تێدا سەروەر بێ، دەبێ یاسا بێتە دەنگ و ئەو كەسانە ببرێنە بەردەمی (دادگا) بۆ ئەوەی كەسانی دی چاویان لێ نەكەن و دیاردەكە لەوە زیاتر نەبێتە باو، دواتر وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچن، لە کاتێکدا داهێنەكان ژیان جوان دەکەن و جوانیی لە ناشیرینیدا دەبینن، ئەوان بەردەوام جوانییەكان ناشیرین و كاڵ دەكەنەوە.
  • دیارە ئەو دیاردەیەی ئێستا بەرۆکی گرتووین و قسەی لەبارەیەوە دەکەین، لە هەموو قۆناغەکاندا، تەنانەت لەلای گەلانی پێشکەوتووش هەبووە، ئەگەرچی لەو قۆناغانەی پێشوودا تەکنۆلۆژیا بەو شێوەیەی ئەمڕۆ دەیبینین پێشکەوتوو نەبووە، بۆ نموونە بوونی دیاردەیەکی لەو جۆرە وای لە ئەلبێر کامو کردووە کە لە هزر و فەلسەفەی ڕۆژئاواییدا ناوێکی درەوشاوەیە بڵێ: (کەسێک کە لە بنەڕەتەوە گەمژە بێت، کتێبەکانیش ناتوانن بیکەنە ڕۆشنبیر)، هەروەها گوتوویەتی: (مرۆڤەکان لەبەر سێ هۆکار باستان دەکەن: کاتێک ناتوانن لە ئاستی ئێوەدا بن، کاتێک ئەو شتەی ئێوە هەتانە، ئەوان نییانە، کاتێک دەیانەوێ لاسایی شێوەی ژیانی ئێوە بکەنەوە، بەڵام ناتوانن). بە داخەوە شتێک هەیە کە زیاتر لەناو کۆمەڵی ئێمە و ڕۆژهەڵاتیدا هەیە و لە خەڵکانی دی جودامان دەکاتەوە ئەویش ئەوەیە تۆ جاری وا هەیە لەبارەی خۆتەوە چیڕۆکێک دەبیستی، خۆت بەو چیڕۆکەت نەزانیوە و ئاگات لێ نییە. پاولۆ کۆیلۆ دەڵێ: (نەزانیی و جەهالەت بە بڕی ئەو جنێوانە پێوانە دەکرێ کە کەسەکە بەکاریان دەهێنێ، لەو کاتەدا کە هیچ بەڵگەیەکی بۆ داکۆکی کردن لە خۆی پێ نییە)، بۆیە دەبێ هەرگیز شەرم لە بە تەنیا مانەوەمان نەکەین، چونکە نابێ قەت ڕێگە بدەین ببینە قوربانیی بۆچوونی کەسانی دی، پێویستە پێناسەی ژیانی خۆمان لە کەسێکی دی وەرنەگرین، خۆمان پێناسەی بوونی خۆمان بکەین.
  • هەمیشە مرۆڤە ڕەش و تاریکەکان لە ناوەوە، بە بوونی کەسانی پاک و دڵسۆز قەڵسن و لەسەر دڵیان گرێیە و پێیان قبووڵ کراو نییە، تۆماس باین جوانی گوتووە کە دەڵێ: (هەوڵدان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسێک دەستبەرداری مەنتیق بووبێ، وەک ئەوە وایە دەرمان بدەیتە لاشەیەکی مردوو)، من لەو باوەڕەدام مەحاڵە گەنگەشە لەگەڵ کەسێکی نەزان بکەی و بیبەزێنی، هەمینگوای دەمێکە گوتوویەتی: (تەنیا مردوو و گەلۆرەکان ناتوانن بیروڕای خۆیان بگۆڕن)، واتە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە بێهوودەیە و هیچ سوودی نییە، بۆیە پاولۆ کۆیلۆ دەڵێ: (ئەگەر تۆ نەترسی لەوەی خەڵکیی لەبارەتەوە دەیڵێن، ئەوە تۆ هەنگاوی یەکەمت بەرەو سەرکەوتن ناوە)، ڕاستییەکەی تەنیا ئەوانەی مایەپووچن هەوڵ دەدەن هەموو کەس لێیان ڕازی بێ، ئەوانەش کە لە پاش ملە باسی خەڵکی دەکەن، مارک توین چاکی لە بارەیانەوە گوتووە: (لە پشت تۆ قسە دەکەن، چونکە هەر بە ڕاستی ئەوانە لە پشت تۆوەن)، ئەوانەش ئەو کەسانەن کە زۆرتر لەسەر شتە بچووکەکان دەگیرسێنەوە. هزرڤانەکان دەڵێن مرۆڤ سێ جۆر عەقڵی هەیە، عەقڵێکی مەزن کە لەبارەی بیری قووڵ و گەورە دەدوێ، عەقڵی ناوەنجی کە لەبارەی ڕووداوەکانەوە دەدوێ، عەقڵی بچووکیش کە لەبارەی خەڵکەوە دەدوێ، ئەوە عەقڵە بچووکەکانن بەردەوام لە بارەی خەڵکییەوە دەدوێن. حەکیمێک وتی: کەسەکان وەک خانووەکان وان، هەندێکیان پێویستە دەستیان پێدا بهێنرێتەوە و چاک بکرێن، هەندێکیان بڕووخێنین و سەرلەنوێ دروستیان بکەینەوە، هەندێکیشیان لەسەریان بنووسین: بۆ فرۆشتن.
    دوا جار دنیادیتەیەک لەبارەی جنێوفرۆشانەوە وتوویەتی:
    کوڕەکەم، هەندێ وشەت پێ دەڵێم لەوانەیە سوودی بۆت هەبێ:
    چۆنی حەز بکەی، نەیاری هەر کەسێک بە، بەڵام جنێو بە کەس مەدە.
    چۆنت دەوێ تووڕە بە، بەڵام کەس بریندار مەکە.
    هەر چ دەکەی بیکە، بەڵام زوڵم و ستەم لە کەس مەکە.
    چۆنت دەوێ ئاوا تایبەتمەند بە، بەڵام خۆت لە کەس بە گەورەتر مەگرە.
ھەواڵی زیاتر