سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئافرەتانی كوردستان، دەنگ بە پارتی بدەن،با كوردستان بەھێزبێت

هەڵبژاردن یەکێکە لە کەناڵە سەرەکییەکانی بەشداری سیاسی، کە هاونیشتمانی ئازادانە و خۆویستانە لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و بەجێهێانی ئەرکی هاوڵاتیبوون بەشداری پرۆسەکە دەکا و ڕۆڵی دەبێ لە دیاریکردنی چارەنووسی وڵات وەک دەنگدەر و وەک کاندید.
دەنگدان هەم مافە کە هاوڵاتی بە دەنگدان بەشداری دەکا لە دەستنیشانکردنی دەسەڵاتداران هەم ئەرکە کە هاوڵاتی هۆشیار لە سۆنگەی دڵسۆزی بۆ نیشتمانەکەی باشترین پارت و لەنێو پارتەکەشدا باشترین کاندید هەڵدەبژێرێ و متمانەی دەداتێ. لە١٠ی سێبتەمبەری ئەمساڵ دەچینە نێو خولێکی دیکەی هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە و سەنگی هەرێم لە پەرلەمانی عێراقدا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ و چارەنوسسازە، لەو چوارچێوەیەدا وەک کوردستانیان ئەرکمانە بەشداری هەڵبژاردن بکەین و ڕۆڵمان لە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان و چوونە پەرلەمانی عێراق بەهێز و سەنگەوە هەبێت. هەڵبژاردن یەکێک لە بنەما گرنگەکانی پرۆسەی دیموکراسییە و پرۆسەی دیموکراسیش بەبێ بەشداری یەکسانی ئافرەت ناتەواوە، بە بەشداری فراوانی ئافرەت لە دەنگداندا، پرۆسەکە دیموکراسیتر دەبێت و ئاستی سەرکەوتنی بەرزتر دەبێت، بەڵکو دەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت و زیاتر دەکەوێتەبەر سەرنجی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی. گرنگە ئێمەی ئافرەتانی کوردستان بە فراوانی بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەین، بەوەش هەم ئاستی هۆشیاری سیاسی و هەم باوەڕی دیموکراسخوازی و هەم ڕۆڵ و کاریگەری خۆمان پیشان بدەین و بیسەلمێنین کە دەنگمان کاریگەری گەورەی لەسەر ئەنجام و سەرکەوتنی لایەنە بەشداربووەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە و بەوپێیەش دەبێت لایەنە بەشداربووەکان هەم لەڕووی دەستنیشانکردنی کاندیدی ئافرەت هەم لەنێو بەرنامەی هەڵبژاردن و دیدگا و تێڕوانینیان بۆ ئایندە پرسی ئافرەت لەبەرچاو دەگرن و وەک پرسێکی پێشینە و ستراتیژی لێیدەڕوانن.

دیارە کە ئافرەتان توێژ، چین، نەژاد و نەتەوەیەکی یەکدەنگ و هاوبیروڕا نین، بەڵکو ئافرەتان ڕەگەزێکی مرۆڤایەتین لەنێو هەموو ئەو گروپە ئاماژە بۆکراوانە بوونیان هەیە فرەجۆری لە ڕوانگە و خواستەکانیاندا هەیە، بەڵام لە هەمانکات پرسێکی هاوبەش هەیە کە دەکرێت زۆرینەی ئافرەتان لە دەوری کۆک و تەبا بن واتە ئافرەتان خاوەن پرسێکی هاوبەشن کە ئافرەتبوونیانە هەروەها پرسی دیکەش وەک پەروەردە و پرسی نیشتمانی و پرسەکانی دیکەی جێی بایەخ.
ئەگەر دواین هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بە پێوەر وەربگرین ئاستی کاریگەری دەنگی ئافرەت بەڕوونی دەردەکەوێت، کاتێک ئافرەتانی ئەمەریکا بەهۆی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، بە تایبەت بەتاوانناسینی لەباربردن دەنگیان بە جۆو بایدن دا، کە ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ سەرکەوتنی جۆو بایدن و شکستی دۆناڵد ترامپ، ڕاستە هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەرنامەی حیزبە سیاسییەکانی عێراق بە ئەمەریکا بەراورد ناکرێت، بەڵام ئێمەش پێوەری خۆمان هەیە و دەبێت هەڵبژاردنمان بۆ لیستەکان لە سۆنگەی هۆشیاری سیاسی و تێگەیشتنی یەکسانخوازیمان بێت و بزانین کامە لیست شایستەیە و ئەزموون سەلماندویەتی کە بەرگری لە مافەکانمان دەکا و
لە سایەیدا هەست بە دڵنیایی دەکەین.

ئافرەتان دەبێت بە هۆشیارییەوە دەنگ بدەن، زانیارییان دەربارەی هێڵی بیرکردنەوەی ئەو حیزبە هەبێ کە دەنگی بۆ دەدەن بە تایبەت دەربارەی پرسی ئافرەت و پرسە مەدەنییەکان، لەم هەڵبژاردنەشدا کە زیاتر ڕەهەندی سیاسی و نەتەوەیی هەیە، بزانن کە ئەو حیزبەی کە دەنگی بۆ دەدەین ڕوانگەی بۆ پرسی نەتەوەی کورد و نیشتمانی کوردستان چییە، چەند خاوەن بەڵێنەکانی خۆیەتی و چەواشەکاری نەگرتۆتەبەر و لەگەڵ دەنگدەردا ڕاستگۆیە، چەند دەچێتە ژێر
باری بەرپرسیاریەتی.

باری بەرپرسیاریەتی.
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک پارتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی هەڵگری چەندین تایبەتمەندی مەدەنیانەیە و لەخۆگری پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانی و پێکەوەژیانە و بە ئەزموونیش سەلماندوویەتی کە بۆ ڕێگیریکردن لە پیلانگێڕییەکان دژ بە هەرێمی کوردستان و بەرگریکردن لە مافە بەدەسهاتووەکان دەچێتە پەرلەمانی عێراق، لیستی پارتی تاکە لیستە کە پەرلەمانتاری دژەگەل و پۆپۆلیست و چەواشەکاری تێدا دەرنەکەوتووە، لیستی پارتی لیستی داکۆکیکاری مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستانە، هەموو ئەو بابەتانە جێی بایەخی ئافرەتانە، هەربۆیە پارتی لەم هەلبژاردنەدا چاوی لە دەنگی ئەو ئافرەتە هۆشیارانەیە کە مەبەستیانە ئایندەی کوردستان مسۆگەر بێ و سەودای پێوە نەکرێ، کە مەبەستیان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە دەردی کەرکوک نەبرێن و میلیشیا حوکمیان نەکات، کە مەبەستیانە هێز و لایەنی هاوپەیمانی هێزە تائیفی و توندئاژۆکان دەسەڵاتدار نەبن و بەوهۆیەوە نەکەوینە ژێر دەسەڵات و یاساکانی ئەوان.

ئێمەی ئافرەتانی کوردستان کە نیوەی کۆمەڵگە و دایکی نیوەکەی دیکەین، کە بەرپرسیاریەتی بەکۆمەڵایەتیکردن و پێگەیاندنی نەوەکانمان لە ئەستۆیە، کە پشکی گەورەی قوربانیدانمان بەرکەوتووە، لەم هەڵبژاردنەدا نابێت بەهیچ شێوەیەک خەمسارد و بێلایەن بین، دەبێت هەست بەرپرسیاریەتی بکەین و دەنگەکانمان بۆ ئەو پارتە بێت کە لە هەموو هەلومەرجەکاندا خاوەنداری لە کوردستان کردووە و قوربانی داوە لە پێناویدا، لە بیرمان بێت، کە پارتی بناغەی بە دیموکراسیکردنی کۆمەڵگەی دانا و یەکەم پێشنیاز و داوای ئەنجام دانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە پاش ڕاپەڕین (سەرۆک بارزانی) بوو، یەکەم ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافی ئافرەت، پارتی دایمەزراند و پارتی گۆڕانکاری لە هزری پیاوسالاری و سترەکتۆری کۆمەڵایەتی دروست کرد و پێگەی ئافرەتی بردە ئاستێکی بەرز لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، پارتی حیزبی ئاشتی پارێز و دابینکەری ئارامی و تەناهییە، پارتی عەقڵ و دڵ و هێزی کوردستانە، بۆیە با دەنگەکانمان بۆ پارتی بێت.