ڕائیب جادر – هەولێر
سەد و بیست و سێ ساڵ بەسەر لە دایکبوونی ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، بارزانیی نەمر تێدەپەڕێت، کە ھەموو ژیانی خۆی بۆ خەبات و ڕزگارکردنی گەلەکەی لەژێر دەستی و گەیشتن بە سەروەری و ئازادی تەرخان کرد بوو.
ساڵانە بۆ ڕێز گرتن لە خەبات و بەرخودانی سەرکردە و باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد و دووپاتکردنەوەی سۆز و پەیمان لەگەڵ ڕێبازی بارزانیی نەمر بە ھەزاران کەس لە چین و توێژە جیاجیاکانی کوردستان و کوردستانیانی پارچەکانی دیکە سەردانی مەزاری نەمران دەکەن و ئەو یادە بووەتە کەڕنەڤاڵێک بۆ دووپاتکردنەوە و بەڵێنی وەفاداربوون بە ڕێبازی بارزانیی نەمر، لە ھەمانکاتدا بە ھەزاران نەمام دەچێنرێن بۆ زیاتر سەوزکردنی خاکی کوردستان.
بارزانی ئەو سەرکردە مەیدانییە بوو، کە گەلی بە سەرچاوەی بڕیار و، حیزبیشی بە ئامرازی خزمەتی گەل و خۆشی بە خزمەتکاری گەل دەزانی، ئەو لە مێژوویی سیاسی خۆیدا، بڕوای تەواوی بە تۆلیرانس و پێکەوە ژیان ھەبوو و کاری بۆ کردووە و، ھەموو کات دادپەروەر و یەکسانیخواز و، ئازاو جوامێر و سەرکردەی مەیدانی جەنگ و سیاسەت بووە.
بارزانیی نەمر، یەکێکە لە ڕابەرە گەورە و ناسراوەکانی کورد و کوردستان و بەھۆی ئەو خەباتە جیاکار و نموونەی لە پێناو ئازادی و سەربەستی دا بە درێژایی زیاتر لە نیوسەدە ئەنجامیدا و ڕۆڵێکی وەرچەرخێنەری لە مێژوودا تۆمارکرد، چەند زەمەن دەگۆڕێ و بەرەوپێش دەڕوات وێستگە و قۆناغ و ئاکام و ئاراستەکانی ئەو مێژووە مۆرک و ڕەنگدانەوەیان بەسەر واقیع و قۆناغە تازەکاندا پرشنگدەداتەوە، ئەمەش گرنگی شێواز و ڕەوتی تێکۆشانی بارزانیی نەمرە، وەک ڕابەرێکی مێژوویی ئێستا دەبینین لە پشت زیاتر لە نیو سەدە خەباتی ناو و فیکر و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بارزانیی نەمر، ئامادەییەکی کارایی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەیی لە کوردستاندا ھەیە و بووەتە پێداویستییەک بۆ سەلماندن و داکۆکی کردن لە ناسنامەی نەتەوایەتی و چارەی کێشەی ڕەوای ئەم گەلە.
ژیانی منداڵی
بارزانیی نەمر، ناوی تەواوی (مستەفا کوڕی شێخ محەممەد بارزانی)ـیە، لە ١٤ی ئاداری ١٩٠٣ لە بنەماڵەیەکی ئایینپەروەر و نەتەوەیی لە گوندی بارزان، لەدایکبووە، لە تەمەنی سێ ساڵاندا، کاتێک کە بارزانیی نەمر بەر ھەڵمەتێکی عوسمانییەکان دەکەوێت و دوای بەدیلگرتنی شێخ عەبدولسەلامی برا گەورەکەی، لەگەڵ دایکیدا بۆ ماوەی ٩ مانگ، زیندانی دەکرێت.
سەرکردایەتیکردن
لە ساڵی ١٩١٩ بەشداری شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەکات و سەرکردایەتیی ھێزێکی ٣٠٠ کەسی پێ دەسپێردرێت، دواتر لە ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە دەنێردرێت بۆ لای شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی باکوور بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن لەگەڵ شۆڕشەکەیدا.
لە شۆڕشەکانی ساڵی ١٩٣١- ١٩٣٢ بۆ بەرگریکردن لە میحوەرەکانی (مێرگەسۆر و شێروان)، فەرماندەیی ھێزێکی گەورەی دەکرد کە بەرامبەر ھێزەکانی ئینگلیز دەجەنگان، لەوێشەوە ناوبانگی وەک سەرکردەیەکی سەربازیی بەتوانا و شارەزا، دەرکرد.
لە ساڵی ١٩٣٢، حکوومەتی عێراقی سەردەمی پاشایەتی، بە پشتیوانیی بەریتانییەکان، ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی کورد کە لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە سەرکردایەتی دەکرا، دوای بەدیلگرتنی شێخ ئەحمەد، بارزانیی نەمر، دەستی کرد بە سەرکردایەتیکردنی ھێزەکان و ڕێکخستنەوەیان.
دوای ساڵێک، حکوومەتی عێراق لێبووردنی گشتی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانییەکان دەرکرد، بۆیە لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٦ تا ١٩٤٣، چالاکیی سەربازی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە ڕاگیرا، تا لە ساڵی ١٩٤٣ دووبارە بزووتنەوەی کوردی و خەباتی پێشمەرگایەتی، بەسەرکردایەتیی بارزانیی نەمر، دەستی پێکردەوە.
جەنگی جیهانیی دووەم
بارزانیی نەمر، توانی دۆخی جەنگی دووەمی جیھانی و کودەتاکەی سەر حکوومەتی عێراقی کە بە سەرکردایەتیی بەکر سدقی بەڕێوەچوو، لە خزمەت دۆسیەی کورد بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە بارزان، لەوێ ھەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتدا پچڕاند و داواکارییەکانی حکوومەتە لاوازەکەی بەغدای ڕەت کردەوە کە داوای دەکرد، بزووتنەوە پێشمەرگایەتییەکەی، ڕابگرێت.
حکوومەتی عێراق بەردەوام بوو لە سازشکردن، تا ئەو کاتەی بارزانیی نەمر توانی ھەموو داخوازییەکانی ئەو کاتیان بەسەردا بسەپێنێت، ئەوەبوو ژمارەیەک ئەفسەری کورد ئیدارەی ناوچەکەیان بەسەرپەرشیی وەزیرێکی کورد گرتە دەست و دواتر ئەو وەزیرە کوردە و ئەفسەرەکان لە بری حکوومەتی عێراق، فەرمانەکانیان لە بارزانیی نەمر وەردەگرت، شارەزایی سەربازیی ئەفسەرەکانیش لە کاروباری سەربازیدا سوودیان لێوەرگیرا و توانرا ناوچەکە توندوتۆڵ بکرێت و ھێزێکی پێشمەرگەی ٢٥٠٠ کەسی پێکبھێنرێت، لە ئەنجامدا حکوومەتی بەغدا کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی بەدەستەوە نەما، بەڵام دوای زیاتر لە ساڵێک حکوومەتی عێراق، توانی ھێزێکی زۆر کۆبکاتەوە و ھێرش بکاتەوە سەر ناوچەی بارزان، لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوول و تا سەرەتای تشرینی یەکەمی ١٩٤٥، شەڕێکی قورس ڕوویدا و ھێزەکانی پێشمەرگە بەرگرییەکی سەختیان کرد، دواتر کشانەوە بۆ ناوچەی (کانی ڕەش) لەسەر سنووری تورکیا.
جەنەڕاڵ و فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان
لە ١٥ی ئابی ١٩٤٥ لە ئێرانەوە دامەزراندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕاگەیاندرا، دوای ماوەیەکی کەم، سەدای پارتی گەیشتە ناوچەکانی کوردستان و توانرا چەندین بڵاوکراوە بە خەڵکی کوردستان بگەیەنرێت، بۆیە حکوومەتی عێراق دەستی کرد بەدەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی.
لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦، لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد، بارزانیی نەمر لەلای دەستە ڕاستی قازی محەممەد وەستابوو، لەوێدا بە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و پلەی “جەنەڕاڵ”ـی پێبەخشرا.
لە ساڵی ١٩٤٥ و دوای کۆتاییھاتنی جەنگی دووەمی جیھان و کشانەوەی ڕووسیا لە ئێران و کۆتاییھاتنی کۆماری مەھاباد، ھێزەکەی بارزانیی نەمر و ھێزەکانی ئێران پێکدائاڵان و شەڕ درووستبوو، لەوێ ھێزەکانی کوردستان دوای بەرگرییەکی توند، توانییان خۆیان بگەیەننە ناوچەکانی سنووری یەکێتیی سۆڤیەتیی جاران، ماوەی ١٢ ساڵ لەو وڵاتەدا مانەوە. لەسەرەتاوە بارزانیی نەمر لە ئازەربایجان و ئۆزبەگستان نیشتەجێبوو، پاشان بۆ مۆسکۆ گواسترایەوە، زمانی ڕووسی و ھونەرکارییەکانی سەربازی و زانیاریی ئابووری خوێندووە. لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨دا گەڕایەوە عێراق، ئەویش پاش شۆڕشی ١٤ی تەمووز بوو کە عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی لە عێراقدا گرتبووە دەست و سیستەمی کۆماری ڕاگەیاندبوو، لە کاتی گەڕانەوەیدا سەروەری و ڕێز و نەوازشێکی زۆری لێنرا، بەڵام بەھۆی پابەندنەبوونی حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم بەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو و ھەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی کورد، لە ئەیلوولی ١٩٦١ بارزانیی نەمر شۆڕشی دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕاگەیاند، لەبەگژداچوونی دژی دەسەڵاتدارانی عێراق ھەتا ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ بەردەوام بوو.
ڕێککەوتنامەی ئادار
لە ساڵی ١٩٦٨، گۆڕانکاری بەسەر سەرکردایەتیی عێراقدا ھات و کودەتای دووەمی بەعسییەکان ئەنجامدرا، بارزانیی نەمر و حکوومەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد، بەرھەمی گفتوگۆکان ڕێککەوتنی ئاداری ١٩٧٠ی لێکەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو ڕێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانیی عێراق و زمانی کوردیش لە دامودەزگاکانی فێرکردن، دەبێتە زمانی فەرمی، جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستان جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆی حوکمی خۆی دەکات، بەڵام دواتر حکوومەتی عێراق خۆی لە ڕێککەوتنەکە دزییەوە و پاشان لەگەڵ ئێران لەسەر دژایەتیکردنی کورد ڕێککەوتن و لە ساڵی ١٩٧٥ ڕێککەوتننامەی جەزائیریان واژۆ کرد.
هەوڵی تیرۆرکردن
لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧١، ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر دەدرێت. لەمبارەیەوە سەیف دووری، مێژوونووسی عێراقی ئاماژەی بەوە داوە، لە ٢٩ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧١ و دوای زیاتر لە ساڵێک لە واژۆکردنی بەیاننامەی ئادار لە نێوان کورد و بەغدا، نازم گزاز، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی گشتیی عێراق ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر، سەرکردەی کوردی دا و ھەوڵەکەی شکستی ھێنا.
ھەوڵەکە لەڕێگەی شاندێکەوە بوو کە لە ١٠ پیاوی ئایینی پێکھاتبوو، ئەوان لە بەغداوە چوون بۆ سەردانی بارزانی بۆ نێوانگیری و ڕاگرتنی شەڕی نێوان شۆڕشگێرانی کورد و سوپای عێراق.
نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی
بارزانیی نەمر، لە دوای ساڵی ١٩٧٥، بەمەبەستی چارەسەرکردن، دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە ساڵی ١٩٧٩ و لەتەمەنی ٧٦ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون کۆچی دوایی کرد، لە ٤ی ئاداری ھەمان ساڵ، تەرمی بارزانیی نەمر گەیشتەوە تارانی پایتەختی ئێران، دواتر بە ھێلیکۆپتەر، گەڕێندرایەوە شاری شنۆی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و لەلایەن سەدان ھەزار کەسەوە لە پەنابەرانی کوردستانی عێراق و خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و کوردانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، پێشوازی لێکرا، ڕۆژی ٥ ئادار، بە ئەمانەت بە خاک سپێردرا.
لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣، ڕووفاتی بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانی، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە، گەڕێندرانەوە ھەرێمی کوردستان و لە زێدی لەدایکبوونیان لە بارزان، بەخاک سپێردران.

