هەستێکی موریدانە ..

برادەرانی فێسبوکم دەزانن کاتێ کتێبێک دەخوێنمەوە بە قەڵەمی سۆر مولاحەزاتەکانی خۆم تۆمار دەکەم و لەئەنجامدا دەبێتە بابەتێک بۆ رۆژنامە یان بۆ نووسەر دەینێرم ماوەیەکی دوورودرێژە بڵاوکردنەوەی بیرەوەریەکان بوەتە مۆدێل ، بەڵام بەداخەوە بیرەوەریەکانی ئێستا بۆن خوێنی لێدێت ! هێندە زانیاری ئابڕووبەری تێدایە کە مرۆڤ مەندەهۆش دەکات !
ئێمەی خوێنەر هەردەم بە شەوقەوە چاودێری کتێبخانەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین خولیای خۆمان بۆ خوێندنەوە دامرکێنین ئەو کتێبەی هێژا مسعود بارزانی (بارزانی وبزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەرگی چوارەم 1975-1990 شۆڕشی گوڵان) بەندەی گەڕاندەوە بۆ دونیای ئەفسوناوی رەسەنایەتی و خاڵبەندکردنی بابەتە نهێنی و نەبیسراوەکانی مێژووی ئەو شۆڕشە کە توانی تۆزوغوباری نسکۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلولی لەسەر شانی نەتەوەی کورد داتەکاند !
خوێنەری خۆم دڵنیان کە بەندە لە ئایاری 1993 وە ، تا ئێستا پابەندم بە تۆمارکردن و نووسینەوەی ووردەکاری بەردەوامبوونی شۆڕش ، بەڵام هەر نیگەرانیشم نەوەک لەکارەکەمدا کەمتەرخەم بووبم ! هەرچەندە بۆ ئەو مەبەستە هەورازو نشێوی کوردستان گەڕاوم بەشوێنانەداچووم کە دوێنێ خەباتگێڕەکانی پارتی و بارزانی هەوری تاری ئاسمانی کوردستانیان دڕ دەدا ! بۆ ئەوەی بگەینە ئەوڕۆی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان .
ئەوەی منو خەڵکی دیکەش پەی بەو مێژووە نەبردوە ئەوەتە سەرقافڵەی مێژووەکە (مسعودی هێژا) لەو دڵەڕاوکێیە دەربازمان دەکات و بەنێو ووردەکاری و کونوکەلەبەری ئەو مێژووە ئاشنامان دەکات .. زۆر شتی نوێم کەوتە بەرچاوان ، ئەو پرسیارانەی دوێنێم هەمووی وەڵام درایەوە ، لەمەودوا نۆرەی قوتابیانی زیرەکەکانن نامەو ئوتروحە لەسەر کتێبەکە بنووسن .
دوابەدوای خوێندنەوەم بۆ گشت بەشەکانی ئەم کتێبە بۆ خودی خۆم لەدوو شوێندا بە گریانەوە ئەو لاپەڕانەم تەڕ کردوەو تا ئێستایش کاری کردۆتە سەر ناخ و دەروونم بۆیە حەزدەکەم خوێنەری خۆم و برادەرانم لەفێسبوک بەشداریم بکەن :
کاک مسعود بارزانی لە بەرگی سێیەمدا بەشی دووەم لە لاپەڕە(255) باس لە رۆژانی نەساغی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی دەکات کە چۆن لەنۆبەتی خۆیدا بۆ ئامادەکردنی خواردنی ئەورۆژە چۆن بەهۆی گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی چێشتەکەی لەسەر ئاگر سووتاوە ! بەهەرشێوەیەک بێت جەنابی هەوڵدەدات ئەو بەشەی سووتاوە فڕێبدات بەڵام بەداخەوە کاتێ خۆی کەوچکێک دەخوات هێڵنجی دێتێ بۆیە بە جەنابی باوکی دەڵێ نەکەی بیخۆیت چونکە سووتاوە ، هەر ئێستا نان وماستێکت بۆ ئامادە دەکەم !
جەنابی بارزانیش بێ ئەوەی سەرکۆنەی نانەکە بکات بەگاڵتەوە بۆ دڵخۆشی کاک مسعود دەفەرمووێ ئەرێوەڵلا خێرت دەگاتێ ! ڕۆڵە ئەگەر بۆم بێنی ،
کاک مسعود لە ماجەڕای ئەوکاتدا دەڵێ : چارەنووسم وابوو بەشم لە باوکم وەک بەشی کوڕانی تر نەبێ لەباوکیان ، من منداڵێکی شیرەخۆرە بووم کە ئەو بەگەشتێکی درێژی دوازدە ساڵی بەجێی هێشتین و بەوە حوکمی ئەوەم بەسەردا درا کە وەک کوڕانی تر نەم ، بەدرێژی ماوەی منداڵیم باسیم دەبیست و هیچم لەخۆی نەدەبیست بەشم لێی لەوسەردەمە لەوێنەیەکی کاڵی خۆرەتاوی ڕۆژەکی بەولاوە نەبوە …… دوورنیە خەڵکانێک هەبن درک بەو هەستە زێدە کاریکەرە نەکات و بەسەریدا تێپەڕێ بەڵام ئێمەمانان واتە موریدانی رێباز بەم حاڵەتانە دەگەنە حاڵی حاڵگرتن !
ئەوەتە لە بەشی دووەمی بەرگی چوارەمدا لە لاپەڕە(144) بەنووسینی یاداشتی ڕۆژانەی خۆیدا لە 1987/2/1 دیمەنێکی بەزێدە تراژیدیا و هەستێکی بوڕکانی بۆ کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەردەبڕێ کە مەحاڵە مرۆڤ خۆی لەبەر ڕاگرێ کاتێ دەڵێ :
زۆر بەداخەوە برا گیان
خۆزگە من لەشوێنی تۆ بام
بە قەزاوقەدەری خودای گەورە رازیم ، بەڵام ئەدی بەڵێنمان نەدابوو یەکتر جێ نەهێلین ؟
دڵنیام بەدەستی خۆت نەبووە ، ئەگین جێت نەدەهێشتم
سەرلەوێ زامەکانمان کولانەوە (ئەدی بەڵێنمان نەدابوو) جارێکی تر لەخەم وئازارەکانمان دەپەڕینەوە
برام ، دیارە باوکت بیرت دەکات ، بە دڵنیاییەوە ئیشی پێتە بەڵام ئێمە زیاتر پێویستیمان بە تۆ هەبوو ……. هتد
هەرکاتێک بیر لە ووشەو پەیڤەکانی کاک مسعود بارزانی بۆ کاک ئیدریسی جوانەمەرگ دەکەمەوە کە تا ئێستا لەبۆنەکاندا رەنگ دەداتەوە ئەو ئازارە دژوارە لەمناخی جەنابیدا درێژەی هەیە بۆیە ماوەیەک بەر لە ئێستادا یاداشتەکەی قفڵکرد کاتێ فەرمووی : ئەگەر گوللەیەک بۆ سینگی کوڕانی ئیدریسی برام هات ، دڵنیام کوڕەکانی من بە سینگی خۆیان دەیقۆزنەوە ، بەپێچەوانەش هەر ڕاستە !
سڵاو لە گشت شەهیدانی کوردو کوردستان لەسەروویانەوە سەرۆکی هەمیشەیی کورد بارزانی مستەفاو ئیدریسی هەمیشە لەیاد .

ھەواڵی زیاتر