ئاگری بێ دووكەڵ

مارتن هایدگەر نە (ئینسان ئاژەڵێکی ژیرە)ی بە دڵ بوو، نە (ئینسان ئاژەڵێکی بگۆیە)ی پەســـەند دەکرد، ئاخر پێی وابوو، (ئینســـان زیندەوەرێکە لە زمان،) تەنانـــەت دەیگوت: ئەوە ئێمە نین بەم یان بەو زمان قســـە دەکەین، ئەوە ئەم یان ئەو زمانە بە ئێمە دەپەیڤێت. لە هایدگەر وابوو، بوون لە ڕێی زمانەوە خۆی نمایـــش دەکات و بـــە هۆی زمانەوە لە نهێنیی بـــوون تێدەگەین. یان دەیگوت: کـــە دەپەیڤین وەک ئەوە وایە گوێ لە بوون بگرین و بوون تەنیا لەڕێی زمانەوە
بەرەو لامان دێت.
هایدگەر دەیگوت: کرۆکی زمان شیعرە، ڕەخنەگرتن لە دونیا، بریتییە لە زمان و ڕەخنەگرتن لە زمانیش بریتییە لە شیعر. لە دۆخی یەکەمدا، جیهان دەبێت بە زمان و لە دۆخی دووەمدا زمان دەبێت بە جیهان. شیعر لای هایدگەر لەقاڵبدانی زمان نییە، بەڵکوو ئاوێنەیەکە بەهۆی کرۆکی زمانەوە، بوونمان پیشان دەدات و هیچ شـــتێک وەک شیعر توانای ئەوەی نییە، هەم جوانی بەرهەم بهێنێت و هەم
حەقیقەتیشمان پێ بناسێنێت.
لەناو هەموو دەقێکدا نهێنییەک هەیە، نهێنییەک نە لە سەرەتادا ڕۆشنە، نە لە کۆتاییدا ئاشکرا دەبێت، نهێنییەک نووسەری دەق بۆ سەلیقەی خوێنەری بەجێ دەهێڵێت. نووســـین کارێک نییە دابڕاو لە خوێندنەوە، بەڵکوو هەردوو پرۆسەکە یەکێکن، تەواو وەک خۆشەویســـتی، خۆشەویســـتیی نێوان نووسەر و خوێنەر. نووســـەری لێزان هەندێک بۆشـــایی دەهێڵێتەوە، تا خوێنـــەر پڕیان بکاتەوە. خوێنەری پاســـیڤ بە ئومێدی ئەوەیە، نووسەر هەموو شتێکی پێ بڵێت، بەڵام نووســـەری کارامـــە بۆ ئەو خوێنەرانە دەنووســـێت کە خۆیان بـــەدوای پەیامی دەقەکەدا دەگەڕێـــن. بایەخی (بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە) ئەوەیە، ســـەمۆیل بێکێـــت گۆدۆی لـــە تەمومژدا هێشـــتووەتەوە. وەک چۆن باڵاترین دەســـەڵاتی گەردوون، هێزێکی پەنهانە، هەموو دەقێکیش حەوجەی بە نهێنییەکە کە ئیشـــی
خوێنەرە بۆ بگەڕێت.
کە وەک جەستە ناساغ دەکەوین، بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین، چارەسەرێک پزیشـــک بۆمانی دەنووسێت، دەقی ئەدەبی چارەســـەرێکی دەروونییە، نووسەر بۆمانـــی دەنووســـێت. نووســـەری زیـــرەک هەر لـــە ناونیشـــانی دەقەکەیەوە کەمەندکێشـــمان دەکات، نووسەری ژاپۆنی یوو هووا، ڕۆمانێکی هەیە، ناوی لێ ناوە: بیرەوەرییەکانی خوێنفرۆشێک کە ناونیشانێکی ئەوەندە سەرنجڕاکێشە، بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە بانگمان دەکات. نووسەری تیرۆرکراو فەرەج فۆدە یەکێک لە کتێبەکانی خۆی ناو ناوە: حەقیقەتێکی بزر، کە ناونیشانێکە تژی لە نهێنی، تێیدا دەڵێت: ڕێســـاکانی ئایین جێگیرن، بەڵام ژیان بەردەوام لە گۆڕاندایە. بچۆ بیخوێنەوە، ڕاستی پەستت بکات، باشترە لەوەی بە درۆ سەرسام بیت

ھەواڵی زیاتر