كورد و دیموكراسی

سیامەند سێلكی

مومارسەکردنی دیموکراسی و جێبەجێکردنی بنەماکانی و پابەند بوون بەبەهاکانیەوە، بۆ نەتەوە وشیار و پێگەیشتووەکان نعمەتێکی مەزنە و، توانیویانە لەو ڕێگایەوە وڵاتێکی پێشکەوتوو بنیات بنێن و ژیانێکی سەربەرز و پڕ لەبەختەوەریش بۆ خویان و نەوەکانی داهاتویان مسوگەر بکەن.
مخابن هەمان ئەو دیموکراسیە بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و خاک داگیرکراوی وەکو کورد کە هێشتا هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە و، شەڕی پاراستنی ناسنامە نەتەوەییەکەی دەکات بووە بە بەڵایەکی مەزن و جگە لەکارەسات و ماڵوێرانی هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبووە!
ئەمە لەبەر ئەوەیە هوشیاری تاک و جڤاکی کوردستانی لەئاستێکی وەهادا نەبووە و نیە، کە تەقەبولی چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی بکات یان خۆ لەگەل واقعێکدا بگونجێنێ
.کەتێیدا بەها و چەمکەکانی دیموکراسی پارێزراو و ڕێز لێگیراو.
لەئەنجامی ئەوەدا لەڕووی سیاسی و ئیعلامی و تەنانەت جڤاکیشەوە فەوزا و تێکبەردانێکی وەها دروست بووە، کە بووەتە مەترسیەکی جددی لەسەر مانەوەی کورد وەکو نەتەوە !
لەم فەوزایەدا ڕۆژانە بەها نەتەوەییەکان دەخرێنە ژێر پێ و سوکایەتیان پێ دەکرێت .
ڕووناکبیرو سیاسی کورد بەدیاری کراویش لەپایتەختی ڕوشنبیری کوردستانەوە نیشتمان بەپێڵاو و ئاڵای کوردستانیش بەپەڕۆیەکی بێ بەها دەشوبهێنن !
لەژێر کاریگەری گوتاری ئەو سیاسی و ڕوناکبیرانەدا، بەشێکی زۆری کومەڵگە ڕقی لەکوردستان و ئاڵاو هەموو بەها نەتەوەییەکانە و هەمیشە هەوڵی تێکدان و سووتاندنیان دەدات!
دوای هەر ڕووداوێکی لەو شێوەش هەمان ئەو سیاسی و ڕوناکبیرانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەی داگیرکەراندا، ئۆباڵی سوتاندن و وێرانکارییەکان دەخەنە ئەستۆی حکومەت و دەسەلاتی کوردستان .
ئاخر لەبنەڕەتدا گوتاری ئەو سیاسی و ڕووناکبیرانە گوزارشت لەپەیام و بۆچوونی ئەو گروپە سیاسی و ئیعلامیانە دەکات کە لەلایەن موخابەراتی داگیرکەرانی کوردستانەوە دامەزراون، تا خزمەت بەئەجێنداکەیان بکەن کە لێدانە لەبەها نەتەوەییەکانی کورد و ناشیرین کردنی دەسەلاتی کوردستان لەپێش چاوی جیھان .