چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

تیرۆری شۆرت و گەدە

مەشخەڵ كەوڵۆسی

چەند حیزبێكی كوردی، هەندێ دەزگای هەواڵگری بەبەرنامەیەكی چڕ دەستیان داوەتە شەڕێكی ناجوامێرانە بەرانبەر سەركردەسیاسییەكان و چالاكوان و بژاردەی ڕۆشنبیری و تەنانەت كۆمەڵایەتییەكان. ئەوان لەتازەترین داهێنانیاندا، پەنایان بردۆتە بەر بەكارهێنانی “ژەهر و سێكس” بۆ بێدەنگكردنی كەسایەتییە دیارەكان و ڕكابەرەكانیان. 
ئەم دیاردەیە تادێت زیاتر گەشە دەكات و ژمارەی قوربانییەكان زیاتر دەبێت و، نەدەزگایەك هەیە بۆ تۆماركردنی ئاماری قوربانییەكان و نەپەنایەك بۆ قوربانییەكان و نەدەستەڵاتێك بۆ سزادانی تاوانباران. ئێمە لەبەردەم كێشەیەكی گەورەداین كە ئەگەر ئاواو بەم ڕیتمەی ئیستا بڕوات، كێشەی گەورە و زەبەلاحی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوەو، هەمووان لەبەردەم ئاڵوگۆڕێكی زۆر مەترسیدارداین كە بریتییە لە كۆتایی هاتنی قۆناغی متمانە و، هەڵوەشانەوەی سەرلەبەری ئیرسی كۆمەڵایەتی و كەلتوریی ئێمە. 
لەدنیادا هەردوو جۆرە چەكەكە لەدژی نەیارەكان بەكارهێنراون و لەگەمە هەواڵگرییەكاندا تەوزیفكراون. 
بەڵام ئەوە بەرانبەر بە دوژمن كراوە، نەك بەرانبەر بە دۆست و تاكی هەمان كۆمەڵگە. بەگوێرەی نەریتی باو، كەلەنێو سەرچاوە بڕواپێكراوكاندا نوسراونەتەوە، كاتێ دەزگایەكی هەواڵگری وڵاتێك یان حیزبێك پەنا دەباتە بەر ژەهرخواردكردنی كەسێك یان دەیەوێت لەڕێی سێكسەوە زانیارییەك لەسەر كەسەكە وەربگرێت، بێگومان سێ مەرجی سەرەكی لەو كارەدا ڕەچاو دەكرێت: 
۱-كەسی بەئامانجكراو هاوڵاتیی وڵاتێكی دوژمن بێت، نەك دۆست، نەك هاوڵاتیی خۆت!
۲-لەپۆستێكی هەستیاری وادابێت كە ژەهرخواردكردنی زیان بدات لە سیستەمی بەرژەوەندییەكانی وڵاتی دوژمن. ۳-زانیارییەكەی بایەخی ئەوەی هەبێت كەلە پێناویدا باز بدرێت بەسەر پڕنسیپە ئینسانی و ئەخلاقییەكاندا و، بەهای زانیارییەكانی گەورەتربن لەوەی رەچاوی ئەخلاق بكرێت” وەك ئەوەی تسیبی لیڤنی لەگەل سەركردەی وڵاتانی عەرەب باسی دەكات، جاری واهەبووە بۆ ئیمپروڤكردنی زانیارییەك، سێكسی لەگەڵ سەركردەیەكی عەرەب كردووە!.
بەڵام ئەو حیزبە كوردییەی كە پەنا دەباتە بەر ئەو یارییە قیزەونە، هیچ مەرجێك و زەمینەیەك لەو زەمینانەی كەباسكران ڕەچاو ناكات و ئەو لەدژی هاوڵاتیی وڵاتەكەی خۆی كاری كردووە، سیخوڕەكانی بەرداوەتە گیانی هاوڵاتیی خۆی، بێ ئەوەی بەوكارە هیچ بەرژەوەندییەكی كوردستان مسۆگەر بكرێت!. 
ئێمە چەندین نمونەو سامپڵمان لەبەردەستە كە كەیسەكان ئامادەن، دوایەمین كەیسی ئاشكرا بریتییە لە كەیسی ” تەیموری ئەنفال” كە وەك لەفەیسبوكی خۆی بڵاوی كردەوە، دواتریش لەپەیوەندی تایبەتدا هەندێك نهێنی دیكەی گەیاند بەئێمە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، نە داواكاری گشتی لەسەر ئەو كەیسە دێتە دەنگ، نە دەبێتە ڕۆژەڤی میدیاكان، نە دامودەزگا ئەمنی و تایبەتمەندەكان هیچ بەدواداچوونێك لەسەر ئەو كەیسانە دەكەن، هەموو قوربانییەكانیش بۆ قەدەری خۆیان بەجێ هێڵراون. تیرۆری شۆرت و گەدە، تایتڵی پان وبەرینی ئەم جەنگە تازەیە كە تاكو ئیستا قوربانییەكانی بەسەدان كەسن و، ژمارەكەش هەڵدەكشیت و، پێویستە بەزوویی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. بەداخەوە لەبری ئەوەی كەسایەتییەكانی خۆمان بپارێزین و، ئارامییان بۆ دروست بكەین، بەپێچەوانەوە شەڕێكی ناچیزانە لەدژی هەموو فیگەرەكان دروستكراوەو، دوایەمین كەیس تەیموری ئەنفالەو دوادۆسیەش نابێت و، ئەگەر بەر نەگیرێت بەتیرۆری شۆرت و گەدە، كارەسات بەڕێوەیە!. ئەوەی جێگەی سەرنجە، فیگەرەكانی ئەم دەڤەرە، چ سیاسی بن یان ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی، یەك لەدوای یەك دووچاری ئەم شەڕەی سیخوڕە بچوكەكانی حیزب بوون و، هەموو لایەكیش كڕوكپن. دەگەڕێمەوە بۆ گوتەیەكی بەڕێز ” پاڤڵ تاڵەبانی” كە گوتی: بۆ لەمەودودا سیخوڕیكردن بەسەر ژیانی تایبەتی كەسایەتییە دیارەكان هێڵی سورە” . دەپرسم: ئەی بۆ كەیسەكانی سیخوڕی و ژەهر و تیرۆری شۆرتەكانمان، ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت؟ ئەی چی بكەین بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی پێش ئەو قسەیە دووچاری ئەو جەنگە بوون؟ چی بكەین بۆ بەپێگرتنی؟ چی بكەین بۆ ئەوەی تیرۆری شۆرتەكانمان و گەدەمان، نەبێتە مایەی ئاشوبێكی كۆمەڵایەتی وا كە ئەمە سەرەتاكەیەتی و بێگومان كۆتایی نابێت، ئەگەر بەجیدی كۆتایی
پێ نەهێنرێت.