لەوتارەکەیدا کە دوێنێ لە شاری سلێمانی پێشکەشی کرد هێژا نێچیرڤان بارزانی چەند پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵکی سلێمانی کرد کە لەخوارەوە ئاماژەیان پێ دەدەین :
یەکەم :ئەو هێما و ڕەمزانەی وێنەی ڕاستەقینەی سلێمانی بەرجەستە دەکەن بریتین لە ئەدەب و ڕۆشنبیری ،ئازایەتی وئازادیخوازی ، مەدەنیەت و شارستانی ،داهێنان و نوێخوازی و لێبوردەیی ، نەک جنێودان و ئیرهابی فکری و پەشێوخوازی و توندوتیژی لە گوتار و ڕەفتاری سیاسی دا ئەمانە بە کلتوری ڕەسەنی سلێمانی نامۆن.
دووەم : لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا سلێمانی متمانەی سیاسی بە چەندین حزب ولایەنی سیاسی بەخشی و ڕێگای پێدان حوکمی بکەن بەڵام ئەوانەی لە سلێمانی دەسەڵات و سامانیان لەدەست بوو نەیان توانی بەباشی بیخەنە خزمەتی سلێمانیەوە لەم بارەوە جۆرێک لە پاشاگەردانی هەیە ، نێچیرڤان بارزانی پێی گوتن متمانەی خۆتان بە پارتی بدەن و حوکمی ڕاستەوخۆی پارتیش تاقی بکەنەوە ، پارتی ئەومتمانەیەتان دەپارێزێ و بەزایەی نادات ، لەم هاوکێشەیەدا پێش پارتی سلێمانی و کوردستان براوە دەبن .
سێیەم : ئەو ڕەوت و ڕوئیا سیاسیەی بانگەشەی نامۆ بوونی پارتی دەکات لە سلێمانی ڕەوت و ڕوئیایەکی هەڵەومایەپووچە ، ڕەگی پەیوەندی بارزانی نەمر لەگەڵ سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروست بوونی پارتی، لەدوای دروست بوونی پارتیشەوە، ڕەگی درەختی پارتی لە سلێمانی بە خوێنی هەزارەها شەهید ئاودراوەو لەئێستاش دا دەیان هەزار کادر و ئەندام و لایەنگر لەژێر سێبەری ئەودرەختەدا ئاڵای خەبات و تێکۆشانی سیاسیان دەشەکێتەوە ، پەیوەندی پارتی لەگەڵ سلێمانی هەر ڕەهەندی سیاسی نیە بەڵکو ڕەهەندی کۆمەڵایەتی دامەزراو لەسەر خوێن و دەماریشی هەیە، نێچیرڤان بارزانی خۆی وەک فیگەرو کەسایەتیەکی سیاسی باڵای خاوەن کاریگەری و هەژموون سلێمانی توخمێکی سەرەکی پێکهێنەری ناسنامەکەیەتی و خوێنی سلێمانی لەدەمارەکانیدا دەگەڕێ ، لەم بارەوە بە کورت و پوختی بە سلێمانیەکانی وت : پارتی و سلێمانی لێک دانابڕێن ، پارتی هی ئێوەیە و بەهی خۆتانی بزانن ئەگەر دەرفەت و متمانەی زیاتری پێ بدەن بۆتان دەسەلمێنێ بۆ سلێمانی چەند بە پەرۆشە.