ئاگری بێ دووكەڵ

حەمەسەعیدحەسەن

پێکەوە ژیان یەکێکە لە شانازییەکانی کوردەواری، گوایە بە چاوپۆشین لەوەی ســـەر بە کام ئایین یان نەتەوەیـــن، هەر ڕێزلێگیراوین کـــە پێچەوانەکەی لە ڕاستییەوە نزیکترە، ئاخر زوو زوو ئەم پێشنماز یان ئەو بانگخواز، سووکایەتی بە کریستیان، ئێزدی، کاکەیی و جوو دەکات. هەندێک جار تیری سووکایەتیی دۆکتۆری ســـەلەفی و پزیشـــکی بانگخواز، ســـنگی (هیندۆس)یش دەکات بە نیشـــانە. واعیزی دوازدە جەهل دەیگوت: هیندۆس مانگا دەپەرستن، عەقڵی بەوە نەدەشکا دوازدە دەقیقە بۆ ناسینی ئەو ئایینە زەبەلاحە تەرخان بکات، تا نەکەوێتە چاڵی ئەو ســـکانداڵەوە، ئاخر هیندۆس مانگا ناپەرستن، بەڵکوو چونکە ســـەردەمانێک ژیانیان بە خێروبێری مانـــگاوە بەند بووە، بە پیرۆزی دەزانـــن و ڕێزی لـــێ دەگرن. ئایـــا کۆلکەمەلا دەزانێـــت، تراجیدیا بە مانای (سترانی بزن) دێت؟ ئایا دەبێت بڵێین تراجیدیانووسانی وەک: سۆفۆکلێس و
ئەسخیلووس و یورپیدووس، بزنپەرست بوون؟
ئەوە ســـووکایەتیکردنە بە کریستیان و بە کاکەیی و بە ئێزدی و بە جوو، کە بانگخوازێکی ژنڕفێن، لە تیڤییەوە دەڵێت: (ئایین لەکن خوا، تەنیا ئیسلامە،) بۆیە (ئەوی بێجگە لە ئیســـلام دوای هـــەر ئایینێکی دیکە کەوتبێت، کافرە.) پزیشـــکە بانگخوازەکەیش دەڵێت: ئێزدی شەیتانپەرســـتن، هەقە ئیشیان پێ بکەین و کرێیان نەدەینێ! ئەو داعشفیکرە، ئێزدی بە شەیتانپەرست لە قەڵەم دەدات، هەرچەندە ئێزدییش وەک موســـوڵمان یەکتاپەرستن. شەیتانپەرستی یان ســـاتانیزم لە 1948دا لە ئەمریکا، هەربێرت ئارسەر سلۆن دایمەزراندووە، ســـەد هەزار کەســـێک دەبن و شـــەیتان بە خوداوەندێکی مەزن دەزانن. دوو نووســـەرە بلیمەتەکەی بریتانیا و ئەمریکا: جۆرج بەرنارد شـــۆ و مارک توین،
شەیتانیان وەک قارەمانێکی گەورە وێنە کێشاوە.
حەکیمـــی بانگخواز! مەلەک تاوس شـــەیتان نییە، مەلـــەک تاوس لای ئێزدی نوێنـــەری ویســـتی یەزدانـــە، ئاخر ئێزدی لـــە یەزدانەوە هاتـــووە و نە هیچ پێوەندییەکی بە یەزیدی کوڕی مەعاویەی دووەم خەلیفەی ئومەوییەوە هەیە، نە هیچ لەگەڵ شاری یەزدی وەڵاتی فارسدا کۆی دەکاتەوە. ئێزدی یەزدانپەرستە نەک شەیتانپەرســـت، ئێزدی دینێکی دێرینە، تەمەنـــی دوو هێندەی تەمەنی ئۆلی ئیســـلامە و حەفتا و دوو جار وەبەر ئەنفالی لەشکری ئیسلام کەوتووە، دوا جاریان هاوینی 2014 بوو. ئێزدی ڕەسەنترین کوردن، بە کرمانجی ژووروو دەپەیڤن، پێیان وایە کوردی زمانێکی پیرۆزە و خوا بە کوردی قســـەی لەگەڵ ئادەمدا کردووە. ئێزدی کە نزیکەی یەک میلیۆن کەس دەبن، نە دەچنە ســـەر دینێکـــی دیکە، نە لێ دەگەڕێن کەس بێتە ســـەر دینیـــان، (دینی خۆتان بۆ
خۆتان، دینی خۆمان بۆ خۆمان،) لە قسەی دڵی وان دەچێت.
دەبێت ددانی پێدا بنێین، پێکەوە ژیان لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدایە،
ئاخر واعیزی ناساز دەنگی داعش فیکر، فەزای گشتیی داگیر کردووە

ھەواڵی زیاتر