حوکمی داگیركردنی مڵكوماڵ و زەویوزار

عومەر چنگیانی

وەك سەرچاوەكان بۆمان باس دەكەن كە لە عەلی كوڕی ئەبی تاڵب – خوای لێ ڕازی بێت – دەپرسن داخۆ هیچ نهێنی وا هەیە لە نێوان ئەو و پێغەمبەردا – دروود و ساوی خوای لەسەر بێت – كە خەڵكی تر لێی بێئاگا بن؟ لە وەڵامیاندا دەڵێ: “ڕۆژێك چەند وشەیەكی فێر كردم و لە میانەیاندا، گوتی: نەفرینی خوا لەو كەسەی نامێنی دوو زەوی دەگوێزێتەوە
”۱”. كە ئەم دەقە خۆی، یەكێكە لە بنەما سەرەكییە ئەخلاقی و ئابوورییەكانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان! چونكە ئێمە دەزانین، لەمیانەی ئەوشتانەی كە لای بڕوادار زۆر بە گران و بە قورس وەر دەگیرێت، باسكردنە لە تووڕەیی خوا، بەتایبەتی ئەو كاتەی دەگاتە سنووری نفرین، كە ئەوە لای بڕواداران هاوشێوە بوونە بە شەیتان و دوورخستنەوەیە لە هەموو جۆرێك میهرەبانی و لێبووردنی خوایی لە بەرامبەری، هەربۆیە، وەك ئیمامی موسلیم بۆمانی باس دەكات پێغەمبەر – دروود و ساوی خوای لەسەر بێت – زۆرجار دەیفەرموو: “ئەی پەروەردگار ئەگەر من نەفرینێكم كردبێت و لە جێگەی خۆیدا نەبووبێت، داوات لێ دەكەم بیكەیتە میهرەبانی
”٢”.وەك لە دەقەكەدا هاتووە باس لە گوێزانەوەی ناوێنی دوو زەوینی بچووك دەكات، لە نێوان دوو جوتیار، دووكەسدا، كە لێرەوە فەقیهەكانمان دەفەرموون: ئەگەر ئەوكەسەی ئەو سنووربەزاندنە بكات بۆ گواستنەوەی نێوان كەمترین ئەندازە، ئەمە سزای بێت،
مانای ئەوە نییە ئەگەر زیاتر بوو ئیتر ڕەوا بێت! كەوابوو ئەوكەسەی خۆی بە بڕوادار بزانێت، یان ئەو دەوڵەتەی بە بڕواداری ناسراوە و
دروشمی ئیسلامەتی بەرز كردۆتەوە، با لەم گوتارەی عەلی– خوای لێ ڕازی بێت – تێبگات و لەوە ئاگادار بێت، كە سنوور بەزاندنی خاكی هاوسێ و بڕواداران، هۆكاری نەفرین لێكردنی خواییە و ئەركی شەرعیی سەرشانی بەرامبەرەكانیشە، داكۆكی بكەن لە مافی خۆیان و هەموو جۆرە بەرهەڵستییەك بكەن لە بوونی خۆیان.
پێغەمبەر – دروود و اوی خوای لەسەر بێت – دەفەرمێت: “هەركەس بستێك زەوی لە یەكێك داگیر بكات بە ستەم، خوای گەورە لە ڕۆژی دواییدا ئەو بستە زەوییە بە حەوت توێژاڵی زەوییەوە، دەكاتە تەوقی ئاگرین و دەیكاتە ملی ئەو كەسەی ئەو ستەمەی كردووە
”۳”. عوروەی كوڕی زوبەیر – خوای لێ ڕازی – دەفەرمێت: پیاوێك لە یارەكانی پێغەمبەر– دروود و ساوی خوای لەسەر بێت – باسی ئەوەی بۆ كردم، دوو كەس كێشەیەكیان بوو لەسەر زەوییەك، كە یەكێكیان درەختی خورمای تێدا چاندبوو و زەوییەكەیش هین ئەویتریان بوو، پێغەمبەر – دروود و ساوی خوای لەسەر بێت – حوكمی وەها دەركرد، كە زەوییەكە هی خاوەنیەتی و فەرمانی دا بە خاوەن درەختەكە، كە درەختەكەی دەربێنێت و فەرمووی “ماندووبوونی داگیركەر و ستەمكار بەفیڕۆ دەڕوات
”٤”. بەم شێوە دەبینین: كە پێغەمبەری ئیسلام – دروود و ساوی خوای لەسەر بێت – ئەو عارەقی ناوچەوانە بەفێڕۆ دەدات كە ستەمكارێک لە نێوخاكی یەكێكی دیكەدا دەیڕێژێت و بگرە نەك هیچ مافێكی ناكەوێت، بەڵكو زانایان دەفەرموون: ئەوكاتەی داگیركەرێک دەبێتە هۆكاری زیانگەیاندن بە خاك و شوێنی كەسێك، دەبێ قەرەبووی بەرامبەرەكەی بكاتەوە و رووبەڕووی چەندین بەندی یاسایی ببێتەوە و، دەڵێن: “ئەو دەستانەی بەهۆی دەستی داگیركەرەوە دێنە پێش، ئەوانیش بەرپرسیاری زیانن و قەرەبووكردنەوە و “غەرامە” ڕوویان تێدەكات، بەمانا هەر دەستێك، كە لەڕێگەی داگیركەرەوە شتەكەی پێ دەگات و لەلای ئەو دەفەوتێت، ئەویش بەرپرسیارە! كە ئەمەیش ”دە دەست” دەگرێتەوە:
۱- كڕیار و هاوشێوەی.
٢- كرێچی.
۳- ئەودەستەی بەبێ بریتی، لە داگیركەری وەرگرتووە.
٤- ئەوی بۆ بەرژەوەندیی داگیركەر، وەری دەگرێت.
٥- ئەوەی بە ئامانەت وەری دەگرێت وەك خواستەمەنی و لای دەفەوتێت.
٦- ئەوەی داگیری كردووە.
۷- ئەوەی وەری گرتووە بۆ ئاڵووێڵكردن.
٨- دەستی هاوسەری داگیركەرەكە.
۹- دەستی ئەو كەسەی كە ئەو داگیركراوە، لە بریتی هەقێكی خۆی وەردەگرێت و لەلای دەفەوتێت.
۱۰- دەستی ئەوكەسەی كە لە بریتی داگیركەر، وەری گرتووە و فەوتاندوویەتی. لە هەر دە شێوازەکەدا، مەرجە دەبێ ئەو كەسەی دووەمە، زانیبێتی، كە یەكەم دەست، دەستێكی داگیركەرە، بەڵام، ئەگەر نەیانزانیبوو، ئەوە لەسەر یەكەمە و بەس
”٥”. تێبینی: چواردە ساڵێك لەمەوبەر ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٢۰۰۷/۱۰/٢٤، بابەتێكی هاوشێوەی ئەم گوڵخەرمانەو ئەوەی پێشووم لە زنجیرە ژمارە (۱۱٥)ی بەرنامەی(ئایین و كۆمەڵ)، كە لەڕێگەی كەناڵی ئاسمانی زاگرۆسەوە پێشكەش كرد و دواتریش بە نووسین لە
لاپەڕە پێنجی خەباتی ژمارە، ٢٦٥۷ له ٢۰۰۷/۱۰/٢۷ باو كردەوە. پەراوێز:
“۱”صحیح مسلم(۱۹۷۸)(٤۳)باب تحریم الذبح لغیر اڵه تعالی، ولعن فاعله”. “۲”۲٦۰۰، صحیح مسلم . “۳” متفق علیه، بلوغ المرام ۸٤۱”. “٤” رواه أبوداود، بلوغ المرام، ۸٤٤”.
(٥) فقه السنه، سیدسابق) و (الملخص الفقهی، صالح الفوزان”

ھەواڵی زیاتر