بۆ گێڕانەوەی ھاوسەنگی ھێز دەنگمان پێبدەن

لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دروشمی عەنتیکە دەبیستین، بێ ئەوەی لێکدانەوەی بۆ بکەن بۆمبارانی خەڵکی پێدەکەن.
مەبەستمە قسە لەسەر ئەم دروشمە بکەم، کە دەڵێن(دەنگمان پێبدەن بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز ). هێز و هاوسەنگی دوو چەمکن دەکرێ قسەی زیاتریان لەسەر بکەین، بەڵام لێرەدا دەمەوێ بڵێم بەکارهێنانی ئەم دروشمە هیچ پەیوەندی بە پرۆسەی دیموکراتی و هەڵبژاردنەوە نییە، بەتایبەتی بۆ ئەو هێزانەی لە حکومەتن هەروەها هێزی ئۆپۆزسیۆن، چونکە گەمەی دیموکراتی بریتییە لە دۆڕان و بردنەوە. لە هەموو دنیا وایە هێزێک زۆرینە بەدەست دەهێنێ و حکومەت پێکدەهێنێ، یاخود حزبی دیکە بەشداری پێدەکات و پێکەوە حکومەت پێکدەهێنن. بەڵام هێزی یەکەم بەرنامەکانی کە بانگەشەی پێکردووە دەیانهێنێ لە ڕێگای حکومەتەوە دەیکاتە بواری جێبەجێکردن بۆ خزمەتی خەڵک، ئەو حزبانەی لەتەکی دا حکومەتیان پێکهێناوە نایەن داوای هاوسەنگی هێز بکەن، چونکە هەڵبژاردن زۆرینە و کەمینەیە ئەوە لە دیموکراتی عەنتیکەدایە کورسیش نەهێنێ هەر براوە بێ و لە حکومەت بەشدار دەبیت. ئاخر داوای هاوسەنگی چی دەکەی کە سەرۆکی پەرلەمانت هەبێ و جێگری سەرۆکی هەرێم و حکومەتت هەبێ و وەزارەتی دارایی و چەند وەزارەتی دیکەو پۆستی دیکەی جیاوازت هەبێ و باس لە گێڕانەوەی هاوسەنگی هێز بکەیت! هەمان مەسەلە بۆ ئۆپۆزسیۆن ڕاستە، کە نابێ باس لە هاوسەنگی هێز بکەن، ئەگەر هاوسەنگی هێز دروستبکەین ئیتر پرۆسەی دەنگدانمان بۆ چییە؟ پێش وەخت ڕێکدەکەوین بۆ دابەشکردنی کێکەکەو خەڵکیش ماندوو ناکەین بۆ بانگەشە بۆ دەنگدان. لە ڕاستیدا بانگەشەی هاوسەنگی هێز هەڵەی لۆژیکییە ئەگەر بمانەوێ دیموکراتیەت پەرە پێبدەین، دەبێ لێگەڕێین کام هێزەی زۆرینە بوو بۆ چوارساڵ حکومەت پێکبهێنێت و ڕکەبەرەکانیش خۆیان بۆ چوار ساڵی دیکە ئامادەبکەن یاخود لەتەک هێزی زۆرینەدا حکومەت پێکبهێنن. بە مەرجێ کە بەشداربوویت خۆت بە خاوەنی حکومەت بزانیت.
کەواتە دروشمی دەنگمان پێبدەن بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی هیچ نییەجگە لە هەوڵدان بۆ دەسکەوت. بۆیە پێویستە ئەو دروشمە پاشەکشە پێبکەن ودەنگی پێ کۆنەکەنەوە، چونکە پەیوەندی بە دیموکراتی و هەڵبژاردنەوە نیە، جگە لە فریودان و نەبونی دیدێکی دروست بۆسیاسەت وحوکمڕانی و دیموکراسی هیچی دیکە نیە و لە پرۆسەی هەڵبژاردنەدا گێڕانەوەی هاوسەنگی هێزمانایی نیەوجێگای نابێتەوە.