كۆچی بەكۆمەڵ بەرەو سنورەكانی ئێران

مەشخەڵ كەوڵۆسی

كۆچی بەكۆمەڵی گەنجان و ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان بۆ سنورەكانی پۆڵۆنیا، بەئامانجی گەیشتن بە وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا و بەتایبەتی “بەریتانیا” خاڵێكی شۆكهێنەرە، ھەم بۆ دەستەڵاتی كوردستان، ھەم بۆ حیزبەكانی بەدار لە حوكم و پەرلەمان ، ھەم بۆ میدیای جیهانی و پایتەختەكانی ئەورووپا، تەنانەت بۆ واشنتۆن و پایتەختە گەورەكانی جیهانیش، جێگای تێڕامان و ھەڵوێستەیە و ھەمووان سەرقاڵی چاودێری كردنی وردی دۆسیەی ئەو كۆچبەرانەن.
دۆسیەی كۆچبەران، بێگومان دۆسیەیەكی مرۆیی ڕووت نیە، بەڵام
میحوەری ترین خاڵی بریتییە لەڕەھەندە مرۆییەكەی. بەڵام ڕەھەندی دیكەی سیاسی و میدیایی و دیپلۆماتی تێدایە و، بایەخی ئەو دۆسیانەش بەجۆرێك گرنگ و كاریگەرە، خەریكە دەبێتە ھۆی ناكۆكی دیپلۆماتی لەنێوان وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا و پەیمانی باكوری ئەتڵەسی “ناتۆ” لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا، بیلاڕووس و لیتوانیا و وڵاتانی دیكە كە پەیوەندییان بەم دۆسیەیەوە ھەیە. لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنج و دیراسەكردنە، ئەوەیە وڵاتێكی وەكو “بیلاڕووس” ئەگەرچی بە ئاشكرا و لەكەناڵەكانەوە زۆر بەتوندی دژی كۆچی نایاسایی وەستاوەتەوە، بەڵام لە ژێرەوە دۆسیەی ئەو كۆچبەرانەی وەك چەكێك بەدەستەوە گرتووە بۆ سەپاندنی مەرج، یان وەرگرتنی باج، یان سازشی دیپلۆماتی و دەستكەوتی تری ئابووری
لەوڵاتانی ئەندام لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی!.
ھەر لەبەر ئەوەشەدەبینین “واشنتۆن” وەكو پارێزەری كۆی ئەو ھاوپەیمانێتییە، داوای لەپۆڵۆنیاكرد سنورەكانی تۆكمە بكات و ڕێگەنەدات بە پەڕینەوەی كۆچبەران.
چونكە ئەمریكا پێی وایە وڵاتێكی وەكو “بیلاڕوس” كەلەژێرھەژموونی ڕووسیا و خودی”فلادیمێر پۆتین”دایە، ئەو دۆسیەیەی بەكارھێناوە بۆ دانانی فشار لەسەر ئەندامانی پەیمانی ناتۆ، تاڕادەی گۆڕینی خەریتەی دیموگرافی! لەبەر ئەوە، پێیان وایە ئەگەر ھەڵوێستی توند لەدژی بیلاڕووس نەگرنە بەر، ئیدی لەچەند ساڵی داھاتوودا بەھۆی كۆچی نایاسایی لەبیلاڕوسیاوە، بەتەواوی ڕووی دیموگرافی و فەرھەنگی ئەوروویا تێكدەچێت و، ھەر ئەوەش ئەو نیگەرانییەیە كە ھەمیشە ختوكەی بڕیارە سیاسی و ئابوورییەكانی ئەورووپای داوە. مەترسی كۆچی بەكۆمەڵ بۆ ئەورووپا، وایكردووە كە ھەمیشە توركیا
ئەو چەكە بەرانبەر بە ئەورووپا بەكاربهێنێت و، دەیان جار گوژمە پارەی زەبەلاحیان لێوەربگرێت لەبەرانبەر بەڵێنی تۆكمەكردنی سنورەكانی.
ئیستاش بیلاڕوس دەیەوێت ھەمان سیناریۆی توركیا دووبارە بكاتەوە. لەبەر ئەوە پێم وایە لێكەوتەكانی ئەم دۆسیەی كۆچبەرانە، قەیرانێكی دیپلۆماتی نوێ لەپەیوەندی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئەورووپاو وڵاتانی تری ئەورووپای ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەندامانی پەیمانی ناتۆ بەدوای خۆیدا دێنێت.
یەكێك لەلێكەوتەكانی ئەو كێشەیە، ئابووری دەبێت، سەرەتا بەسزادانی ئەو كۆمپانیا فڕۆكەوانیانە دەستپێدەكات كە كۆچبەران دەگوازنەوە. ئیدی ڕووداوی تری لەسەر ھەمان سكە بەدوادا دێت.
زۆر بەكورتی دەگەڕێمەوە سەر ئەگەرێك كەكردوومەتە تایتڵی ئەم بابەتە” ئەگەر كۆچە بەكۆمەڵەكە بەرەو سنورەكانی ئێران بوایە، چی ڕووی ئەدا؟.
بەڕای من، مادەم زۆرینەی قەیرانە ئابوری و سیاسی و فەرھەنگییەكانی ھەرێمی كوردستان بەھۆی ئێراقەوەیە، ئێراقیش لەژێر ھەژموونی ڕاستەوخۆی تاراندایە، ئەگەر كۆچە بەكۆمەڵەكەی كوردان بەرەو سنورەكانی كۆماری ئیسلامی بوایە، ئەوا زۆرینەی كێشەكانی كوردستان چارەسەردەكران. ھەمان ئەو سیناریۆیەی لەناچاركردنی بەغدا بەناردنی مانگانەی ۲۰۰ملیار دینار بۆ مووچەی خەڵكی كوردستان، كە ئاگایان دەزانن لەڕێگای ئێرانەوە ئەو فشارە لەسەر بەغدا دروستكرا.
ئەوا ھەر لەژێر فشاری كۆچبەراندا، دەكرا فشار لەسەر سنورەكانی كۆماری ئیسلامی دروست بكرایە، تاكو ئێراق ناچار بكات بە چارەسەركردنی زۆرینەی كێشەكانی كوردستان.

ھەواڵی زیاتر