دەیانتوانی و نەیانکرد!

پشكۆنەجمەدین

قسە لەسەر پاکتاوکردنی سیاسی و جەستەییی نەیارانی فیکر و سیاسەتە لەنێو ماڵی حیزبدا، نەک لەنێوان ماڵی حیزبەکاندا.
بە درێژاییی ساڵانی خەباتی سیاسی و چەکداریی حیزبەکانی کوردستان، پاکتاوکردنی سیاسی و جەستەییی نەیارانی ئیدۆلۆگی و سیاسیی حیزبە دژبەرەکان، کارێکی بینراو بووە، بەڵام بۆڕدان و دەمکوتکردنی نەیارانی فیکر و سیاسەت، تا سنوورەکانی پاکتاوکردنی جەستەیی، لە چوارچێوەی تەلاری یەک حیزبدا، کەمتر بینراوە و هیچ سەرکردەیەکی باڵادەست و خاوەنبڕیاری هیچ حیزبێک، پڕکێشیی ئەوەی نەکردووە کە نەیارانی فیکریی خۆی، بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی دەستەڵات، هەموو پرەنسیپە ئەخلاقی و ویژدانییەکان ببەزێنێت و تیرۆر یانژی ژەهرخواردیان بکات!
لە تەلاری سیاسی و ڕێکخراوەییی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، ناکۆکی و ململانێکان، هەمیشە لە هەڵچوون و داچووندا بوونە و زۆر جارانیش بە لووتکەی جیابوونەوە و دووکەرتبوونیش گەیشتوون و مەگەر لە سەنگەرە خوێناوییەکاندا، دەنا لە ژوورە جیاوازەکانی ماڵی حیزبدا، بە تیرۆری جەستە نەگەیشتوون. لە نێوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بووریدا، لە شاخ و لە جەنگەی خەباتی چەکداریدا، هەڵچوونی ناکۆکییەکانی دەروونی کۆمەڵە و یەکێتی، ئێمەی بە جیابوونەوە گەیاند!
ئێمە و هاوڕێکانمان پەلامار دراین، زیندانی کراین، سووکایەتیمان پێ کرا و حوکمی ئیعدامیش دراین و جێبەجێ نەکرا.
مەلا بەختیار، شێخ عەلیی ڕەوانشاد و من، دوو ساڵ و نیو تا سێ ساڵ و نیومان، لە بێزراوترین زیندانەکانی چیادا بەسەر برد.
کە نەوشیروان مستەفا و ناوەندی کۆمەڵە، لە میانەی پلینۆم و دادگای گاڵتەجاڕیی حیزبییەوە، بۆیان نەلوا و پێیان نەکرا، بە ئاشکرا ئیعداممان بکەن، نە ئەوان و نە مام جەلالیش، هەرگیز بیریان لەوە نەکردەوە، بە فێڵ و پلانکاری، ژێربەژێر و پەنامەکێ، لەنێومان ببەن! ئەوان دەیانتوانی و زۆریش ئاسان بوو کە لەو ماوە دوورودرێژەی زینداندا، ژەهرخواردمان بکەن و تاوانەکەش لە گەردنی تاوانلێڕژاوی بەعس بنێن!
ئەوان دەیانتوانی نارنجۆکێک لە ڕۆژنەی ساپیتەی زیندانەوە، فڕێ بدەن و بکەرەکەیشی ڕەوانەی شار و لای موخابەراتی بەعس بکەنەوە!
نا ئەوان ئەو کارەیان نەکرد! ئەوان دوو سەرکردەی بڕیاربەدەستی بەئەزموون و سیاسەتدیدە بوون.
ئەوان بیریان لە ئاییندەی یەکێتی و ڕابردووی ئێمە دەکردەوە.
ئەوان پێیان وا بوو، ڕەنگە سەردەمێک و ڕۆژگارێک بێت، نەیارە سیاسی و دژبەرەکانی ئێستایان، هێز و توانست و ئەزموونەکانیان، بە ئاقارێکدا ئاڕاستە بکەن، خزمەت بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد و یەکێتی بکەن.
ئەو ڕۆژگارەی زیندان و ئازاردانی ئێمە، بێ ئەوەی هیچ پاساوێک هەڵبگرێت، سەرکوتکردنی ئازادیی بیروڕا و خنکاندنی نووزەی دیموکراتی بوو، کەچی جارێ سەرکردەکان، چاویان لە مێژووی داهاتوو دەکرد و هەموو تاڵەدەزووەکانیان نەدەپساند!
لەو ڕۆژگارەدا، لە یەکێتی و کۆمەڵەدا، وێڕای هەموو ناڕازای و ڕەخنە بونیادییەکانی ئێمە و ئاڵای شۆرش، دیسان تروسکاییی جۆرێک لە فیکر و ئاییندەبینی دەبینرا. ڕۆژگار و سەردەمەکان بەسەر چوون. دەستەڵاتی سیاسیی بڕیادەری حیزب، لە ڕابەرە بەئەزموونەکانەوە، بۆ سیاسییە نەزان و بێئەزموونەکان دۆناودۆنی کرد. کاریتە و دارەڕای فیکریی تەلاری حیزب پووکانەوە و هێڵە سەرەکییەکانی بەرنامە و ئامانجەکان، لە بەرژەوەندیی ئابووری و کۆمپانیاکاندا بزر بوون!
یەکێتیی نوێ و هەندەک خاوەنهێزی بڕیاربەدەستی حیزب، بۆ پاکتاوکردنی هەموو لەمپەرەکانی ڕێی گەیشتن بە لووتکەی بێبەرانبەری دەستەڵات، هەموو پرانسیپە ئەخلاقی و ویژدانییەکانیان بە خاک سپاردن و هاوڕێ هەڤاڵەکانی حیزب، هەڤاڵانێک کە سیمبۆلی نێو مێژووی ئەو حیزبە بوون و هەن، ژەهرخواردوو کردن.
مەلا بەختیار، ڕەنگە ماندووترین و ڕۆشنبیرترین سەرکردە و کاراکتەری نێو مێژووی ئەم حیزبە بێت، کە هەوڵی تیرۆرکردنی لە چوارچێوەی ئەقڵە نەزان و بێئەزموونەکانی ئەم حیزبەدایە، کە دەچێتە خانەی تاوان و دەشێت دادگا، بکەرەکانی سزا بدا.
وای دەبینم ئەم حاڵەتە، تەنیا بەرهەمێکی پرۆسەی “نوێبوونەوە” بێت لە حیزبدا و مەترسییەکی گەورەش بێت بۆ مێژووی ڕابردوو و ئایندەی ئەم حیزبە.

ھەواڵی زیاتر