سەفەر سوار، سەرۆکی شارەوانی مێرگەسۆر: ئەمساڵ پێنج پڕۆژە لە سەنتەری قەزاکە جێبەجێ کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

سەرۆکی شارەوانی مێرگەسۆر، ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێم توانیویەتی دەستی ئاوەدانی بگەیەنێتە ھەموو ناوچەیەک، ئەمساڵ لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی مێرگەسۆر پێنج پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کراون، گوژمەی ئەو پڕۆژانەش ملیارێک و ٣١١ ملیار دینار بووە.

سەفەر سوار، سەرۆکی شارەوانی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ڕێگەی شەش کۆڵان لەناو سەنتەری قەزای مێرگەسۆر مابوون، ئەوانیش قیڕتاو کراون، گوژمەی ئەو پڕۆژەیەش ٤٢٩ ملیۆن دینار بوو.
سەرۆکی شارەوانی مێرگەسۆر، گوتیشی: مێرگەسۆر چەند بەشێک لە خۆ دەگرێت، لەناو سەنتەری قەزاکە ھیچ کێشەیەکی وا نەماوە، تەنیا چەند شوێنێک نەبن بۆ ئەوانیش دەرخستە کراوە، ئەگەر وەکو کابینەی نۆیەم، پڕۆژە لە کابینەی دەیەم بەردەوام بن، لە ماوەی ساڵێکدا ھیچ شوێنێکی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی مێرگەسۆر نامێنێت دەستی ئاوەدانی نەگاتێ.
سەفەر سوار، سەرۆکی شارەوانی مێرگەسۆر، ئاشکراشی کرد: ئەمساڵ لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی مێرگەسۆر پێنج پڕۆژەی دیکە جێبەجێ کراون، کە ھەندێک لەوانە جوانکاری و ئاوەڕۆبوون، لەگەڵ قیڕتاوکردنی ڕێگەوبانی کۆڵانەکان، گوژمەی ئەو پڕۆژانەش ملیارێک و ٣١١ ملیۆن دینار بوو، ھەر لە ڕێگەی ڕۆژنامەکەتانەوە دەمەوێت سوپاسی مەلامستەفا بارزانی بکەم، کە بەردەوام پشتگیری لە ئێمە دەکات بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان، سوپاسی غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆریش دەکەم ئەویش ھاوکارێکی باشی ئێمەیە.