وشە وای گوت

د.سالار عوسمان

یادی ١٠٠ ساڵەی سەرهەڵدانی شانۆ لە هەولێر و پتر لەقسەیەک !..
بیرۆکەکە چۆن ڕسکا ؟..
بیرۆکەکە بریتیە لە یەکەم نمایشـــی شانۆیی لە مێژووی کوردستاندا، ڕووداوێکی گرنگە، ناکرێ هەڵوەستەی لەسەر نەکەین، تایبەت بۆ ئێمە، کە بەشێکی مێژوومان ونە و بەشێکیشی شێوێنراوە، کە هاتنە لام و بیرۆکەکەیان باسکرد، بیرم بۆ ئەوەچوو، کە چەند لاپەڕەی ئاوا ڕووناک هەن و لە تاریکیدا، لەبن زوڵم و ستەمی داگیرکەراندا ونکراون و، ئیتر قەدەری نەوەکانە و دەبێ لاپەڕەکان،
بەڵگە و ڕووناکییەکان بدۆزنەوە !.. بەر لە ســـەت ســـاڵ و لە پایزی ســـاڵی 1921، لەم هەولێرە دێرینە، کە نیشتیمانێکە بۆ خۆی و باوەشـــی بۆ هەمووان کردۆتەوە، یەکەم نمایشی شـــانۆ، یەکەم دەستپئکی شانۆیی، یەکەم چرا دادەگیرسێت و تا ئەو ڕۆژەی بەڵگەیەکی تر دەدۆزێتەوە، قوتابخانەی (ئەربیل ئولا) و شانۆگەریی (سەلاحەدین ئەیوبی) و (شاری هەولێر) ، یەکەم چرای ئەو مێژووە پر لە ئیفتیخارەن. ڕاستە شـــانۆگەرییەکە پێشتر نووســـەری بەنێوبانگ (محەممەد تەیمور ) دۆزیویەتییەوە، بەڵام بیرۆکەی ســـەت ساڵەکە هی نووسەر و هونەرمەند کاک (موحسین محەممەد)ە، کە نزیک لە نیو ســـەدەیە ســـەری لە نێو مێژوو و ئەرشیفی شـــانۆدایە، بیرمە لەگەڵ کاک (گۆران حوسێن)، کە ئەویش هونەرمەندی بواری نواندن، لە هەمان دەمدا بەرێوەبەری تیپ و سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکانی هەولێرە، هاتنە لام و ئەم بیرۆکەیان خستەڕوو، منیش وێڕای دەستخۆشی و نیشاندانی ئەوپەڕی پشـــتگیریی، گوتـــم : ( ئەم یادە تایبەتە بە مێژووی شـــاری هەولێر و دەبـــێ پارێزگای هەولێر ئەنجامی بدات و دەکرێ ئێمە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هەماهەنگ بین)، لەگەڵ پارێزگاری هەولێر: کاک (ئومێد خۆشـــناو) قســـەمان کرد، یەکسەر گوتی: ( خۆشحاڵم و بە هەموو توانای پارێـــزگاوە پشـــتیوانین )، ئەوانی بینی، هاتنەوە، چوونەوە لای پارێـــزگار، وردە وردە کارەکان کەوتنە ســـەرپێ، پێشـــنیارمان کرد لیژنەیەکی باڵا و لیژنەیەکی راوێژکاریی لە پسپۆڕانی بواری شـــانۆ پێک بێت و پتر لە پێشنیارێکیشـــمان خســـتەڕوو، بەڵام پارێزگار پێـــی باش بوو بەندە ســـەرۆکایەتی لیژنەکە بکەم، دەســـتمان بەکارەکان کرد، بۆ مێژوو، وا لێرەدا ناوی لیژنەی باڵا و لیژنەی ڕاوێژکاریی تۆمار دەکەم، کە بەنووســـراوی ڕەسمی ژمارە (1642) لە (2021/10/27) بە ئیمزای پارێزگاری هەولێر فەرمانیان بۆ دەرچووە، لیژنەی باڵا بریتی بوون لە : ( ســـالار عوســـمان، مەسعود محەممەد کارەش، فەرهەنگ غەفوور، ســـەباح عەبدولڕەحمان، هیوا ســـوعاد، حەیدەر عەبدولڕەحمان، چەتۆ حەسەن، گۆران حوسێن، ئەرسەلان دەروێش، موحســـین محەممەد و ئاواز ئەحمەد)، لیژنەی ڕاوێژاکارییش بریتی بوون لە : ( ئەحمەد ســـالار، ناســـر حەسەن، ژیلوان تاهیر، خەرمان هیرانی ، مەهدی حەسەن و سوهام حەســـەن)، دەستمان بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە کرد، تا دەهات کارەکان دەڕوان و شین دەبوون، پەرۆشـــیی ســـنووربڕی لیژنەی باڵا، لیژنەی ڕاوێژکاریی، لیژنەکانی تر، کە دواتر بە وردی ناویان تۆمار دەکەین، تایبەت هەندێ ئازیزم هەرگیز بیر ناچێتەوە، کە چەند بە دڵسۆزییەوە دەیانویست و دەکۆشان و دەفکرین، تا یادی سەت ساڵەی سەرهەڵدانی شانۆ لە هەولێر بکەنە ملوانکەیەکی
جوان بە گەردنی کوردستانەوە، لێرەوە سوپاسیان دەکەم و دەستی ماندووبوونیان دەگوشم