بۆچی قوتابی بە زەنگی چوونەدەرەوە ھاتوھاوار دەكات؟

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

هاتوهاواری قوتابی لە گەلێ قوتابخانە و لەناویاندا لە گەلێ پۆل مایەی پرسیار و سەرسوڕمانە. لێرەدا پرسیارگەلێ دێتە پێشەوە ئاخۆ:
بۆچی قوتابی هاوار دەكات؟ هۆكارەكانی ئەو هاتوهاوارە چییە؟ چ شتێ وای لێ دەكات پەنا بباتە بەر هاتوهاوار؟ ئایا پێویستە بەم شێوەیە لەگەڵ پێنانە دەرەوەی مامۆستا لە پۆل كە زۆر جار مامۆستا هێشتا بەتەواوی ئەو شوێنەی بەجێ نەهێشتووە كەچی قوتابیان دەدەنە هاتوهاوار و قاژ و قیژە؟
لێرەدا بۆ شیكردنەوەو شرۆڤەی ئەو حاڵەتە لەڕوانگەی دەنگ بەرزكردنەوەی بەكۆمەڵی قوتابی، خودی هاتوهاوارەكە لەڕووی لێكچواندنەوە وەك بەربوون لەبەندیخانە بەرایی سەرهەڵدانی كێشەكەیە دەبێ ژیربێژانە هەڵوێستەی لەسەری بكرێ كە دوای دەست نیشانكردنی كێشەكە كار بۆ نەمان و بنبڕكردن و چارەسەركردنی بكرێ كە لەو دیدگایەوە هۆكارەكان بۆ چەند خاڵێكی پەیوەست، لەهەمان كات بۆ چەند خاڵێكی جیاواز دەگەڕێتەوە، لە گرینگترین ئەو خاڵانە:
یەكەم: هەندێ جار ئەو هاتوهاوارە دەگەڕێتەوە بۆ یەك لەو بابەتانەی قوتابیان دەیخوێنن لەكاتێكدا ئەو مامۆستایەی وانەكەیان پێ دەڵێتەوە لە شێوازی گەیاندنی ئەو پەیامە جۆرێ لە وشك و برینگی پێوە دیارە، هەندێ جار ڕەنگە خودی بابەتەكەهەر ئەوەندە هەڵبگرێ كە مامۆستاكە شەن و كەوی تێدا دەكات، وەلێ گەلێ جار لە نەبوونی تەشویق و زەوق و سەلیقەی ئاوێتەی بابەتەكە بەهەندێ بابەتی دیكەی نزیك لەو بابەتە بۆ سەرانجڕاكێشانی قوتابیان كەشێكی وا بڕەخسێنێ كە قوتابیان هەست بەبێزاری بكەن، حەز بكەن هەرچی زووە زەنگی چوونە دەرەوە لێ بدات كە زۆر جار بەهۆی تەواو بێزار بوون و درەنگ زەنگ لێدانەوە كاتێ مامۆستا ڕووی خۆی وەردەگێڕێ ئەوە هەموویان یان ژمارەیەكی دیار و بەرچاوی قوتابیان بە دەنگێكی بەرزەوە دەدەنە هاتوهاوار و قاژ و قیژە. دووەم: هەندێ جار ئەو دیاردەیە بۆ نەبوونی دەستەمۆ و كۆنتڕۆڵكردنی ڕێك و پێك و دروستی مامۆستا لە ڕووی زەبت و ڕەبتی نێو پۆل دەگەڕێتەوە كە لە ڕووی نەترسان و حیساب نەكردنەوە (مەبەست لێی ڕێزنەگرتنە لە هەڵوێستەكانی مامۆستا) ئەوە بەدەرفەت بزانن بۆ ئەو هاتوهاوارە.
سێ یەم: گەلێ جاریش لەنەبوونی سەرزەنشت و بەدواداچوون بۆ دووبار نەبوونەوەی ئەو حاڵەتە، هاتوهاوارەكە درێژە دەكێشێ و وەكو دیاردەیەك قوتابیان خووی پێوە دەگرن مەگەر چاویان بەبەڕێوەبەر یان یاریدەدەرەكان بكەوێ لەترسی لێپرسینەوە و سزادان خۆیان بێدەنگ بكەن.
چوارەم: ئەو حاڵەتەی هاتوهاوار زۆر كەڕەت دەگەڕێتەوە بۆ چاولێكەری و لاسایی كردنەوەی قوتابیەك لەقوتابیەكانی دیكە لەكاتێكدا كە پۆلێك دەبینێ لەگەڵ زەنگی چوونە دەرەوەیاندا پۆلەكەی تەنیشتیان یان پۆلی بەرامبەریان بەهاتوهاواری بەرزەوە پێشوازی لە زەنگی چوونە دەرەوە دەكەن، كەسانێكی حیرسگرتوو متووی پێوە دەگرن، بۆیە لەوەرگرتنی هەر دەرفەتێكدا دەبنە هاندەر و كار بۆ لاساییكردنەوەی ئەو پۆلەی دیكە دەكەن.
پێنجەم: قوتابیی تەمبەڵ و خەمسارد سیفەتێكی سەیری هەیە كە خۆی تەمبەڵ بوو حەز دەكات هەمووان وەكو ئەو خەمسارد و تەمبەڵ بن، بۆیە وەكو تۆڵەسەندنەوە بەرامبەر بە مامۆستا و شاردنەوەی ڕق و كینەی ناخیان تا وابگەیەنن كە ئەو مامۆستایە خراپە، یان شان و شكۆی نیە لەو ڕێیەوە دەیانەوێ بەم چەشنە پەیامێك بەو مامۆستایە بدەن كە ئەوە ئێمەین تۆمان ناوێ و پێت ڕازی نین، بڕۆ چیتر مەیەرەوە پۆلەكەمان.
بۆ ئەم چەند خاڵەی سەرەوە ئەركی سەرشانی بەڕێوەبەر و دەستەی كارگێری قوتابخانەیە لەبینینی هەر حاڵەتێكی لەو شێوەیە، بەپەلە لیژنەیەكی بەدواداچوون بۆ هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ئەو هاتوهاوارە دانێ تا لە هۆكارەكانی دروستبوونی ئەو دیاردەیە بكۆڵنەوە و كار بۆ چارەسەركردن و نەهێشتنی یەك لەو دیاردە قێزەونانە بكەن كە هاتوهاوارە و دیمەنێكی نەشیاو بە قوتابخانەكە دەبەخشێ و هەیبەتی قوتابخانەكە دەزڕێنێ و ناوەكەی ناشیرین دەكات.
ڕوو خۆشی مامۆستاو سیاسەتی حەكیمانەی دواندن و ڕووبەڕوو بوونەوە بەرامبەر یەك لەو ئەركانەیە كە مامۆستا دەتوانێ سنوورێك بۆ ئەو حاڵەتە دانێت.
۲۰۲۱/ شارۆچكەی تەقتەق

ھەواڵی زیاتر