لایەك لە ماناكانی وشەی (برسێتی) لە قورئاندا

عومەر چنگیانی 

بەرلەوەی هیچ بێنمە دەفتەر، بەم دوو دێڕە شیعرە جوانەی جەنابی کامەران موکرییەوە دەست پێدەکەم:
وشەی نان گەرچی جیاوازە دەنگی 
بەڵام لای هەموو هەژارێ نانە 
برسی ئەگەرچی جیاواز بێ ڕەنگی 
شێوەی برسێتی هەڵبزڕکانە
بابەتەکەی من باس لە برسی و برسێتی و ئەوانەی مەردمئازاری دەکەن و دەست دەخەنە قووت و بژێویی خەڵکەوە و، برسێتییان بەسەردا دێنن و، لە دەرەنجامی کاری بەدی برسیکارانەوە شیرازەی بەها ئایینی و کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان چۆن تێک دەچیت و هەزاران پیاوی وەک چیا بڵند و سەرکەش ناچاری بەردەم دەرگای بەدکاران دەکرێن و، هەزاران خانمە بەشەرەف و ئابڕوودار، بۆ تێرکردنی گەدەی هەتیوەکەی، ناچار دەکرێن لاشەیان بەکرێ بدەن و دەخرێتە بەر چركەساتی دامرکانەوەی تەوژمی نێرێتی و ئاڵۆشی بەرانبەرێکی بەدکار و ستەمکار، بۆ کرێخانویەک بۆ دەرمانێ بۆ قەڵەم و دەفتەرێک و دابینکردنی پێداویستییەکی قوتابخانە بۆ ئەو هەتیوانەی دوور نییە باوکیان بووبێتە قوربانی بۆ خۆشڕابواردنی ملئەستوورەکان، ئەمانە هەڵدەگرێ زۆری لەسەر بڵێم، وەلێ گۆشەکەی من تایبەتە بە (هەرجارە و ئایەتێک)، گەرچی هەر جارە و ئایەتێک نا، بگرە زیاتریش لێک دەدەمەوە و، بە زمانی کوردی هێندەی لە توانستمدا ببێ و ئێرە دەرفت بدات، دەیخەمە بەردیدی ئێوەی بەڕێز. بەڕێزان! وەک زۆرجار گوتوومە، دەمتێوەردان لە باسەکانی قورئان و ماناکردنی کاری هەموو کەسێک نییە، زۆر بە مکوڕییەوە داوا لەو بەڕێزانە دەکەم پێیان خۆشە پێیان بگوترێت کەسایەتی ئایینی، بزانن مامەڵە لەگەڵ دەستەواژە قورئانییەکان، فیقهی شەریعەتی دەوێت، چونکە بڕوانامە (زانست)ی وای نەبەخشیوە پێمان و، تکا دەکەم تا دەرفەت ماوە و خوێندەوارەکان لە بەردەستدان، با بگەڕێینەوە بۆ خوێندنی زانستە شەرعییەکان و حوجرەکان ئاوەدان بکەینەوە و سوود لە زانست و ئەزموونی مەلا باشەکانمان وەربگرین و لەکاتێکدا کە بۆ وەرگرتنی زانست لە بەردەمیاندا دادەنیشین، گەر جیاوازییەکیش لە جۆری بیرکردنەوە و ئایدیاماندا هەبیت، لەبیر خۆمانی ببەینەوە، چونکە قوتابی کە ویستی زانستوەرگرتنی بوو، ئاوڕ لە ئادابی (الرحلە فی طلب العلم) دەداتەوە و کۆچەکەی مووسا بۆ لای خدر، ساوی خوایان لێ بێت، دەکاتە پێوەر و پاشان هەزاران نموونەی زانای سوننە و شیعە کە لە یەکتری زانستییان وەرگرتووە دێنیتە پێش چاوی و وەرگرتنی زانست لە لایەن بوخارییەوە لە دەیان مامۆستای سۆفیمەشرەب دەکاتە پێوەر، کاتێتی تا فرسەتەکانمان لەدەست نەچیت، ئەم هەرزەگەردانییە واز لێ بێنن. 
دەچمەوە نێو بابەتی سەردێڕ، خوێنەری هێژا!لێرەدا چەند بەکارهێنانێکی قورئان دێنم بۆ وشەی برسێتی کە ئەمە هەموویشی نییە.
یەکەم/ وشەی (جوع) بۆ ئەو کاتە بەکار دێت کە گەدە هیچ خواردنێکی تێدا نییە، وەک دەبینین لە چوارەم ئایەتی سوورەتی (قورەیش)دا و لەباسی نازکردنی خوایی بەسەر خەلكی شاری مەککەدا دەفەرمێت: (ئەو پەروەرێنەی لەبرسێتی قوتاری کردن و ترس و دڵەڕاوکێی لێ دوور خستنەوە).
دووەم/ (خصاصە) برسێتییەک کە چەند هەفتەیەک بێت بەردەوام بێت، وەک دەبینین لە نۆیەمین ئایەتی سوورەتی (حەشر)دا بە بڕوادارندا دەڵێت کە هێندە لەخۆبوردەن، براکانی خۆیان پێش خۆیان دەخەن.
سێیەم/ (مخمصە) برسێتییەک کاریگەری لەسەر ڕواڵەتی کەسەکە هەبێت. کە لە سێهەمین ئایەتی سوورەتی (مائیدە)دا باس لەو کەسانە دەکات کە برسێتیان گەیشتبێتە ئەندازەیەکی وا سەرو سیمایشی تێکدابن و ئەوکات ناچاری وایان لێبکات
لە چتیەلێک نزیک وەبنەوە کە لەبنەڕەتدا بۆخۆی ڕێگاپێدراو نەبێت. تێبینی: هەر خودی ئەم بابەتی ناچارییە، دەکرێ توێشووی خەرمانەگوڵێکمان بێت پشتیون بەخوا . 
چوارەم/ (مسغبە) برسێتییەک کە سەری کێشابێت بۆ لەهۆشخۆچوون و ڕاپەڕاندن و ڕاچڵەکاندن. کە خوای گەورە لە چواردەیەمین ئایەتی سورەتی (بەلەد)دا باس لەو کەسە دڵفراوانانە دەکات کە لە ڕۆژی زۆر تەنگانەدا دەبەخشن کە تەنگانە و برسێتی وای لە خەڵک کردبێت لە برسا لەهۆش خۆ چووبێتن.

ھەواڵی زیاتر