ڕووقایمی و په‌ندوه‌رنه‌گرتن

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای بانگەشەی هه‌ڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق‌، پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دا، هه‌ڵمه‌ته‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای بیرخستنه‌وه‌ و پیشاندانی ده‌ستكه‌وته‌كانی و به‌ڵێندان بێت به‌ ده‌نگده‌ران كه‌ هه‌رچی له‌ ده‌ستی بێت ده‌یكات تا كوردستان به‌هێزتر و سه‌قامگیرتر و ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی باشتر بێت، خۆی له‌ شه‌ڕی ئیعلامی لابه‌لا و شكاندنی به‌رانبه‌ره‌كانی دووربگرێت، تا ئه‌مڕۆش هه‌روای كردووه‌ و ده‌كات.
ئه‌م بڕیاره‌ بنچینه‌یی و نه‌گۆڕه‌ی پارتی، له‌ متمانه‌ به‌خۆكردن و ناسینی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و ڕێزگرتنی ئاست و زه‌ینی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. پارتی هه‌میشه‌ پێیوایه‌، شكاندن و ته‌خوینكردنی ئەم و ئەو، با هێندێكیشیان له‌باریاندا بێت، ڕێگه‌یه‌كی درووست نیه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان، بگره‌ هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی و ده‌ستكه‌وته‌كانی سه‌ر ئه‌رزی واقیع و، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ژیانی خه‌ڵك و پاراستنی كه‌رامه‌ت و سه‌روماڵیان، كورترین ڕێگه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌. جیا له‌وه‌ی شه‌ڕه‌ده‌می ئیعلامی و خۆ به‌هه‌مووشتزانین وبه‌هیچنه‌زانینی ئه‌وانی دیكه‌، نه‌ ڕاسته‌ و نه‌ له‌گه‌ڵ مه‌زاجی گشتیی خه‌ڵكی كوردستاندا دێته‌وه‌.
كه‌چی به‌داخه‌وه‌، دیسان وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان، لایەنێك، له‌م هێمنی و خۆدوورگرتنه‌ی پارتی له‌باسكردنی ئه‌وان، تێناگات و بگره‌ ده‌یقۆزێته‌وه‌ بۆ هێرشی ناڕه‌وا و بوختانكردن به‌ پارتی.
ئه‌م دوو ئه‌لفه‌، بۆ وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌وانه‌ نیه‌، بەڵكوو بۆ ده‌رخستنی بوختان و نامه‌سئوولییه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌ جێی ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ خه‌ڵك بناسێنن تا ده‌نگیان پێ بده‌ن، ده‌یانه‌وێت له‌ ڕێی بووختانكردن بە پارتییه‌وه‌ خه‌ڵك له‌ خشته‌به‌رن و، زۆر به‌ ڕووقایمی باسی نیشتیمانپه‌روه‌ریی و به‌ته‌نگه‌وه‌چوونی ژیانی خه‌ڵك و شكاندنی به‌رانبه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ن.
سه‌یره‌ لای ئه‌و كه‌سانه‌، كوردایه‌تی و نیشتیمانپه‌روه‌ریی؛ خزمه‌تكردنی ئه‌جێندای دوژمنان و دڵخۆشكردنیان، هه‌وڵدانی بێوچان بۆ له‌تكردنی ڕیزی نیشتیمانی و ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك و نیوه‌ی خاكی كوردستانه‌، كه‌چی هه‌وڵدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ڕیفراندۆمێكی یاسایی و سه‌رتاسه‌ریی كوردستاندا به‌ خیانه‌ت ده‌زانن!! ئه‌رێ ئه‌وه‌ چ ڕووقامییه‌كه‌، پاراستنی كه‌ركووك به‌ خیانه‌ت و ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی به‌ كوردایه‌تی بزانن؟! مرۆڤ نازانێت چۆن باسی ئه‌وانه‌ بكات كه‌ خه‌ڵكانێكیان كاندید كردووه‌ نۆتی شه‌جاعه‌ی ئه‌نفالیان وه‌رگرتووه‌ كه‌چی ئێستا بۆ سواڵی ده‌نگ حه‌وت حه‌وت باسی تاوانه‌كانی ئه‌نفال ده‌كه‌ن!! كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیان به‌ ئاسۆیی و ستوونی نه‌ك دابه‌ش بگره‌ ئه‌نجنئه‌نجن كردووه‌، كه‌چی هیچ شه‌رم ناكه‌ن و خۆ به‌خه‌مخۆری خه‌ڵك و هاوبه‌شی ئێشوئازاره‌كانی ده‌رده‌خه‌ن!!
سووربوونی ئه‌و ڕووقایمانه‌ له‌سه‌ر دووباره‌كرنه‌وه‌ی ته‌جره‌به‌ی فاشیلی په‌لاماردانی پارتی وه‌ك تاكه‌ ڕێگه‌یه‌ك بۆ سواڵی ده‌نگ، ده‌یسه‌لمێنێت نه‌زانیشن. ئاخر هیچ په‌ندێكیش له‌ مێژوو فێرنه‌بوون و نابن. تا ئه‌مڕۆ، نازانن كه‌ چییان له‌ په‌لاماره‌كانی پێشوو ده‌ستكه‌وتووه‌، ئه‌مجارەش لەوە زیاتریان دەست ناكەوێ‌. بووختان و هێرشه‌ ئیعلامییه‌كانیان، چه‌ند په‌لاماری ناحه‌قی پارتییه‌، هێنده‌ش سووكسه‌رنجدانی خه‌ڵكی كوردستانه‌. خه‌ڵكی كوردستان زۆر له‌وه‌ هۆشیارتر و زه‌ینیان ڕوونتره‌ كه‌ ئه‌وانه‌ تێیگه‌یشتوون.
نازانن، ده‌ستكه‌وتی خه‌ڵك و هه‌ڵوێستی نیشتیمانیانه‌، په‌یژه‌ی سه‌ركه‌وتنن، نه‌ك په‌لاماری ئیعلامی و بووختان و ته‌خوینكردنی خه‌ڵكی دیكه‌. نازانن، مێژوو و ڕووداوه‌كانی، تۆماركراون و ته‌واو، به‌ هه‌راوزنا نایه‌نه‌ گۆڕین، باشترە ئەوان خەریكی ماڵی شێواوی خۆیان و كۆكردنەوەێ پارچەكانیان بن نەك پەلاماردان و چەواشەكاری.
جوانیان گوتووه‌: گه‌ر شه‌رمت نه‌كرد، چ ده‌كه‌ی بیكه‌.