ئەوانەی لە كەناڵی ئینگلیز خنكان ، ھەڵخەڵەتێنران و خیانەتیان ڵێ كرا

مەسرور بارزانی

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بانگەوازێک لە وڵاتانی جیهان دەکات بۆ چارەسەری قەیرانی کۆچبەران، بەتایبەت دوای ئەو کارەساتەی لە کەناڵی ئینگلیز رووی دا

بە درێژایی چەندین ساڵ کورد کۆچبەر بوون تەنانەت لەسەر خاکی خۆشمان، کوڕ و کچانمان بەردەوام لە شەڕ و سەرکوتکاری و تەنانەت جینۆساید هەڵاتوون. کورد قەت لە رووبەڕووبوونەوەی سەختییەکان نەترساون و بێئاگاش لە ئەجینداکان نەبوون.
لە مانگی رابرووەوە فڕینی کۆچبەرانی کورد بۆ ئەورووپا
و ئەو دۆخە سەختەی رووبەڕووی بوونەوە لە دارستانە ساردەکانی بیلاڕووسیا و، کەناراوەکانی دەنکیرک، کارەسات و جێگەی نیگەرانی ئێمەیە ، لە رۆژانی رابردووش تراژیدیای کەناڵی ئینگلیز لەدڵەوە نیگەرانی کردین. مردنی ۲٧ کەس کە زۆربەیان کوردی هەرێمی کوردستان بوون، كە بەداخەوە لە ئاوە بەستووەکاندا مردوون و خنكاون.
ئێمە زۆر شت لەبارەی ئەو رێگەیە دەزانین كە قوربانییەكان
گرتوویانەتە بەر، لە پرۆسەی وەرگرتنی زانیاری زیاتریشین، بەڵام لێرەدا دەتوانم بڵێم ئەوانەی گیانیان لەدەست دا، هەڵخەڵتێنراون و خیانەتیان لێ کراوە. ئەوان کرانە بەشێک لە شانۆگەرییەکی سیاسی کە ئەندازیارانی ئەو یارییە هیچ بەهایەکی ئەو دەردەسەریە و بەهای ژیانی ئەو خەڵكە نازانن.
ئێمە چاوەڕێی وەڵامی دۆستانی بەریتانیمانین لەبارەی ئەوەی ڕوویداوە لەو کۆچبەرانەی ئاوارەکانی ئینگەلتەرا، لە کاتێکدا داوای هاوکاریی بەپەلە کراوە لە سەرەتاوە، هیواخوازیشین هاوبەشانمان لە فەرەنسا هەموو هەماهەنگییەک بکەن لەوبارەوە، ناشێت ئەوە قەت ڕووبداتەوە.
تۆڕی قاچاغچیان، ئامانجیانە ئەورووپا تژی بکەن لە کۆچبەر، وەکو ئامرازێکی فشار لەسەر سەرکردە سیاسییەکان لە کێشەی نێوان بیلاڕووسیا و برۆکسلدا، ئەوان خەڵکی ئێمەیان وەک بارمتە بەکار هێنا بێ ئەوەی گرنگی بە لایەنی مرۆیی ئەوانە بدەن کە خۆیان بەلاڕێیاندا بردن.
ئێمە هەنگاوی جیدیمان هەڵگرتووە بۆ ڕاگرتنی چوونی خەڵك بۆ ئەو گەشتە مەترسیدارە کە هۆکارەکەی هەندێك سەرکردەی سیاسین بە هاوکاریی قاچاغچییەکان و هەندێک باندی تاوانبارن.
ئەو نووسینگە گەشتیاریانەی ئاسانکارییان کرد بۆ چوونی ئەو خەڵكە بۆ بیلاڕووسیا دەستگیر کراون و دادگایی دەکرێن، پێدانی بێسنووری ڤیزاکان ڕاگیراوە، ئێمە هاوکاریی ئەو کەسانە دەکەین بیانەوێت بگەڕێنەوە کوردستانی عێراق، تاوەکو ئێستا نزیکەی ۲ هەزار کەس گەڕاونەتەوە و زۆربەیان هەڵگری پەیامێکن کە ئەوەی کە وەک ڕێگەیەک بۆ باشتربوون پێیان فرۆشرا، لە ڕاستیدا تەڵەیەک بوو بۆ مردن و نابێت هیچ کەس بەدوایان بکەوێت.
بۆ دۆستانیشمان لە ئەورووپا، دان بەوەدا دەنێین کە گەیشتنی ژمارەیەکی زۆر پەنابەری عێراقی بۆ خاکەکانتان لە ساڵانی رابردوودا، قەیرانێکی دروست کرد کە پێویستی بە چارەسەرە، ئێمە ئاگاداری پێویستیی ئێوەین و کار دەکەین لەگەڵتان بە باوەڕەوە بۆ دڵنیابوون لە گەیشتن بە ئەنجامێک، تیمێکمان لە برۆکسلە و ئەم هەفتەیە دەست بە گفتوگۆ دەکەن.
بەڵام بەتەنیا ئەوەمان پێ جێبەجێ ناكرێت، ئێمە نزیکترین دراوسێی ئەورووپاین، ئەگەر ڕەگوڕیشەی ئەم قەیرانە لەناو نەبرێت، کۆچبەران بەردەوام دەبن لە لێدانی دەرگاکانی ئەورووپا، ئەورووپا دەتوانێ هاوکارمان بێ لە چاکسازیی ئابووریدا، کە سەرچاوەی کێشەکەیە، ئەگەر ئەوە بکرێت، دەتوانین شەپۆلی داواکارانی مافی پەنابەری هێواش بکەین و ئاستەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتی وئاسایشییەکانیش چارەسەر بکرێن.
هەروەها ئێمە چاوەڕوانیی ئەوەمان لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان هەیە، کاری زیاتر بۆ پاراستنی گەلەکەمان بکەن.
پۆڵەندا و بێلاڕووسیا بەدیاریکراوی، دەبێت پابەندی ئەرکەکانیان بن لە ئاست ئەوانەی کە زۆر پێویستیان بە هاوکارییە، ئێستا کاتی هاتووە جیهان بە ئاراستەکەی دیكە بڕوانێت.

سەرچاوە:لۆمۆندی فەرەنسی
سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان

ھەواڵی زیاتر