جارێ وازمان لێبێنن،ھەندێ باسی خوتان بكەن؟

هەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئوکتوبەری داهاتوو بۆ پارلەمانی عێراقە نەک کوردستان، بۆیە پێویستە لە کارنامەی کاندیدان و شێوازی بانگەشە، خواستە نەتەوەیی- نیشتیمانی و هەمو شایەستە دەستورییەکانمان لە بەر ڕۆشنایی پرینسیپەکانی ( شەراکەت، هاوسەنگی و رێککەوتن ) رەنگبدنەوە، بەڵام بە داخەوە هەندێ پاڵێوراو و لایەنی سیاسی لە دروشم و لێدوانەکانیاندا پێچەوانەی ئەوەی هانی لایەنە کوردستانییەکان بدەن لە پێناوی (یەکگوتاری نەتەوەیی نیشتیمانی و هەماهەنگی)، کرۆکی باسەکانیان زەقکردنەوەی کێشە دروستکراوەکانی ناوخۆیی هەرێمە ! لەوەشدا نەیانتوانیوە سەرکەوتووبن، چونکە ئەوەی دەیکەن بەدەرە لە چواچێوەی ڕەخنەی بنیاتنەر! ڕەخنەی بنیاتنەر بەو واتایە دێت ؛ خستنە ڕووی لایەنی باش و نەرێنی کردارەکان و پێشنیاری گونجاوی چاککردنەوە، بەوەش نەوەستاون بەڵکو لەجیاتی ڕێکلام و باسکردنی پرۆژەو کاری داهاتویان، هێرشی ناڕەوایان دەستپێکردووە بۆ سەر پارتی !بێ ئەوەی پەند وەرگرن لە زیانەکانی پەرتەوازەیی و ململانێی نابەجێ، هەندێکیشیان لە ئێستاوە ناشارنەوە یەکەم ئامانجیان لە بەغدا هەوڵدان دەبێت لە پێناوی (کەمکردنەوەی سەروەری سیاسی، دەستوری و دەسەڵاتەکانی هەرێم )، ئەرێ ڕاستتر نییە وەکو بەرێز سەیدا فازڵ میرانیوتەنی (جارێ وازمان لێبێنن هەندی باسی خۆتان بکەن)!