ئاگری بێ دووكەڵ

حەمەسەعیدحەسەن

ئینسان بە دەست خۆی نییە لە کوێ لە دایک دەبێت، بەڵام بە دەست خۆیەتی لە کوێ دەژی. ئینسان مافی خۆیەتی بۆ ئەوەی باشتر بژی، بۆ کوێی بوێت، کـــۆچ بکات. ئینســـان مافی ڕەوای خۆیەتی، تـــا دەژی لە زێدی خۆی دوور نەکەوێتەوە، یان هەر وەختێک ویستی، بۆ کام شوێن دوورە، لە شەققەی باڵ بدات. ئینســـان ئازادە، بەڵام ئازادی سنووری هەیە، یەکێک لە سنوورەکانی ئەوەیە، ئینسان ئازادیی ئەوەی نییە، ئەمە چییە بۆ باشترکردنی ژیانی کۆچ دەکات، ژیانی منداڵەکانی بەرەو ڕووی مەترسییەکی وەها بکاتەوە، ئەگەری ئەوە بەهێز بێت، منداڵێکی ژیانی لە دەست بدات. ئەوە دایک و باوکن منداڵ دەهێننە ژیانەوە، بەڵام داک و باب، مافی ئەوەیان نییە، هەڵەی کوشـــندەی وا بکـــەن، بە هۆیەوە گوڵی ژیانی منداڵێکیان هەڵبوەرێت. ئینســـان کە بۆ دەربازبوون لە مەترسی، خۆی دەدات بەدەم شەپۆلی کۆچەوە، بۆ ئەوە ڕەو ناکات، ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە، بۆ ئەوە کۆچ ناکات، بەرەو ڕووی مەرگ
ببێتەوە، بۆ ئەو کۆچ دەکات خۆی لە مردن بپارێزێت.
کۆچ دەشێت بە قازانجی ئەدەب بکەوێتەوە، دەستۆیفسکی کە لەتاو ئەوانەی قەرزیـــان لەکنی بـــوو هەڵدەهات، لە تاراوگە جوانترین ڕۆمانی دەنووســـی، ئاخر (قومارچی) و (شەیتانەکان)ی لە ئەڵمانیا نووسیوە. (ستریندبێرگ)ی مەزنترین ئەدیبی سوێدییش گەلێک لە کارەکانی لە دەروەی وەڵات نووسیون و (دۆن کیخۆتە)ی (ســـێرڤانتس)یش هەر دەڵێیت بەرهەمی کۆچ و سەفەر و دەربەدەرییە. ســـەفەر بکە، ئاخر گارســـیا گابریڵ مارکیـــز کۆلۆمبیایی، ڕۆمانی (ســـەد ساڵ دوورەپەرێزی)ی لە مەکسیک نووسیوە. هانز کریستیان ئەندەرســـن کە یەکێکە لە نووسەرە هەرە ناسراوەکانی سکەندەنافیا، پێمان دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت بژیت، بڕۆ ســـەفەر بکە! ئاخر بەهۆی سەفەرەوە لە مانای ژیان تێدەگەیت. سەفەر بکە! بەڵام سەفەری وا نا، لەم یان ئەو زەریادا
بخنکێیت، یان لەسەر ئەم یان ئەو سنوور ڕەق ببیتەوە.
ئەگەر لە ماڵی خۆتدا دابنیشت و دەرگا لەسەر خۆت دابخەیت، بە هیوای ئەوە مەبە، لەناکاو فریشـــتەی بەخت لـــە دەرگات بدات، ئەوە تۆیت دەبێت بچیـــت بەدوای بەختی خۆتدا بگەڕێت. پاوڵۆ کۆیلۆ لە ڕۆمانی (کیمیاگەر)دا پێمان دەڵێت: بۆ ئەوەی خەونەکانت بەدی بێن، مەوەستە، بڕۆ، سەفەر بکە! بەڵام ســـەفەری وا نا، بە پەشیمانی و سەرگەردانی دوایی بێت. ڕێی سەفەر بگـــرە بەر، بەڵام ئەو ڕێیە نا، دەتباتە ســـەر پەرژینێک لە دڕکی ئاســـنین. سەفەر بکە لەو سەفەرانەی لێوانلێون لە کوتوپڕی و بەردەوام بە شتی نوێ ئاشـــنات دەکەن. سەفەر بکە، ســـەفەریش وەک خوێندنەوە، کارێک دەکات
خونچەی ئاوەزت بگەشێتەوە.

ھەواڵی زیاتر