کەڵکوەرگرتن لە هێزی شاراوە؟

گوهدار ئاكرەیی
ئەگەر سەرنج بدەینە پەیوەندی نێوان چاو و گوێ، کەوا هەردووکیان دوو هەستپێکراون، پەیوەندییەکی تەواوکەریان لەنێوان هەیە، ئەوەتا هەر کاتێ چاو وێنەی شتێک دەبینێ، مەرجە کەسەکە بە گوێش بیبستێ بۆ ئەوەی دڵنیا تر بێ. بەپێچەوانەوە، کاتێ گوێ شتێک دەبیستێ، دیتنیشی بە چاو مەرجە، بۆ زیاتر دڵنیا بوونەوە .
کەواتە ئەم دوو هەستپێکراوە، پەیوەندییەکی پتەو و تەواوکەریان بە یەکترەوە هەیە، لە هاوکاری و دڵنیا کردنەوەی یەکتر. ئەم نموونەیەشم بۆ ئەوە هێناوە، رێک کاری نێوان ئەم دوو هەستەوەرە زۆر نزیکە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و هێزە شاراوەکەی، کە لە بنەڕەتدا خودی مرۆڤ خاوەنیەتی و سەرچاوەی هێزێکی لەبننەهاتووی مرۆڤە، لە جیهانی ناوەوەی مرۆڤەوە دێت، لە دەرنجامی ئیرادەیەکی خۆلەدەستنەدەر، جۆرە وزەیەکت پێ دەبەخشێ، وا هەست بکەیت هیچ بەربەستێک لەجیهانی دەرەوەت، بەرامبەر بەو ئامانجەی کە نیگات بۆ کێشاوە، بوونی هەبێت، کەواتە پرسیار لێرەیە چۆن بتوانین پەیوەندیمان، لەگەڵ ئەم هێزە، هەروەکو پەیوەندی و هاوکاریی نێوان چاو و گوێ، بنیات بنێین؟ کەلە سەرەتا ئاماژەمان پێ کرد، کە ئەم دوو هەستە یەکتر دڵنیا دەکەنەوە و هاوکاری یەکترن لە کارەکانیاندا. بەڵام بەرلەوەی قووڵ بچینە ناو بابەتەکەوە، شتێکی روون و ئاشکرایە، هەر شتێک بوونی هەبێت. تایبەت مەندی خۆی هەیە. لەبەر ئەوە، سەرەتا پێویستە زانیاری و تێگەیشتنی تەواومان لەسەر تایبەتمەندییەکانی ئەم هێزە هەبێت. چونکە تێگەیشتن لەهەر بابەتێک، واتە نیوەی ئامانجەکەت پێکاوە. جا بۆ ئەوەی بتوانین دەستمان بگا بە تیشکی ئەم هێزە شاراوەیە! پێویستە زانیاری مان لەسەر تایبەت مەندییەکانی ئەم هێزە شاراوەیە هەبێ. ئەوەتا لە تایبەتمەندییەکانی ئەم هێزە، بەبێ هۆکار کار ناکات، بەچاو نابینرێت تا مرۆڤ بتوانێت نیگای بۆ بکێشێ و بناسرێتەوە، تەنیا هەست بە کردارەکانی دەکرێت. لەبەر ئەوەیە زۆر لە ئێمەی مرۆڤ، بێ ئاگاین لەبوونی ئەم هێزە شاراوەیە ، نەمانتوانیوە خۆمان لەگەڵی رابهێنن یا پەیوەندی لەگەڵ دروست بکەین، تاوەکوو سوودی لێ وەرگرین. کەچی رەنگە رۆژانە، یا لە زۆر ساتەکاندا بە سەرماندا هاتووە، هەستمان بەو جۆرە هێزە کردووە و بە چاوی خۆمان بینیومانە. بەتایبەتی کاتێ کەسێک لە دەستی ئاژەڵێکی دڕندە، یا بکوژێک هەڵدێت، بۆ ئەوەی خۆی رزگار بکات، تاوەکو بەر گوللە نەکەوێت، خۆیشی نازانی چ هێز و وزەیەکی بۆ دروست دەبێ، بۆ ئەوەی سەلامەت بێت. چونکە هەموو وزەی هزر و جەستەی کۆ بۆتەوە، بەمەش ئەو توانا و وێریانەی بۆ دروست ببێت، کەسەکە بتوانێت لە بەرزاییەکی زۆر بڵندەوە خۆی هەڵدا، بیر لە هیچ جۆرە ترسێک نەکاتەوە، چونکە دڵنیایی و زاتێکی زۆری بۆ دروست بووە، دەتوانێ ئەو کارە بکات. بە پێچەوانەوە ئەگەر هەمان کەس لە کاتی ئاساییدا، رەنگە نەتوانێ سەیری ئەم شوێنە بەرزە بکات، کە خۆی لێوە هەڵداوە، ببێتە پرسیار بۆی؟ چۆن ئەو توانا و ئازایەتیەیش بۆ دروست بووە، لەو بەرزاییە بڵندەوە خۆی هەڵبدا، لە هەمانکاتدا جێی سەرسوڕمانی ئەو کەسانەش بێ، کە بینیویانە لە کاتی خۆهەڵدانەکە. ئەمەش هەمووی بۆ هاوکاری و پەیوەندی و یەکگرتنەوەی وزەی هزر و وزەی جەستەی کەسەکە دەگەڕێتەوە، کەبە هێزی شاراوەی خودی مرۆڤ ناسراوە. کە چۆن هەموو کێشە و ئاستەنگەکان، بچووک دەکاتەوە. کەواتە هەموو ئەمانەش، بەلگەن هەروەکوو لەسەرەتا ئەماژەمان پێی دا ئەم هێزە نەبینراوە! بێ هۆکار کار ناکات، تەنیا بە کردار هەستی پێ دەکرێت. بەڵام خۆشبەختانە دەکرێ مرۆڤ خۆی لەگەڵ ئەم هێزەدا ڕابهێنێت، نەک تەنیا لە کاتی ترس و رووداوی نەخوازراو بەکاری بهێنێ، بەڵکو وەک پەیوەندی هەستەوەری چاو و گوێ هەردووکیان، کە بە بەردەوام یەکتر دڵنیا دەکەنەوە و هاوکاری یەکترن، بەتایبەتی لە بوونی هەر ئامانجێک، یا هەر پێشبڕکێیەکی زانستی و وەرزشی و هتد بەکاری بهێنین. ئیتر رەنگە تەنیا ئەمە بۆچوونی خۆم بێ! کە ئەمە، ئەو جیاوازیە بێ مرۆڤی ئاسایی و مرۆڤی ناودار لێک جیا بکاتەوە، هەرچی مرۆڤە ناودارەکانن، توانیویانە دەستیان بگا بە تیشکی ئەم هێزە شاراوەیە، پەیوەندیەکی پتەویان لەگەڵ ئەم هێزەدا دروست کردووە. لەو بوارەی هەیەتی، لە ژیانی ڕۆژانەیدا.

ھەواڵی زیاتر