حەمەسەعید حەسەن
پوختـــەی ڕێنـــووس و خاڵبەندی کە (دیاکۆ هاشـــمی)ی سوێدنشـــین نووســـیویەتی و تازەکی لە باشـــووری کوردســـتان بڵاو بووەتەوە، کارێکە هەقە هەموو ئەوانەی نووسین بە زمانی کوردی جێی بایەخیانە، بیخوێننەوە. ددانی پێدا دەنێم، منێک کە دەیان ساڵە بە کوردی دەنووسم، دەیان کتێبم بڵاو کردووەتەوە و لە زۆرینەی خوێنەران وایە بە زمانێکی پوخت دەنووســـم، ســـوودێکی زۆرم لێ بینی، بۆیە ماندووبوونی نووســـەرەکەی بەرز دەنرخێنم. هەندێک ڕای جیاوازم لەگەڵ نووسەری ئەو بەرهەمـــەدا هەیـــە، لێرەدا تۆماریان دەکەم، بۆ ئەوە نا، بۆچوونەکانی ئەو ڕەت بکەمەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر هەر یەکێک لە سەرنجەکانمی دروست بوو، بۆ چاپی داهاتووی کتێبەکەی سوودی لێ ببینێت.
نووسەر دەزانێت هیچ وشەیەک بە دوو واو دەست پێ ناکات، کەچی دەڵێت: (وو) بزوێنێکی درێژە، لە ســـەرەتادا لەگەڵ هەمزە دێت، وەک ئووبا. ل14 لەو نموونەیەدا، جووت واو ناکەوێتە سەرەتاوە، ئاخر دوای (ئـ) دێت کە یەکەمین پیتی ئەلفبێیە. هەندێک دەزگا هەر لە خۆوە، دوو واویان فەرامۆش کردووە و بە پێویســـتی نازانن کە هەڵەیە. نووســـەر بۆ حەرفی (یـ)یش دەنووسێت: “لە سەرەتاوە لەگەڵ (ئـ) دەنووســـرێت، وەک: ئینجا.” ل15هەرچەندە لەو نموونەیشدا (یـ) ناکەوێتە سەرەتاوە و هـــەر بـــە دوای هەمزەدا نایەت، بە دوای هەموو پیتە نەبزوێنەکاندا دێت. ئەگەری ئەوە هەیە، من لە مەبەســـتی نووســـەر بەد حاڵی بووبم، بەڵام ئەوە ئەرکی نووسەرە، وا بنووسێت دروست لێی حاڵی
ببین.
کە (ئاخێوەر)مان هەیە، نازانم بۆچی (ئاخافتەر)ی ل20بەکار هێناوە کە لەســـەر زمان خۆش نییە. دانی پێدا نا. ل٣٣ چونکە دان مانای تریشی هەیە و (ددان)یشمان هەیە، پێم باشە هەر ددان بەکار بهێنین. نووست: بە دوو واو دەنووسێت ل51 کە بە لای منەوە بە یەک واو دەنووسرێت، ئاخر دوای واوەکە کە بزوێنە، دوو حەرفی نەبزوێن دێن. هەقە ئەوە وەک ڕێسا سەرنج بدەین، هەر دوو نەبزوێن هاتن، بە یەک واو بینووســـین، وەک: کورد، کورت، خورت و سروشت. یان: لووت: لوتکە و لووس: لوسکە کە مانایەکی ناشیرینی هەیە، نەک هەر ئەو دوو مانایەی نووسەر دەستنیشانی کردوون. ل76
پێم وایە کۆمەڵەی خۆر دروســـتە، کۆمەڵەی خۆری، دەربڕینێکی عەرەبییە. ل58 ناونیشانی باس با دوو ڕستەیش بێت، کە ئەوەندە دەگمەنە وەک مەحێڵ وایە، ڕستەی یەکەم بە خاڵ کۆتاییی نایەت، ڕســـتەی دووەم لەژێر یەکەمدا دەنووســـین. ل59 (وۆرد) ل60 بە ناقـــۆڵا دەزانم، (ۆرد) جوانترە، (ۆرکشـــۆپ) لەســـەر زار خۆشـــترە. پێم وایە هەم تەقەڵ دوای جووتخاڵ زیادەیە، هەم خاڵ دوای کەوانی داخراو. ل61 “سلێمانی کە کەوتووەتە داوێنی چیای ئەزمەڕ.” ئەزمڕەوە دروستە. ل66 “نە تـــۆ هاتبووی (وە) نە ئاراســـی هاوڕێت.” ل6٣ ئەو (وە)یە، هەم زیادەیـــە و هەم کوردییش نییە، عەرەبییە، لەوێدا پێویســـتمان بە وێرگوڵێکە. (وە)یەکی دیکە هەیە کوردییە، بە مانای (بە) دێت،
وەک: کۆشیعری کامەران موکری (وە)دەست ناکەوێت.
پێویســـتمان بەوە نییە بنووسین 7.8 کیلۆمەتر، ل68 دەنووسین 7 تا 8 کیلۆمەتر. لە کوردستاندا نەوت، ئاســـن، زێڕ، زیو، گوگرد و .. دەســـت دەکەوێت. ل69 دەست دەکەون دروستە. قسەیەکی پیاوانەی کرد، ل82 ئەوە زمانێکی پیاوسالارانە، ئاخر بەو مانایە دێت، قسەی باش و جوان هەر لە پیاو دەوەشـــێتەوە. ئەوە ڕاســـت نییە کە لاق تەنیا بۆ ئاژەڵ بەکار دەهێنرێت، ئاخر بۆ ئینسانیش
بەکار دێت. ل76 دوای خوێندنەوەی (پوختەی ڕێنووس و خاڵبەندی)ی دیاکۆ هاشـــمی، فێر دەبین پوختتر لە جاران
بنووسین