ڕۆڵی سەرۆكی حكومەتی ھەرێم لە كۆڕبەندی بە حرەین

لوقمان بەرزنجی

دیارە زۆر هۆکار لە پشت بانگهێشت کردنی بەڕێز مەسرور بارزانی هەبوو، کە بەفەرمی بانگهێشتی کۆڕبەندی المنامە بکرێت لە پایتەختی بەحرەین چی وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. یا وەک خاوەن ئەزمونێک لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی ناوچەکە لە چۆنیەتی وڕوبەڕوبوونەوەیان لەگەڵ گروپە تیرۆریستەکان بەتایبەتی گروپی تیرۆریستی داعش.
لە هەمان کاتیشدا وەک کەسایەتی یەکەم و بڕیار بەدەست لە هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافی، دەکەوێتە سەر یەکەم هێڵێ سیاسی ئابوری لەبەشی باکوری وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە . ئێستا کوردستان لەگەڵ هەموو ئەو فشار و هەڕەشە ناوەخۆیی و دەرەکیەی لەسەریەتی، هێشتا خاوەن پێگەیەکی سیاسی و ئابوریەکی مام ناوەندیە و لەسەر پێی خۆی وەستاوە.
دیارە بایەخ دان بەو هەرێمە لەلایەن وڵاتانی کەنداو و وڵاتە زلهێزەکانی ناتۆ، لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوەی گرتوە کە ئاماژەم بۆکرد .ئەوەش وایکردوە کە بەرێز مەسرور بارزانی جگە لە وتاردان و موناقەشەکانی لە کاتی کۆڕبەندەکە و تەرحە سیاسی و ئەمنی و ئابوریە بە پێزەکانی، توانی سەرنجی ئامادەبووان بۆلای خۆی ڕابکێشێت و زۆرێک لە وەڵام و کارەتە بەهێزەکان هەڵگرێت بۆ کۆبوونەوە تایبەتەکان لەگەل نوێنەری وڵاتان لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە، بەو کارەش توانی بۆچوونی وڵاتان بگۆڕێت لەسەر هەرێمی کوردستان، کە پێشتر هەیان بووە لەڕوی ئابوری و ئاسایشی نەتەوەویی.
قسەکانی بارزانی لەو کۆڕبەندە، تەکانێکی باش بوو بۆ هاندانی وڵاتان تا بێنە کوردستان وەبەرهێنان ئەنجام بدەن. هەر لەو ڕوانگەوە زۆرێک لە نوێنەری وڵاتان داوایان لە سەرۆکی حكوومەتی هەرێم کرد کە لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە دیدار و کۆبوونەوەی پڕۆتۆکۆلی تایبەت بە جیا جیا لەگەڵ ببەستن.
بۆ ئەوەی زیاتر گوێ لە دیدو ڕوونکردنەوەکانی بگرن و ئاشنایەتی زیاتر لەوبوارەدا لەسەر ناوچەکە پەیدا بکەن . وەک دەزانین ئێستا ئەمریکا کار لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی سەدە دەکات ( PئNC) جێبەجێکردنی ئەم ستراتیجیەتە تازە و بە هەیکەلیەتێکی گونجاو و سەردەمی کار لەسەر بنەمای یەک جەمسەری، هەرچەندە ئەو پڕۆژەیە لە بۆ یەکخستنی بازاڕی جیهانی و پێدانی قەرزی مام ناوەندی بەوڵاتان لەپێناو گەشانەوەو بوژانەوەی ئابوری وڵاتان لەڕووی تەکنەلوجیای زانستی بەر لەوەی وڵاتی چین پەلبهاوێژێت بۆ ناوچەکە. گرنگی کۆڕبەندی مەنامە جگە لە تەرحە ئابوری و ئاسایشی نەتەوەییەکە. مەرامێکی ستراتیجی گرنگی تریشی هەبوو .
ئەویش ئارام کردنەوەی ئەو دەمار گرژەیەی ناوچەکەیە بەتایبەتی لە نێوان عەرەب و ئیسرائیل و کۆتاییهێنان بە حاڵەتی نەشەڕ و نە ئاشتی لە ناوچەکە و چۆنیەتی بایەخ دان بە ئاشتەوایی نێوانیان. چونکە بەبێ ئاشتەوایی ناوچەکە، مەحاڵە ئەو پڕۆژە ئەمریکیە لەناوچەکە سەربگرێت.
لەبەرئەوە بینیمان لەم دواییە زۆرێک لە وڵاتانی کەنداو و هەتا سودان و مۆریتانیا و جیبوتیش کە ئەندامن لە کۆمکاری عەرەبی جاڕی ئاشت بوونەوەیان لەگەل ئیسرائیل لێدا و ددانیان بە دەوڵەتی ئیسرائیل دانا.
ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی پڕۆژە ئابوریەکان زۆر بە وردی بەپێی بەرنامە و پڕۆژەی سەدەی ئەمریکی بەرەو پێشەوە بچێت و لەهەمان کاتیشدا بە یەکگرتویی وڵاتانی ناوچەکە و بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیمکانیاتی تەکنەلۆجی دەتوانن ڕوبەڕوی هەڕەشەکان ببنەوە.
هەڵبەتە هیشتا دەکرێ زۆر و زۆرتر لەسەر گرنگی کۆڕبەندی مەنامە بنوسرێت، بەتایبەتی لە بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو ڕۆڵە بەچاوەی کە لەو کۆڕبەندەدا گێڕای لە بەشداریی هەموو دیدار و کۆبوونەوانەی کە لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا لەگەل گەورە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکی لە وەزیری بەرگری ئەمریکی و ماگۆرک و زۆرێک لە گەورە بەرپرسانی عەرەب و دوا دیداری لەگەل پادشاهی بەحرەین جولەیەکی دیبلۆماسی زۆر گرنگ بوو.
دوا وتەم دەڵێم، ئەگەر تا دوێنێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی بڕیارە سیاسی و ئابوریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بەو بەشداریکردنەی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کوردستان بوو بە بەشێکی گرنگ و ئەکتیف لە بڕیاری سیاسی و ئابوری ناوچەکە و ڕوبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر لەناوچەکە و ئەو کۆڕبەندە بۆ ئایندەی کوردستان زۆر گرنگە وچاوەڕوانی ھەنگاو ودەستكەوتی گەورەی لێ دەكرێت.

ھەواڵی زیاتر