مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، هیوادارین ئەو یادە ببێتە هەوێنی یەکڕیزی و یەک بڕیاری سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانمان و پاراستنی دەستکەوتەکانمان و قەوارەی شەرعی هەرێمی کوردستان و دووبارە نەبوونەوەی ئەو تاوان و کارەساتە جەرگبڕانە.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کارەساتێکی دڵتەزێنە، (٣٨)ەمین بیرەوەری کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەیە، لەو یادە خەمگینەدا هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە کەم وێنەیە دووپات دەکەینەوە، درود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەنێرین.
لە سەروبەندی کۆتایی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران لە (١٦ی ئاداری ١٩٨٨) شاری هەڵەبجە لەلایەنی حکوومەتی ئەوسای عێراق کەوتە بەر دڕندانەترین شاڵاوی کۆمەڵکوژی خەڵکەکەی و وێرانکردن بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی، کە تاوانێکی ویژدان هەژێن و لەبیرنەکراوە.
ئەو هێرشە چەپەڵە جگە لە شەهید و بریندارکردنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە، بووە هۆی شێواندن و تێکدانی سیما و جیۆگرافیای شار و لادێکانی ئەو ناوچەیە، جگە لەوەش دواتر ڕژێمی ئەوسای بەعس دانیشتوانی ناوچەکەی ڕاگواست و تەرحیل کرد.
ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی و خەڵکی سڤیل و خۆڕاگری شاری هەڵەبجە و ناوچەکە، کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بە هەوڵی سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەت و دامەزراوەکان و دڵسۆزان لە ساڵی (٢٠١٠) لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کەیسی هەڵەبجە بە تاوانی جینۆساید ناسرا، تاهەتایە پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچاوانی دوژمنان و ڕژێمە داپڵۆسێنەرەکان و، بۆ هەڵەبجەش هێمای بەرگری و تەحەدای زوڵم و سەردانەواندنە بۆیە وەک سیمبولی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە هزری گەلەکەمان و لاپەڕەکانی مێژووی بەرخۆدان و قبووڵنەکردنی ستەمکاریی بە شکۆمەندی دەمێنتەوە.
لەم یادەدا پشتیوانیی خۆمان بۆ ئاوەدانکردنە و پێشخستنی پارێزگای هەڵەبجە دووپات دەکەینەوە بەتایبەتی ئەو پرۆژانەی پەرەپێدان و خزمەتگوزاری و بوارەکانی دیکە، کە بە دەستپێشخەری و هەوڵ و تەقەڵای بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دران و دەدرێن، هەروەها بە ئەرکی هەموو لایەکی دەزانین هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دانیشتوانی شارەکە بدەین و لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدڕاڵیش قوربانییەکانی چەکی کیمیاوی و خانەوادەکانیان لە هەموو ڕوویەکەوە قەرەبوو بکرێنەوەوە و چارەسەری ژینگەی وێرانکراو و ژەهراویکراوی هەڵەبجەش بکرێت.
هیوادارین ئەو یادە ببێتە هەوێنی یەکڕیزی و یەک بڕیاری سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانمان و پاراستنی دەستکەوتەکانمان و قەوارەی شەرعی هەرێمی کوردستان و دووبارە نەبوونەوەی ئەو تاوان و کارەساتە جەرگبڕانە.
نەمری و سەرفرازی بۆ شەهیدان و قوربانیانی مەرگەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان..
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٦ ـی ئاداری ٢٠٢٦

