هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

شاندێکی باڵای عێراق بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی مێپس گەیشتە هەرێمی کوردستان

شاندێکی باڵای عێراق کە پێکهاتبوو لە ژمارەیەک سیاسەتمەدار، پەرلەمانتار و ڕاوێژکارانی حکوومەتی عێراق بۆ مەبەستی بەشداریکردن لە پێنجەم کۆڕبەندی مێپس گەیشتە هەرێمی کوردستان.

ئەمشەو پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێم کوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازییان لە شاندێکی باڵای عێراق کرد.

شاندەکەی عێراق پێکهاتبوو لە؛ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ژمارەیەکی دیکە لە پەرلەمانتاران و ڕاوێژکارانی حکوومەتی عێراق. بڕیارە وایە ئەم شاندە سبەی هەینی لە شاری دهۆک بەشداریی لە کۆڕبەندی مێپس بکەن.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS2024)

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، سبەینێ لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، لە دهۆک بە بەشداریی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاواز و، ژمارەیەک لە بەرپرسی حزبی و حکوومەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەست پێ دەکات و هەمووان لە دهۆک دەبن. کوردستان24 سپۆنسەری مێدیایی دەکات.

لەبارەی کۆڕبەندەکەوە، د. هونەر عیسا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس2024 بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند “ئەم کۆڕبەندە، بە هاوبەشیی لەگەڵ زانکۆکانی هارڤارد، کامبرێج، ئەتلەنتیک کاونسڵ، ویڵتۆن پارک و کرایسیس ڕیسپۆنس کاونسڵ بەڕێوە دەچێت.”

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لە لایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ڕێک دەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش پێنجەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.