ئافرەتی کورد، بەرەنگاری و ئازایەتی

 

 

ئافرەتانی كوردستان بە درێژایی مێژوو لە كاتێكدا لەناو خێزان و كۆمەڵگەدا زۆرلێکراوبوون و وەک ئافرەت ستەمی کۆمەڵایەتی و وەک کورد ستەمی نەتەوایەتییان لەسەر بووە، بەڵام لە بارودۆخی سەخت و هەلومەرجە قورسەکاندا ڕۆڵی شایستەی خۆیانیان بینیوە.
بەشداری خەباتی نەتەوەیی و بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستانیان کردووە و کاریگەری گەورەیان لە بەردەوامی و سەرکەوتنی ئەو بزاڤەدا هەبووە و پشکی سەرەکی قوربانیدانیشیان بەرکەوتووە.
لە خێزاندا ئەرکە قورسەکە لە ئەستۆی ئافرەت بووە و هەر خۆی کۆڵەگەی خێزان و پەروەردەکار و تەنانەت بەشدار بووە لە دابینکردنی ئابووری خێزان سەرباری کاری ناو ماڵ. لەمڕۆشدا ئەرک و ڕۆڵی ئافرەت گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئافرەت بەشدارێکی بەرچاوی کایە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات و لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردستانییە.
لە هەمووی گرنگتر ئافرەت بەشدارێکی سەرەکی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیی بەڵکو هەر خۆی داینەمۆی ئەو بزاڤە مەدەنی و یەکسانخوازییە کە لەم قۆناغەدا
بوونی هەیە.
ئەوە ڕاستیەكی نكۆڵی لێنەكراوە، كەوا ئافرەت توندوتیژی بەرامبەر دەكرێ، بە پاساوی گەڕانەوەی شەرەف دەکوژرێ، ناچار بە

خۆکوشتن و خۆسوتاندن دەکرێ، بە كەم لە تواناكانی دەڕوانرێ و بارتەقای ڕەگەزی بەرامبەر لە کایەی سیاسی و ئابوری و بوارەکانی دیکەش دەرفەتی پێنادرێت، بەڵام هەموو جار و هەموو کات بەرچاوخستنی قوربانیبوونی ئافرەت و هەمیشە پیشاندانی وەک ستەملێکراو نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو زیان بە پرسی ئافرەت دەگەیەنێت. بەڵکو پێویستە سەرکەوتنەکانی ئافرەت و بەرەوپێشچوونەکانیشی باس بکرێ و دیار بخرێ.
ئەوەش لەپێشچاوبێت، كە ئافرەت سیمبولی قوربانیدان و ئازایەتییە و ئافرەتی كورد ئەو بونەوەرە لاوازە نییە، كە بە چاوی سۆز و بەزەیی لێی بڕوانرێت، بەڵكو ئەگەر بە مێژوودا بچینەوە گەورەیی ئافرەتی کوردمان بۆ دەردەكەوێ.
لەمڕۆدا ئافرەتی کورد سەختترین و پڕ ئێش و ئاستەنگترین تێکۆشان دژ بە بەها و پێوەرە کۆمەڵایەتییە پیاوسالارەکان بەڕێوە دەبات کە ڕەگداکوتراوی هەزاران ساڵەن. قوربانیدانی ئافرەتە کە گۆمی مەنگی هزری پیاوسالاری شەڵەقاندووە و تەلبەندی پڕ دڕک و داڵی داب و نەریتی پساندووە، ئازایەتی ئافرەتە کە نەخێری بۆ ستەمی پیاو و فەزای گشتی پیاوانە و کایەی تایبەتی ئافرەتانە کردووە. تێکۆشانی ئافرەتە
کە جۆرێک لە تێگەیشتنی دروست کردووە

بەوەی کە پیاویش وەک مرۆڤ قوربانی هزرێکی کۆمەڵایەتی ڕەگەزخوازییە کە گۆشی کردووە بەوەی ئەو باڵادەستە و شوێنگەی ئەو بەرزترە. ئەوە قوربانیدان و ئازایەتی و پێداگری ئافرەتە کە ڕای گشتی لە بوونی پرسی ئافرەت هۆشیار کردووەتەوە و هەموانی ناچار بە گرنگیدان بەم پرسە کردووە.
ئێمەی ئافرەتی کورد وەک تاکی نەتەوە قوربانیمان داوە لە پێناو ڕزگاری نەتەوەیی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، قوربانیشمان داوە وەک ئافرەت بۆ یەکسانی جێندەری و پاراستنی شوناسی ئافرەتبوون، تێکۆشان لە هەردوو ئەم بوارانەدا بۆ ئێمەی ئافرەت گرنگە و نابێت لە هیچیان سارد بینەوە و پاشەکشە بکەین. وەک تاکی نەتەوەی کورد سەرەڕای ئەوەی گەلەکەمان تا ڕادەیەک قۆناغی ڕزگاری نەتەوەیی تێپەڕاندووە و خاوەن قەوارەیەکی دەستوری دانپیانراوین، وەک ئافرەتیش بەشدارێکی بەرچاوی کایەی سیاسی و جومگەکانی دەوڵەتداری و پەرلەمانتاری و ڕێکخراوەیین، بەڵام نکۆڵیش لەوە ناکرێت کە نەیار و دوژمنانمان زۆر و ناهەموار و دڕندەن؛ بۆیە سەلماندنی ڕۆڵمان لە پاراستنی ئەم قەوارەیە و بەهێزکردن و زیاتر جێگیرکردنی ئەرکی سەرەکی و لە پێشینەمانە.
وەک ئافرەتیش خەباتێکی سەختتر لە خەباتی نەتەوەیی لە پێشمانە، کە خەباتی یەکسانی و بەرەنگاری بیری زاڵی پیاوسالاری و ئەو نۆرمانەیە کە سنورمان بۆ دیاری دەکا و چوارچێوەمان بۆ دادەنێ و بە کەم توانا و ئاوەزمان دەزانێ و ڕۆڵی یەکسانمان پێ ڕەوا نابینێ. تێکۆشانی ئیمەی ئافرەت بۆ کوردستانێکی ئازاد و یەکسانە بۆ ئافرەت و پیاو، بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراس و ژیانێکی هاوبەشی و هاوپێگەییە لە ژیانی تایبەت و گشتیدا، بۆیە ئەرکمان قورسە و کاتی ئەوەیە
ڕۆڵ و کاریگەری خۆمان زیاتر بسەلمێنین.