هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

مەترسییەكانی ھزری پیاوسالاری

د.ڤیان سلێمان

کرۆکی هزری پیاوسالاری لاواز بینینی ئافرەتە، ڕوانینە ئافرەت وەک کەم تواناتر لە پیاو، بەوپێیەش پێگە و شوێنگەی نزمتر لە پیاو، سەرچاوەی ئەوەش تێگەیشتنە لە ڕوانگەی بایەلۆژییەوە بۆ توانای مرۆڤ.
جیاوازی هێزی بایەلۆژی لای پیاو و ئافرەت کراوە بە بنەما بۆ ژێردەستەکردنی ئافرەت و دوورخستنەوەی لە پێگەی کۆمەڵایەتی یەکسان.
سەرهەڵدانیشی هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی موڵکایەتی تایبەت، هەروەها پشتگیری فاکتەرەکانی وەک کولتور و ئایدیا لەو باڵادەستییەی پیاو.
دەتوانین بڵێین پیاوسالاری دوو ڕووی هەیە، لەلایەکەوە تێگەیشتنی پیاو بۆ ئەرک و مافەکانی و ئەرک و مافەکانی ڕەگەزەکەی دیکەش بە ویستی خۆی هاوکات دیاریکردنی ڕۆڵ و پێگەکەشی لەهەمانکاتدا، ڕوویەکی دیکەی ئەم چەمکە تێگەیشتنی ئافرەت بۆ ئەم تێڕوانینە، لێرەدا ناتوانین بڵێن هەموو پیاوێک بڕوای هزری پیاوسالاری هەیە و هەموو ئافرەتێکیش بڕوای پێی نییە، بەڵام بەگشتی پیاوسالاری سیستەمێکە کە ڕەوایەتی دەدات بە دەسەڵات و هەژمونی پیاو. پیاوسالاری تایبەت نییە بە کۆمەلگەیەکی دیاریکراو، بەڵکو سیستەمێکی جیهانی مێژوویی کۆمەڵایەتی فرەڕەهەندە و بە چەندین فۆرمی جیاواز و لە تەواوی سێکتەرەکانی کار و تەوەرەکانی ژیان
و کایەکانی بەڕێوەبردن بەشێوەیەک لە شێوەکان بوونی هەیە، هزری پیاوسالاری میراتێکی هەزاران ساڵەیەو تا ئیستاش کاریگەری ماوە. وڵاتانی ڕۆژاوا و پێشکەوتوش بەو قۆناغەدا تێپەڕیون و لە ئەوروپای کۆن پیاوسالاری وەک پرسێکی سروشتی بینراوە.
پیاوسالاری لە زمانی کوردیدا کە لە دوو وشەی
لێکدراوی پیاو و سالار پێکهاتووە، بە واتای سالاری پیاو و دەسەڵاتدارییەتی بەسەر ئافرەتدا، بەوپێیەش دوو ڕەگەز کە فاکتەری بەردەوامی کۆمەڵگەن لە هزری پیاوسالاریدا هەمان پێگەی یەکسانی مرۆڤبوونیان نییە، بەڵکو یەکێکیان دەسەڵاتدار و بەهێز و ئەوی دیکە لاواز و بێ دەسەڵات، واتە بە موڵککردنی ڕەگەزێک بۆ ڕەگەزەکەی دیکە، چاندنی جۆرێک لە هزر و ڕوانینی باڵایی و خۆسەپێنی لە هەست و دەرون و تێگەیشتنی ڕەگەزێک و ملکەچی و گوێڕایەڵی لە هەست و ئاگایی ڕەگەزەکەی دیکە.
پیاوسالاری لە سترەکتۆری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردیدا ئامادەیی هەیە، لە بینینی ئافرەت وەک تەنها بوونێکی فیزیکی نەک بوونێکی خاوەن هۆش و زیرەکی، لە ڕێگریکردن لە پراوەکردنی ئازادی و سەربەستییەکان و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت لەنێو خێزاندا، لە ئاستەنگ خستنەپێشی لە پانتایی گشتی ژیان و فاکتەرەکانی پێگەیاندن، لە هێڕشکردنە سەری لە سۆشیال میدیا لە گوتاری ئایینی بەشێک لە وتاربێژانی ئایینی، لە ریکلام و دراما و پەیامی بەێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بەگشتی لەپێشدانی ڕەگەزی نێر بەسەر ڕەگەزی مێ.
بەدڵنیاییەوە هەموو ئەوانەش کاریگەری زۆریان هەیەو ئاستەنگی سەرەکین لە پێش هەموو هەوڵەکان لەلایەن حکومەت هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ئافرەتان بە ئاڕاستەی بەدیهاتنی یەکسانی جێندەری، هاوکات یەکجار بە قورسی لەسەر ئافرەت کەوتووە و سەدان ئافرەت بوون بە قوربانی ئەو مینتاڵیەتە و هەزاران ژیانیان لێ کراوە بە دۆزەخ و ئافرەتانی دیکەش کە لە کایە جۆراوجۆرەکاندا ئامادەییان هەیە ڕۆژانە ڕووبەڕووی نەشتەرەکانی هزری پیاوسالاری دەبنەوە.
لە کاتێکدا ئافرەت نیوەی پێکهێنەری هەر کۆمەڵگەیەک و دایکی نیوەکەی دیکەیە، ئایا چی باشییەک لە پەراوێزخستنی ئەو نیوەیە و بەهەند وەرنەگرتنی تواناکانی و ئاستەنگ خستنەپێش سەرکەوتنەکانی هەیە، یاخود چی باشییەكە لە بوونی دایکێکی ناهۆشیار و بێ دەسەڵات و لاواز
هەیە؟.
هەربۆیە لە سایەی هزری پیاوسالاریدا، تەنها ئافرەت قوربانی نییە، بەڵکو ئافرەت و پیاو و منداڵ و ڕەوتی گەشەندنی کۆمەڵگە و بەهاکانی مرۆڤایەتی لێی زەرەرمەندن. فەرامۆشکردنی فێرکردن و پێگەیاندنی ئافرەت سەرچاوەی بەشێکی زۆری نەهامەتییەکانە. دایکێک کە لەژێر هەژمون و دەسەڵاتی پیاودا بێت، هەرگیز ناتوانێت مرۆڤێکی هاوسەنگ و ساخلەم لەڕووی دەروونی پەروەردە بکات، کۆمەڵگەیەک کە تاکە ڕەگەزێک بەڕێوەبەر و پلانداڕێژ و دەسەڵاتداری بێت، نابێتە سەرزەمینێکی یەکسان بۆ تەواوی هاونیشتمانییەکانی و گوزارشت لە دونیابینی و بەرژەوەندی هەردوو ڕەگەزەکە ناکات، هەربۆیە بەرژەوەندی هەر کۆمەڵگەیەک لەوەدایە ڕۆژێک زووتر ئەو هزرە دواکەوتوو و خۆسەپێن و تاکڕەهەندە بەجێبهێڵی و دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەت بڕخسێنێ و دەرگاکانی خۆی
بەڕووی هزری مرۆڤسالاری بکاتەوە