كات و شوێن وەك فاكتەرێكی ھەڵسەنگاندن

غیاسەدین نەقشبەندی

کات و شوێن، دوو فاکتەری گرنگن بۆ هەڵسەنگاندنی هەر مژارێک، بەبێ ئەوان هیچ هەڵسەنگاندن و بۆچوونێک زەلاڵ نابێت و لە ڕاستییش نزیک نابێتەوە.
کات و شوێن و قەومان سێکوچکەی تێگەیشتنی هەر مژارێکن، پشتگوێخستنی هەر پێکهاتێکی ئەو سێکوچکەیەش لەنگ و لاری دەکات و لە تێگەیشتنێکی دروست دوورمان دەخاتەوە.
ئینجا، ئەو بۆچوونە رووبەڕووی پرسیاری ترمان دەکاتەوە کە بە فۆڕمێکی تێگەیراو بتوانین واتایەکی گونجاو بۆ هەر خاڵێکی ئەو هاوکێشەیە بدۆزینەوە. ناکرێت هەڵسەنگاندن بۆ قەومان و رووداو
و دیاردە و مژار بکەین بەبێ رەچاوکردنی کات و شوێن. دیاردە وەک فینۆمینێکی پەتی (ئەبستراکت) ترسێکی وای لێ ناکەوێتەوە چونکە چارەکردنی ئاسانە و جارێ نەگەیشتووەتە ئاستی دابونەریت بۆ ئەوەی پەسەنی رەسەنایەتی بەدەست بێنێت و ببێتە مۆرک بۆ رەوەشتی گشتی، بەڵام ئەگەر گەیشتە ئاستی دابونەریت، جێگیر دەبێت و ڕەوایەتی و ڕەسەنایەتی لەڕێگای بەگشتیبون و پێکهاتن لەسەری؛ ڕەوایەتی وەردەگرێت و لە تەوری دیاردە دەردێت و دەکەوێتە مەودای دابونەریت، چونکە دیاردە کاتیە و دابونەریت رەسەنە.
واتا: دیاردەی نەرێنی ترسیان لێ ناکەوێتەوە چونکە کاتین
و کات و ئاراستەکردنی راست چارەی دەکەن، بەڵام ئەگەر بو بە دابونەریت هیچ یاسایەک و هیچ دەستەڵاتێک ناتوانن چارەی بکەن، چونکە ڕیشە دادەکوتێ و دەبێتە مۆرکێکی رەسەن لەناو بونیادی کۆمەڵگادا، بۆیە دەستەڵات بەرپرسە لەوەی نابێ بهێڵێ کات بەسەر دیاردەی دزێو و هەڵەدا بڕوات بەبێ چارەسەری مۆڕاڵی دەماودەست، ئەگەر نا توشی کێشەیەکی ئەخلاقیی مەزن دەبێتەوە کە بەهیچ شێوەیەک چارەسەر نابێت مەگەر بە دابەزینی ئاینی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە کە پێشم وانیە ئەویش بتوانێ چارەسەری
بکات. دزی، گەندەڵی، بێباکی، خۆبەزلزانین، خۆپەرستی، بێڕەوەشتی، هەموویان دیاردەی دزێو و قێزەوەنن، لە حاڵەتی ئاسایی و کۆمەڵگایەکی تەندروستدا هیچ خێزانێک نایەوێ منداڵیی خۆی لەسەر ئەو پەسەنانە بەخێو بکات.
سیستمی سزا و پاداشت چ بە فیزیک و چ بە واتاگەری، رۆڵی
خۆی دەبینێت بۆ ئەوەی تاکێکی قەنج (ساڵح) بەرهەم بێنێت و هەروەها دەستەڵاتیش لەڕێگا سەرخانی کۆمەڵایەتی و دەزگاکانی فێرکردنی مۆڕاڵ و رەوەشت یارمەتیدەری ئەو کارەن کە مرۆڤی قەنج بەرهەم بهێندرێ، نەک بەندەیەکی گوێڕایەڵ بە ناخێکی داڕماو و کەسایەتییەکی چاوشۆڕ و ملهوڕ.
ئەوانەی لە سەرەوەش باسم کردن، دزی و گەندەڵی و خۆپەرستی؛ ماوەیەکی زۆریان بەسەردا تێپەڕیوە وەک دیاردە، خەریکە دەکەونە تەوری دابونەریت و منداڵی کوردستانی لەسەر بەها و ئاکاری نوێ بەخێو دەکرێن، منداڵ گوێی لێ دەبێت دایکی بە باوکی دەڵێت: تۆ بێکەڵکی، هیچت بۆ ئێمە نەکرد، نەتتوانی گەندەڵیەکیان دزیەک بکەی، بۆ ئەوەی ژیانمان باشتر ببێت. ئەو رستە ترسناکە هەرچی جوان هەیە لە ناخی ئەو منداڵە دەیکوژێ و وێرانی دەکات، جارێکی تر کەس ناتوانێت ئەو منداڵە ڕاست بکاتەوە، چونکە هەڵگری دابونەریتێکی نەرێنی و سەقەتە.
زاراوەی پیاوچاک، قەنج، بەئەخلاق، بەڕەوەشت، بەئەدەب خانەدان مەرد، لە فەرهەنگەکەیدا نامینێت، وەکو دڕندەیەکی درۆزن و ترسناک و خۆخۆر گەورەدەبێت، بۆیە وا خەریکە زاراوەی قەنج، چاک، راستگۆ، لەناو کۆمەڵگاماندا نامێنن، سوپەرمان و مرۆڤە باڵا و نموونەییە کە بۆتە دەستڕۆیشتوو، لە سەرەوە نزیک،
زەنگین پێگەیشتوو، بیژی، لێزان، هەلپەرست، لێزان لە دزی و گەندەڵی و بێڕەوەشتی ـ

ھەواڵی زیاتر