حەسەن حەمەد ئاندێکی
لە ساڵیادی لەدایکبوونی رابەری رۆحی (بارزانی نەمر) و خوێندنەوەیەکی مێژووییانە بۆ ئەم سەرکردە کارێزمایە نەمرە، (پ.ی.د. بورهان حاته‌م گۆمه‌تاڵی) كە بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرای هەیە لە مێژووی نوێ و هاوچه‌رخدا لە دیمانەیەكی ڕژنامەی “هەولێر”ـدا ئەوەی خستەڕوو:” بارزانی نەمر توانیی سه‌رجه‌م هێز و بۆچوونه جیاوازه‌كان له‌ژێر یه‌ك ئاڵا و یه‌ك بانگه‌واز، كه بیری شۆڕشگێڕی و كوردایه‌تی بوو، كۆبكاته‌وه. ئاماژەی بەوەیش دا: ” بارزانی نەمر بووه سیمبولی خۆڕاگری و به‌رده‌وامی له خه‌بات و تێكۆشان، به‌شێوه‌یه‌ك زیاتر له په‌نجا ساڵ له ته‌مه‌نی بۆ خه‌بات و شۆڕش ته‌رخانكرد”.
لە چوارچێوەی تیۆری نەتەوەسازی (Nation-Building)، چۆن دەتوانرێت ڕۆڵی بارزانی نەمر لە بنیاتنانی هۆشیاری نەتەوەیی کورد شرۆڤە بکرێت؟ هەروەها ڕۆڵی بارزانی نەمر لە دامەزراندنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد چۆن هەڵدەسەنگێنرێت؟
وه‌ك چه‌مك تیۆری نەتەوەسازی (Nation-Building) بریتییە له پڕۆسه‌ی دروستکردنی هۆشیاری نەتەوەیی و دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییەکان و بەرهەمهێنانی ناسنامەی هاوبەش. لە مێژووی سیاسی کورددا، مه‌لا مستەفا بارزانی یەکێکە لەو كه‌سایه‌تییه هەرە گرنگانەی کاریگەرییەکی قووڵی هەبوو لە گواستنەوەی خەباتی کورد بۆ ئاستی نەتەوەیی، به شێوه‌یه‌ك خەباتی چەکداری کوردی به‌ره‌و خەباتێکی ڕێکخراو گۆڕی. ڕیشه‌ی ئه‌م هزره نه‌ته‌وه‌ییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێخه‌كانی بارزان و شۆڕشگێڕه كورده‌كانی به‌ر له خۆی، كه ئه‌و توانیی به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو دایبڕێژێته‌وه و له خزمه‌ت نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌كاری بهێنێت. بارزانی نەمر له‌وه گه‌یشتبوو، كه سه‌ركه‌وتنی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی پێویسته هاوكات بێت له‌گه‌ڵ گه‌شه‌پێدانی بیری نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه ده‌كرد هه‌وڵ بدات بۆ توانه‌وه‌ی ڕۆڵ و كاریگه‌ری هزری هۆزگه‌رایی و ناوچه‌گه‌رێتی له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
لە تیۆری سەرکردایەتی (Leadership Theory)، بارزانی نەمر لە کوێی پۆلێن دەکرێت: کاریزماتیک، شۆڕشگێڕ، یان ستراتیژیک، چۆن، بۆچی؟
به گوێره‌ی پێناسه‌ی فه‌رهه‌نگی ئۆكسفۆرد سه‌ركردایه‌تی كاریزماتیك جۆرێكه له سه‌ركردایه‌تی، كه له ڕێگه‌ی سیفه‌ته كه‌سێتییه ئه‌رێنییه‌كانی سه‌ركرده‌وه دیاری ده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ڕوانرێته سه‌ركرده كاریزماییه‌كان، كه خاوه‌ن بۆچوونی ئیلهامبه‌خشن و ده‌توانن كاریگه‌ری بكه‌نه سه‌ر شوێنكه‌وتووه‌كانیان. بۆیه سەرکردایەتی کاریزماتیک پشت بە تایبەتمەندییە کەسایەتییەکان و باوەڕی خەڵک بە توانای تایبەتی سەرکردە دەبەستێت. بارزانی نەمریش له ڕیزی سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزماتیكە، چونكه له‌ناو خه‌ڵكی كوردستاندا وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی مه‌زن و ڕێزدار لێی ده‌ڕوانرا، به‌شێوه‌یه‌ك هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی كورد نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته. هه‌روها بارزانی نەمر توانیی سه‌رجه‌م هێز و بۆچوونه جیاوازه‌كان له‌ژێر یه‌ك ئاڵا و یه‌ك بانگه‌واز، كه بیری شۆڕشگێڕی و كوردایه‌تی بوو، كۆبكاته‌وه. له‌لایه‌كی دیكه بارزانی نەمر بووه سیمبولی خۆڕاگری و به‌رده‌وامی له خه‌بات و تێكۆشان، به‌شێوه‌یه‌ك زیاتر له په‌نجا ساڵ له ته‌مه‌نی بۆ خه‌بات و شۆڕش ته‌رخانكرد.
پەیوەندی نێوان کەسایەتی کاریزماتیک و دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییەکان لە ئەزموونی بارزانی نەمر چۆن شیکار دەکرێت؟
یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی به‌رده‌وامبوونی كه‌سایه‌تی كاریزما، بریتییه له كاركردن له‌سه‌ر به دامه‌زراوه‌ییكردنی ده‌زگا و دامه‌زراوه سیاسییه‌كان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بارزانی نەمر به بایه‌خه‌وه كاری له‌سه‌ر به دامه‌زراوه‌ییكردنی دامه‌زراوه سه‌ربازی و سیاسی و كارگێڕییه‌كانی شۆڕش و حزب كردووه. له‌وانه گرنگترینیان دامه‌زراندنی حزبێكی سیاسی (پارتی دیموكراتی كوردستان) بوو، كه سه‌رجه‌م چین و توێژه جیاجیاكانی كوردستانی له ده‌وریدا كۆكرده‌وه، كه په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی و ڕزگاری كوردستانی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتبوو. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی شۆڕشیش دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی كوردستان بوو له ساڵی 1964، كه نوێنه‌ری سه‌رجه‌م لایه‌ن و پێكهاته‌كانی كوردستانی تێدابوو. دوای ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕێكی به‌رفراوانی خاك هه‌ر له زاخۆوه تاوه‌كو خانه‌قین ئازادكرا و كه‌وته ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، بارزانی پێشنیازی دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی كرد، تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه كاروباری سیاسی و سه‌ربازی و كارگێڕی ئه‌و ناوچانه به‌ڕێوه ببرێن. ئه‌م دامه‌زراوه‌یه له چه‌ند نووسینگه و به‌ش پێك ده‌هات له‌وانه: (سیاسی، سه‌ربازی، دادوه‌ری، دارایی، ئابووری، كاروباری ده‌ره‌كی). واته به شێوه‌ی حكومه‌تێكی خۆجێیی كاروباره‌كانی ناوچه ئازادكراوه‌كانی به‌ڕێوه ده‌برد. هه‌روه‌ها دوای تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی كورد و ڕژێمی به‌عس، له نیسانی 1974 دامه‌زراوه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه ئازادكراوه‌كان دامه‌زرا، كه له چه‌ندین ئه‌میندارێتی پێك هاتبوو، له‌وانه: ناوخۆ، ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندن، په‌روه‌رده، لاوان، دارایی، داد، ئه‌وقاف، ته‌ندروستی و، كشتوكاڵ.
بارزانی نەمر چۆن توانیی مێژووی شۆڕشگێڕی بکاتە سەرمایەیەکی سیاسی بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان؟
مەلا مسته‌فا بارزانی له ڕێگه‌ی سه‌ركردایه‌تیكردنی شۆڕشه‌كانی بارزان و دواتر به‌شداریكردنی له كۆماری كوردستان له مه‌هاباد و سه‌ركردایه‌تیكردنی شۆڕشی ئه‌یلوول (1961-1975)، كه ماوه‌درێژترین شۆڕشی كورده، توانیی سیمبولی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی دروست بكات. دواتر ئه‌و سه‌رمایه و سیمبوله نه‌ته‌وه‌ییه گوازرایه‌وه بۆ مه‌یدانی سیاسی. بارزانی نەمر مێژووی خەباتی بۆ ڕه‌وایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و بنیاتنانی هەستێکی (متمانەبەخۆكردن) لە نێو کورددا بەکار برد. ئه‌م ڕه‌وایه‌تییه‌ش دواتر بووه بنه‌مای گوتاری سیاسی له هه‌رێمی كوردستان. بۆیه دوای کۆچی دوایی مەلا مسته‌فا بارزانی، له‌لایه‌ن سەرۆك بارزانی هه‌مان خه‌بات و پڕۆژه‌ی سیاسی درێژه‌ی پێ درا.
هێزێکی سیاسی ئه‌وتۆی دروست کرد، کە توانای هەبوو لە قۆناغی دوای ڕاپەڕینی به‌هاری ١٩٩١ سەرۆکایەتی بگرێتەدەست.
لە ڕوانگەی سیاسەتناسی، چۆن دەتوانرێت میراتی بارزانی نەمر لە نێوان سیاسەتی حزبی و پڕۆژەی نەتەوەیی جیا بکرێتەوە؟
بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی حزبی و پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له میراتی بارزانییدا، ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ تێگه‌یشتنی خودی بارزانی نەمر بۆ چه‌مكی حزب و شێوه‌ی كاركردنی له بواری سیاسی‌دا. هه‌رچه‌نده بارزانی نەمر ڕۆڵی گرنگی له دامه‌زراندنی حزبی سیاسی (پارتی دیموكراتی كوردستان) دا هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و هه‌میشه حزبی وه‌كو ئامرازێك بۆ ئامانجێكی كۆتایی، كه سه‌رخستنی پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه، به‌كارهێناوه، بۆیه لای ئه‌و ڕه‌هه‌نده نه‌ته‌وه‌ییه‌كه بایه‌خی له‌پێشینه‌ی هه‌بووه و حزبی خستووه‌ته خزمه‌تی ئه‌و لایه‌نه‌وه. له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا كاتێك هه‌ستی كردووه ئاراسته‌ی حزب خزمه‌ت به پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ناكات و زیانی لێ ده‌دات، ڕاسته‌وخۆ ده‌ستوه‌ردانی كردووه و سنووری بۆ سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیای حزب داناوه و گه‌ڕاندوویه‌تیه‌وه سه‌ر بنه‌ما نه‌ته‌وه‌ییه‌كه، كه پارتی له‌سه‌ر دامه‌زراوه.
لەم قۆناغەی ئێستادا، لاوانی هەرێم چۆن سەیری کەسایەتی بارزانی نەمر دەکەن؟
مەلا مسته‌فا بارزانی وه‌ك سیمبولێكی نه‌ته‌وه‌یی له كۆیادی تاكی كورددا ماوه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌م وێنه ئه‌فسانه‌یی و كاریگه‌ره له ڕێگه‌ی ده‌ماوده‌م و نووسینه‌وه له نه‌وه‌ی پێشووه‌وه گوازراوه‌ته‌وه بۆ نه‌وه‌ی ئێستا. به‌م شێوه‌یه‌ش لای لاوانی هه‌رێم وێنه‌ی بارزانی نەمر وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزمایی، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر مێژووی هاوچه‌رخی كورد هه‌بووه، به‌ڕوونی ماوه‌ته‌وه.
ئەزموونی بارزانی نەمر لە دیالۆگ و شەڕ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق چۆن دەتوانرێت وەکو مۆدێلێک بۆ چارەسەری کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا بەکار بهێنرێت؟ ڕۆڵی بارزانی نەمر لە بنیاتنانی هێزی پێشمەرگە وەکو دامەزراوەیەکی نەتەوەیی کاریگەرییەکی درێژخایەن چۆن بوو؟
به وردبوونه‌وه له خه‌باتی بارزانی نه‌مر ئه‌وه ڕوونده‌بێته‌وه، كه لای ئه‌و هیچ كاتێك شه‌ڕ ئامانج نه‌بووه، به‌ڵكو ئامرازێك بووه، كه له ڕێگه‌یه‌وه مافه ڕه‌واكانی گه‌لی كورد به‌ده‌ست بهێنێت. بۆیه له‌كاتی شه‌ڕه‌كاندا ئه‌وپه‌ڕی هێزی پێشمه‌رگه‌ی خستووه‌ته گه‌ڕ له‌پێناو به‌رگریكردن له كورد و داخوازییه ڕه‌واكانی، خۆشی له نزیكه‌وه سه‌رپه‌رشتی به‌ره‌كانی شه‌ڕی كردووه. له هه‌مان كاتدا هیچ ده‌رفه‌تێكی ئاشتی و دانوستانی ڕه‌تنه‌كردووه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كات باوه‌ڕیشی به‌وه نه‌بووه، كه ئه‌مه دانوستانێكی ڕاسته‌قینه، به‌ڵام ئه‌نجامی داوه، ئه‌مه‌ش بۆ زیاتر ده‌رفه‌تدان به جه‌ماوه‌ری كوردستان تا هه‌ر هیچ نه‌بێ ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش بێت له شه‌ڕ و هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی دوور بكه‌ونه‌وه. له‌و هه‌وڵه ئاشتیانه‌ش 29ی حوزه‌یرانی 1966 و 11ی ئاداری 1970 بوو، كه ئه‌مه‌ی دوایییان بووه به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی گرنگی مێژوویی و بۆ یه‌كه‌مین جار به فه‌رمی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه دان به مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورددا نرا و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان په‌سندكرا. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی بارزانی نه‌مر وه‌كو مۆدێلێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به‌كاربهێنرێت، به‌ر له هه‌موو شتێك پێویسته جه‌خت له ته‌بایی و یه‌كگرتووی ناوخۆیی بكرێته‌وه، چونكه ئه‌مه هێزێكی گه‌وره‌تر ده‌دات به هه‌ر جووڵه‌یه‌كی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا. هه‌روه‌ها پێویسته جۆره هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان فشار و دانوستانه‌كان دروست بكرێت، واتا له یه‌ك كاتدا فشار له چه‌ندین لاوه بكرێت و دانوستان و گفتوگۆش به‌رده‌وام بێت. بارزانی نه‌مر توانیی هێزی پێشمه‌رگه بگۆڕێت بۆ هێزێكی ڕێكخراو، كه ته‌نیا ئینتیمای بۆ كورد و كوردستان هه‌بێت، سه‌ركردایه‌تییه‌كی شیاو و به‌هێز بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه دابنێت، ڕۆحی نه‌ته‌وه‌یی له‌نێویاندا به‌هێز بكات. ئه‌وه‌ی له تواناشیدا بووبێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی پێشمه‌رگه هه‌ر له خۆراك و جلوبه‌رگه‌وه تا ده‌گاته چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی دابینی كردووه.
تا چەند بیرۆکە و فەلسەفەی سیاسی بارزانی نەمر لە سیستەمی حکومڕانی هەرێمی کوردستاندا دیارە؟
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بیرۆكه و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی بارزانی نەمر له‌سه‌ر چه‌ند پره‌نسیپێك دامه‌زراوه، له‌وانه: نه‌ته‌وایه‌تی و پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه، كه ئه‌مانه‌ش به‌ڕوونی له سیسته‌می حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستاندا به‌رجه‌سته‌ن و به‌شێكن له ستراتیژییه‌تی حكومه‌ت. له‌لایه‌كی دیكه به‌كارهێنانی سیاسه‌تی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ هێزه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان بۆ پاراستنی مافه‌كانی كورد و قه‌واره‌ی هه‌رێم، ئه‌دگارێكی دیكه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی بارزانی نەمر بوو، كه ئێستاکە حكومه‌تی هه‌رێم به‌جدی كاری له‌سه‌ر ده‌كات.
بارزانی نەمر لە مێژووی نوێی کوردستاندا، بۆچی بە “نەمر” ناسراوە؟ تایبەتمەندیی سەرکردایەتیی بارزانی چی بوو کە وایکرد بە شێوەیەکی کاریگەر لە مێژوودا بمێنێتەوە؟
یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته‌كانی سه‌ركرده و ڕێبه‌ری كاریزما ئه‌وه‌یه، كه له‌نێو یادگه‌ی خه‌ڵكدا وه‌ك كه‌سێكی زیندوو و نه‌مر ده‌مێنێته‌وه، بۆیه له‌م سۆنگه‌یه‌وه مەلا مسته‌فا بارزانی وه‌ك كاریزمایه‌ك ناوی له مێژوودا له‌نێو دڵی جه‌ماوه‌ری كوردستاندا به‌زیندوویی ماوه‌ته‌وه. ئه‌و هۆكارنه‌ی كه وایكردووه بارزانی نەمر وه‌ك نه‌مر بمێنێته‌وه، به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌سڵه‌ته‌كانی كه‌سایه‌تی ئه‌و، به‌تایبه‌تی، كه به سیمبولی به‌رخودان و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كورد ناسراوه و خه‌بات و تێكۆشانی به‌رده‌وامی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌ی بووه، هه‌روه‌ها جێگه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بووه. جگه له‌مانه بارزانی نەمر سه‌ركرده‌یه‌ك بووه له‌ناو خه‌ڵك و نزیك خه‌ڵك بووه، نه‌یویستووه خۆی له جه‌ماوه‌ر جیابكاته‌وه، بۆیه لای سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا خۆشه‌ویست بووه، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی ڕۆژانێك به هه‌ر هۆكارێك بووبێت دژایه‌تییان كردبێت، دانیان به خه‌سڵه‌ته ئه‌رێنییه‌كانی ناوه.
چۆن دەتوانرێت کەسایەتی بارزانی نەمر بە شێوەیەکی زانستی لە نێوان “ڕەمزی نەتەوەیی” و “سەرکردەی سیاسی”دا هەڵبسەنگێنرێت؟
مەلا مسته‌فا بارزانی له مێژووی كورددا وه‌كو سیمبولێكی نه‌ته‌وه‌یی ناسراوه، به‌هۆی كاریزماییه‌كه‌یه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵك دروستكردووه، بۆیه وه‌ك به‌شێك له مێژوویه‌كی پڕشنگداری كورد له‌نێو زه‌ینی خه‌ڵكدا ده‌مێنێته‌وه. هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی بارزانی نەمر خۆی دامه‌زرێنه‌ری پارتی بووه و خۆشی تا له ژیاندا بووه سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ی گرتووه‌ته ده‌ست، بۆیه وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسییش ناسراوه. ته‌نانه‌ت هه‌ر خۆی سه‌ركردایه‌تی دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی ئه‌یلوول و حكومه‌تی عێراقی كردووه. به‌م شێوه‌یه‌ش بارزانی نەمر له‌یه‌ك كاتدا هه‌م ڕه‌مزێكی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌م سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی بووه.
چ جیاوازییەک لە نێوان خوێندنەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ کەسایەتی بارزانی نەمر هەیە؟
له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆییدا بارزانی نەمر وه‌ك كاریزما و سیمبول و ناسنامه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كوردی ده‌بینرێت، كه زیاتر له په‌نجا ساڵی ته‌مه‌نی خۆی له‌پێناو خه‌بات و تێكۆشان به‌سه‌ربرد، هه‌روه‌ها سه‌ركردایه‌تی درێژترین شۆڕشی كورد (شۆڕشی ئه‌یلوول)ـی كردووه. له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كییش بارزانی نەمر وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كاریگه‌ری كورد وێناكراوه. ئه‌مه‌ش زیاتر له وه‌سفی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه بیانیانه ده‌رده‌كه‌وێت، كه كاتی خۆی سه‌ردانی “بارزانی نەمر”ـیان كردووه و له نزیكه‌وه قسه‌یان له‌گه‌ڵدا كردووه. بۆ نموونه ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌مریكی (دانا ئاده‌مز شمیدت) له كتێبی (سه‌فه‌رێك بۆ ناو پیاوه ئازاكان له كوردستان)دا ده‌ڵێت: “بارزانی هێمای جووڵانه‌وه‌ی نیشتمانی كورده، مێشكی بیركه‌ره‌وه‌ی شۆڕشی كوردی عێراق و سه‌ركرده‌ی سه‌ربازی و پێشه‌وای سیاسییه. دڵ و مێشكی ئه‌و پیاوه پڕاوپڕ له مه‌زنترین خۆشه‌ویستییه بۆ كوردستان ئه‌و پیاوه مه‌زنترین سام و شكۆی له كوردستان بڵاوكردۆته‌وه”.
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌نووسی ڤەرەنسی (ڕێنیه مۆرێس) له كتێبی (كوردستان یان نه‌مان) ده‌ڵێت: “بارزانی بۆته سیمبولی خه‌باتی كورد نه‌ك ته‌نیا هه‌ر له ناوخۆی كوردستان و عێراق، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، شیاوترین كه‌س بووه له وڵاته‌كه‌ی بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنی شۆڕش.”
كریس كۆچێراش له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “بارزانی ڕێبه‌ری شۆڕشی كورد بووه بۆ ماوه‌ی زیاتر له نیو سه‌ده، كه‌سێك كه سه‌ختترین خه‌بات له‌پێناو پرسی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات، سه‌رباری ئاسته‌نگ و زه‌حمه‌تییه‌كان و بێ بوونی پاڵپشتی، ده‌بێ چ پاڵه‌وانێك بێت؟! بارزانی نەمر به‌وپه‌ڕی په‌رۆشی و حه‌ماسه‌ته‌وه ده‌جه‌نگا، كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزی هه‌بوو، ئاگاداری ڕووداوه سیاسییه‌كان بوو. من خۆشحاڵ بووم، كه ئه‌وانه‌ی له‌دژی ده‌جه‌نگان ئه‌و ڕاستییه‌یان ده‌زانی، بۆیه جارێكی دیكه ده‌ڵێم: ده‌سه‌ڵاتی بارزانی نەمر زۆر بوو، ته‌نیا ئه‌وه بوو پاشایه‌كی بێتاج بوو”.

