مەشخەڵ كەوڵۆسی
لەدوای ڕووداوی لافاوەكەی شاری كۆری و زێڕین لەهەولێر، دەنگ و سەدای ناڕەزایی و گلەییەكان لەو دوو پرۆژەیە بەرزبوونەوە، بەئەندازەیەك شكستەكە گەورەبوو، مرۆڤ هەستی بەشەرمەزاری دەكرد. سەبارەت بەو خاڵە، شەقام و میدیا بوونە دوو بەشەوە. سایكۆلۆژیای گشتی بوو بەدوو بەشەوە. ئەگەر ئێمە ڕاستگۆبین و بەڕاشكاوی دەست لەسەر برینەكە دابنێین، پێویستە بڵێین:
هەندێك هەر لەبەرئەوەی پارتی شەرمەرزابێت، پێیان خۆشەو لەناخەوەو لەمیدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، خوازیاری ئەوەن نەك هەر شاری زێڕین و گوندی كۆری، بەڵكو هەولێریش ژێر ئاو بكەوێت!.
ئێمە پێمان وابوو هاتنە سەرخەتی خودی سەرۆكوەزیران بۆ مامەڵەی دەستبەجێ لەگەڵ ڕووداوەكەدا و، گرتنە بەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ مامەڵەكردنی یاسایی لەگەڵ خاوەنی پرۆژەكە و لێپرسینەوە لە كێشە تەكنیكییەكانی ئەو پرۆژەیە، خاڵێكی پۆزەتیڤە.
ئێمە وەك هەمیشە بێ ئەوەی بترسین و بسڵەمینەوە لەو ئیرهابە فیكرییەی كە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، قسەی خۆمان كردوو، دەستخۆشیشمان كرد و، دەشتوانین لەڕووی لۆژیكییەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە كە وەك تاوە تەرزە دابەزیە سەرمان و هەمووان پرسییان: بۆچی دەستخۆشی لەمەسرور بارزانی دەكەیت؟.
كۆمەڵێك هۆكاری دەرونی و لۆژیكی و كۆمەڵایەتی لەپشتی هەڵوێستەكەوەن و بەردەوامیش و لەهەموو كاتێكدا كە جوڵەی هاوشێوە ببینین، خۆیان كۆپی دەكەنەوە، لەوانە:
یەكەم: مرۆڤ خۆی لەخۆیدا بەچاوپۆشین لەپێگە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی، كائینێكی كۆمەڵایەتییەو بەشێكی سەرەكی مرۆڤ بریتییە لەهەست و نەست. بەسروشت مرۆڤ پێویستی بە هاندان و دەستخۆشییكردنە. زانای كۆمەڵناسیی گەورە “دكتۆر عەلی وەردی” دەڵێت: تەنانەت كاتێكی پێغەمبەریش (درودی خوای لەسەر بێت) نازناوی لە هاوەڵەكانی ناوە، یەكیانی ناوناوە شێری خودا، یەكیان شمشێری خودا..هتد، مەبەست لەو ناونانە هاندان بووە، جۆرێك بووە لەدەستخۆشیكردن.
هەموو مرۆڤێك پێویستی بە دەستخۆشییە تاكو هان بدرێت بۆكاری چاكتر و بەردەوام بوون لەسەر كاری چاك”. دیارە مەسرور بارزانیش لەم یاسا مرۆییە بەدەرنیە، ئەویش پێویستی بەوەیە لەبەرانبەر كارە باشەكاندا، پێزانینمان هەبێت و، هەوڵ بدەین دەستباری لەگەڵ بگرین.
دووەم: نەریتێكی زۆر خراپ لەكوردستان بڵاوبووەتەوە، وێناكردنی هەموو شتەكان بەڕەنگی ڕەشی قەترانی، چاك و خراپ هەمووی بەخراپ تۆمار دەكرێت. هەركەسیش لەو لۆژیكە سەقەتە لابدات، ڕاستەوخۆ دەیان تۆمەتی بۆ دروستدەكرێت.
ئێمە پێویستە بوێربین و ئەو ڕەوتە باوە بگۆڕین. بەچاك بڵێین چاك، دیارە بەخراپیش بڵێین خراپ. چونكە ئەگەر لەناو دەریایەك ژەهردا، نەتوانین قومێك ئاوی سازگار بدۆزینەوە، لەناو جیهانێك تاریكیدا نەتوانین ڕووناكی مۆمێك ببینین، دیارە بیناییمان لەدەستداوە. ئەركەكە قورسە، لەدوای ئەو دەستخۆشییە، بەهەزاران جنێوی قورس، سوكایەتی بێ ەردە بەخۆمان و خانەوادەمان دراوە.
بەڵام ئەوە هیچ لە پیرۆزی ئەركەكە كەم ناكاتەوە.
ناشتوانێت چاوشكێنی ئەوەمان بكات كە جوانییەكانی ئەم نیشتمانە نەبینین و ئاماژەیان پێ نەدەین. دواجار، شەڕەكەی ئێمە لەسەر ڕاستكردنەوەی كەلتورێكە، كەخەریكە زاڵ دەبێت بەسەر ئەم قۆناغەی ژیانی ئەم میڵەتەدا، شەڕی جیاكردنەوەی جوانییەكانە لە دزێوی و ناشرینییەكان.
شەڕی بەرەی گەوجاندن و بەرەی ئەنتی گەوجاندن. نەك شەڕ لەسەر تاكە كەسێك یان پۆستێكی حكومی.
بەڵام كاتێ لەپشتی هێرشكردنە سەر تاكەكەسێكەوە، كەلتورێكی ڕەش، شەڕەكە سادە دەكاتەوە بۆ شەڕێ تاكەكەسی لەگەل “مەسرور بارزانی” و هێرش دەكات و دەیەوێت جوانییەكانی نیشتمان بكوژێت، ئێمە دەبێ لەهەمان قاڵب و بەهەمان لۆژیك و بەهەمان ڕیتم لەهێرشی پێچەوانە نەسڵەمینەوە.
هەرواشمان كردووەو، ناشترشین، چەند جاری تریش “مەسرور بارزانی” كاری جوان بكات، بێ گوێدانە ئەندازیارەكانی جنێوو تەشهیر، دەڵێین: دەستخۆش