وشە وای گوت

سالار عوسمان
ھاوڕێ ئەوجا ڕێ !..
بەشی پێنجەم
سیاحەت خەم و خۆشییە !.. لەوانەیە ئەم ناونیشـــانە سەرنجڕاکێش و هەروەسا پرسیارڕاکێشیش بێت، ئەرێ چما سیاحەت خەمە، جارێ ئەوە ڕوونە، کە ســـیاحەت خۆشییە و گەڕانە بەدوای خۆشییەکانی ژیان، هەر لە بینین، تا دەســـتلێدان و چێژ و تاقیکردنەوەی شتەکان، ئەمە جگە لەوەی، کە ڕوانگات فراوان دەکات و جیاوازییەکانت بە بەرهەمدارییەوە پێشـــکەش دەکات، لە ســـەرووی هەموو ئەمانەوە، سیاحەت پشووە، ڕاکشانی ڕۆحییە لەگەڵ خۆتدا و بینینی نزیکترین و دوورترینی خۆتە لەیەک لەحزەدا، ئەمانە و هی تریش خۆشییەکانی سیاحەتن، لێ خەمەکانی چیین؟!..
خەمەکەی بۆ ئێمەی کورد بریتیە لە : -بەراوردکردنـــی خۆت و ئەوان، تۆ لە کوێی و ئەوان لە کوێ؟!.. ئەمە خەمێکی قووڵە، قووڵ بە قەد قووڵی خەمی کورد لە دەرەوەی زەمەندا. -دەوڵـــەت و کبریائی دەوڵەتی، لە ســـیاحەتدا کورد بە زیهنییەتـــی بێدەوڵەتی دەگەڕێت، بە خەمـــەوە، وێڵە بەدوای دۆزینـــەوەی کبریائێکی داگیرکراودا، نـــەک هەر نایدۆزێتەوە، بگرە لە وێنەی هەر سیستەمێکی مەحکەمی ئەوێدا، خەم دایدەپۆشێت!.. -ئازادی و خەمەکانی، لەوێ، کە پیاسە دەکەیت، کە خۆت بە کافتریایەکدا دەکەیت، کە شەوانە لە دەرگای هۆڵێکی هونەرییەوە دەچیتە ژوورەوە، کە ســـەر بەسەر کتێبەکانیاندا دەکەیت و لە لاپەڕەی گۆڤار و ڕۆنامەکانیاندا دەڕوانی، کە لە ڕوو و ڕوما و ڕوخســـار و ڕونگای کچ و کوڕە جەوان و جوان و جحێڵەکانیانەوە، ژیان و متمانە و هیوا دەخوێنیتەوە، تێدەگەیت، کە ئازادی بەر لەوەی دروشـــم بێـــت قەناعەتە، تێدەگەیت، کە ئازادی لای کـــورد چیرۆکێکی نیوەچڵە و هێشتا خوێن وا بە ڕوخسارییەوە، لە ئازادیی نەتەوەوە تا ئازادیی کچێک، کە خەون بە ژیانێکی جیاوازەوە دەبینێت گرفتمان هەیە و گرفتێکی قووڵ!.. هەموو ئەمانە لە سیاحەتدا خەمخوڵقێنن و، ئیتر بە دەم ســـەدان پرسیارەوە، دوای شەکەتییەکی تاقەتپرۆکێن، شەوانە دەگەڕێیتەوە بۆ هۆتێلەکەت و لە ژوورەکەت پەردەی پەنجەرەکەت لادەدەیت و دیمەنی چراخانی شار دەبینی، شـــارێک، کە کارەبا تیایدا ناکوژێتەوە، شـــارێک، کە نەخۆشخانەکانی لە تۆپدان، شارێک، کە زانکۆکانی فێرت دەکەن، بێ زانســـت ناتوانی ئاییندە دروســـت بکەیت، شـــارێک، کە هەرگیز میوزیک تیایدا خامۆش نابێت و خەڵکەکەی بەڕێزەوە لە پەیکەرەکان دەڕوانن!.. -ژن و ئازارەکانی جەهل، لەوێ، کە دەبینی ژنێک قاقا پیدەکەنێ و دەســـتی مەعشـــوقەکەی گرتووە، کە دەبینی کچ و ژن کار دەکەن و لە هەر گۆشـــەیەکی ژیان، ژن ســـەلار و سەنگینە و خەونەکانی وەک جانتا بە شـــانەوەیە، لەو ڕاســـتییە باشتر تێدەگەیت، کە ئێمەی کورد هێشتا زۆرمان ماوە لەو ڕاستییە سادە تێبگەین، کە ژن ئینسانە!..
خەمەکانی سیاحەت بۆ ئێمە، ئێمەی کورد، کە هێشتا ڕێکنەکەوتووین لەسەر بنەما و سەوابتە ســـەرەکییەکان، پڕن لە خەم، دەخوازم ئەم خەمانە بکەینە هەوێنی تێفکرین و کار و بەرهەم، بەڵام لێرەدا دەمەوێت دواقەناعەتی خۆم ئاوا دەرببڕم : بۆ پێشـــکەوتنی کۆمەڵگا، جا لە هەر بوار و کایە و سێکتەرێکەوە بێت، ڕاستە دەبێ سوود لە ئەزموون و شارەزایی و سەرکەوتنەکانی دونیا وەربگرین، بەڵام دەبێ بە هزر و ڕوانگا و چارەسەرێکی کوردستانیانە بیر بکەینەوە، پلان دابنێین و کار بکەین!..

ھەواڵی زیاتر