مەشخەڵ كەوڵۆسی
لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا، لە میحوەری گەرمەسێر، داعش دوو پەلاماری خوێناوی بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كوردستان تۆماركرد. ئەوە بمانەوێ یان نا، نیشانەیەكی ڕوونە لەسەر:
یەك: گەڕانەوەی داعش بۆ چالاكی پارتیزانی بە مۆدیلی خۆی. دوو: جۆرێك لە بێخەمی و پشتوێن لێكردنەوەی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر لەو سنورەدا كە چاوەڕوان دەكرێت لەماوەكانی
داهاتوودا ببنە سنوری داغ.
بەرلەوەی هیچ قسەیەك بكرێت لەسەر مانای سیاسی ئەم
گەڕانەوەیە، دەچمە سەر لێدوانی یەكێك لەو فەرماندانەی پێشمەرگە كە لە بەرەنگاربوونەوەی پەلامارەكەی داعش لە شەوی ۲۰۲۱/۱۱/۳۰ بەشداربوو، ئەو زۆر بەڕوونی گوتی: ئەوان چەكی دوورهاوێژو قەناسی حەرارییان پێیە!. كەواتە ئەوان لەڕووی چەك و چۆڵە و پۆشتە ترن، باشە دەكرێت بپرسین لە پسپۆڕانی سەربازی ئەم مەملەكەتە: داعش كە بەخراپترین شێوە لە سوریا و لەموسڵ تێكشكا و هەموو بنكەكانیان لەدەستدا، ئیستا كام لایەن و لەبەرچی بەو شێوەیە پڕچەكی كردوون؟ كام دەوڵەت لەپشتی ئەو پڕچەككردنەوەیە و بەچ ئامانجێك؟.
ئێمە تاكو كۆدە سیاسییەكانی ئەم ئاڵوگۆڕە شی نەكەینەوە، ئەستەمە بتوانین لە ڕووی سەربازی و تەناهییەوە مامەڵەی تەواوی لەگەڵدا بكەین، یاخود چاودێری هەنگاوەكانی تری پرۆسەی گەڕانەوەی
داعش بكەین.
بێگومان هەمووان دەزانین كە كۆتایی مانگی ۱۲ی ئەمساڵ، واتە
مانگێك لەدوای نوسینی ئەم كورتە شیكارە، وادەی كشانەوەی یەكجارەكی هێزەكانی ئەمریكایە لەئێراق. ئەم پێشهاتەش ئەگەرچی چاوەڕوانكراوەو بەگوێرەی ڕێككەوتنێكی پێشوەختە لەنێوان حكومەتی ئێراق و ئەمریكاییەكاندا، بەڵام حكومەتی ئێراق زۆر لەوە لاوازترە كە بتوانێت ئاسەوارەكانی ئەو كشانەوەیە ئیحتیوا بكات.
لەهیچ سێكتەرێكدا پێشكەوتنی تۆمارنەكردووەو، ڕەوشی كارەكانی بەرەو خراپیوونی زیاتر ڕۆشتووە.
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەم ساتەدا، تەنانەت ئەگەر دواش
بخرێت یاخود جۆری ئەركەكانیان بگۆرن و لەئیراق بمێننەوە، بەهیچ شێوەیەك پەراوێزی جوڵەیان بۆ هاوكاری كردنی حكومەتی ئیڕاق تەنانەت لەدژی داعشیش وەك پێشتر نابێت و ئەو پەراوێزە تەواو بەرتەسك دەبێتەوە.
ئەوەش بەمانای فراوان بوونی پەراوێزی جوڵە ومانۆڕی داعش و هێزە نەیارەكانی تری ئێراق دێت. بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەم جۆرە پەلامارانە تادێ زیاتر ببن و جۆر و پلەو میتۆدی جێبەجێكردنیشان بگۆڕن.
هاوكات لەئیستادا ئێراق لەنێو دۆخێكی ئاڵۆز و كێشەیەكی
گەورەی پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی داهاتوودایە، دوورنیە ئەو پەیامانەی بە باڵی قەناسەكانی داعشەوە دەنێردرێن، بۆ دروستكردنی هاوكێشەی نوێ بن لەئیراق و ئەو لایەنانەی لەپشتی ئەو جۆرە پەلامارانەن كەبەناوی داعشەوە ئەنجام دەدرێن، دەیانەوێ بەهای ماندووبوونیان لەپەرلەمان و حكومەتی داهاتووی ئیراق وەربگرنەوە. بێگومان، دەستكردنەوە بە دانوستانی ئەتۆمی ئێران و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەكانیش، ئاسەواری زۆر گرنگی لەسەر كەڤالی تەناهی لەئێراق و یەمەن هەیە، چەندە ئەو دانوستانانە قورستربن، ئەوەندەش لە یەمەن و ئێراق، كتومت لە پارێزگای مەئرەبی یەمەن و لە خاڵە داغەكانی سێكوچكەی هەبوونی داعش لەئێراق، ئەو دەوڵەتانە پەیام بۆ یەكتر دەنێرن.
بەم مانایەش چالاكی ئەمجارەیان كەلە سنوری گەرمەسێر چڕ بووەتەوە، پەیامێكی ڕوونە لەنزیك سنورەكانی ئێران!. لەهەموو بارێكدا، نابێ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان، وا بیربكەنەوە كە شەڕی داعش كۆتایی هاتووە، ئیدی مانای وایە كە جەنگ لەدژی داعش تەواو بووە، چونكە ئەوە شەڕو پێكدادانی بەرەییە كە تەواو
بووە، نەك جەنگ بەمانا فراوان و درێژخایەن و كاریگەرەكەی.